لێدوانی ڕۆژنامەوانی

سەرکردە ئاینییەکان لە گروپێکی هەمەچەشنی ئایینەکان لە پارێزگای کەرکوك یەکدەگرن بۆ پشتگیریکردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیی لە عێراق

١٤ ئاب ٢٠٢٢

هەولێر، عێراق، 14ى ئاب 2022 - بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، بەچاودێریی سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران ووەزارەتی كۆچ وکۆچبەرانی عێراق وپارێزگاری كەركوك، كۆتایی هێنا بە کۆنفرانسێکی نێوان ئایینەكان بۆ زیاتر لە پەنجا سەرکردەی ئایینی لە پارێزگای کەرکوك.

ئەو کۆنفرانسە کە دوو رۆژی خایاند پێنجەمین کۆنفرانس بوو لە زنجیرەیەك کۆنفرانسدا کە تایبەتکراون بە پارێزگا ئازادکراوەکان پاش لەناوبردنی داعش. هەموو تائیفە ئاینییە سەرەکییە جیاوازەکانی کەرکوك نوێنەرایەتیان هەبوو، لەوانە موسڵمانانی سوننە وشیعە ومەسیحییەکان وسابیئە مەنداییەکان وکاکەییەکان وبەهائییەکان. سەرکردە ئاینییەکان رێککەوتن لەسەر پشتگیریکردنی ئامادەیی جڤاکە خۆجێییەکان بۆ یەکخستنەوەی خێزانە ئاوارەبووەکان وپێکەوە کارکردن وپێکهێنانی تۆڕێکی هاوبەش لە پێناو ڕێگرییکردن لە توندوتیژیی وتوندڕەویی لە پارێزگای کەرکوك.

پێشتر کۆنفرانسی سەرکردە ئاینییەکان لە پارێزگاکانی ئەنبار ودیالە ونەینەوا وسەڵاحەدین لە هەر دوو ساڵی 2021 و 2022 دا ئەنجامدران لە چوارچێوەی بەرنامەی سەركردە ئایینیەكان سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان، بە پشتیوانی دانیمارك وئەڵمانیا، بە مەبەستی برودان بە بەدهێنانی ئامانجی 16 لە ئامانجەكانی پەرەپێدانی بەردەوام تایبەت بە ئاشتیی ودادپەروەریی ودامەزراوەی بەهێز.

لەو بارەیەوە نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، خاتوو زێنە عەلی ئەحمەد گوتی: "ئەم کۆنفرانسە ستایشی هەمەچەشنیی دەکات وهانی هەستکردن بە یەکڕیزیی دەدات لە تەواوی پارێزگای کەرکوکدا. هاوبەشیی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پتەوکردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیی وڕێگریکردن لە توندڕەویی وتوندوتیژیی لە سەرتاسەری ئەم پارێزگایانەدا و لە نێوان کەسایەتییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگادا زۆر گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ پێکەوەژیان ویەکخستنەوەی بەردەوام".

بە گوتەی دکتۆر عەبدولکەریم کازم عەجیل، نوێنەری سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، گوتی: "کۆنفرانسی ئەمڕۆ تیشك دەخاتە سەر رۆڵی سەرەکی پیاوانی ئایینی لە گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی لێبوردەیی و ڕەتکردنەوەی توندوتیژی لە پارێزگای کەرکوک. ئەمەش بە پاڵپشتی دەنگە میانڕەوەکانیان، و زۆرێک لە ئاوارەکان كە توانیویانە بگەڕێنەوە شوێنەكانیان. "

لەلای خۆیەوە، عەلی عەباس جیهانگیر، بەڕێوەبەری گشتی بەشەكانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، گوتی: "كۆمەڵگەی عێراق نوێنەرایەتی چەندین مەزهەبی جۆراوجۆر دەكات، هەر بۆیە پێویستە ئێمە لەگەڵ سەركردە ئاینییەكان و زانایان كۆببینەوە و رۆڵی ئەوان تاوتوێ بكەین بۆ پشتگیریکردن لە سەقامگیری و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە ئەنجامی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری خێزانەکان دروست بووە. "

هەروەها بەڕێز عەلی حەماددی عەبد، یاریدەدەری تەکنیکی پارێزگاری کەرکوک، گوتی: "پێویستە جەخت بکەینە سەر بەهێزکردنی یەكڕیزی کۆمەڵایەتی بۆ بەرزکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان، بەتایبەتی لەنێوان کۆمەڵگەی هەمەچەشنی پارێزگاری کەرکوک. پێشبینی دەکەین ئەم هەماهەنگییە هانەدرەێكی زیاتر بێت بۆ برودان بە پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی."

لە ساڵی 2020 دا، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بەرنامەیەکی پێنج ساڵەی بەگەڕخست تایبەت بە پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی بۆ برەودان بە کۆمەڵگەی بەهێزتر وئاشتیخوازتر ویەکگرتووتر لە هەموو ناوچەکانی عێراقدا.

مەریەم پینۆ

به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان
ڕاوێژكاری پڕۆژە لەبواری ڕاگەیاندن و داكۆكی

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان
به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت