ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان یادی ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەنەوە
١٤ ئازار ٢٠٢١
١٤ی ئازار، ٢٠٢١ - ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان، ڕاسپاردەی خۆیان بۆ ئەجێندای ژنان، ئاشتی و ئاسایش لە یادی ڕۆژی جیهانی ژناندا لە هەولێر نوێکردەوە.
لە ژێر ناونیشانی “ژنان لە ڕابەرایەتیدا: بەدەستهێنانی داهاتوویەکی یەکسان لە جیهانی کۆڤید”، ئەنجومەنی باڵای خانمان و هاوبەشەکانیان، چەندین ژنی چالاکوان و سەرکەوتوویان لە سێکتەرەکانی تەندروستی، کۆمەڵایەتی، پەروەردە و کلتوریدا خەڵاتکرد بۆ دەستکەوتەکانیان لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا.
ئەم بۆنەیە بە بەشداریی د. خانزاد ئەحمەد، سکرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نوێنەرانی هەردوو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان و ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەچوو.
لە وتەکانیدا، د. خانزاد تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژنان، بە تایبەتی لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا و هەڵبژاردنی داهاتوو، جەختی لەسەر گرنگیی ڕۆڵی ژنان کردەوە لە بەشداریکردنیان لە کایەی سیاسیدا لە هەرێمی کوردستان. هەروەها سوپاسی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە بۆ هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی تواناکانی ژنان و هاندانیان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجێندای ژنان، ئاشتی و ئاسایش لە عێراق.
ئومێد خۆشناو لە میانی قسەکانیدا باسی لە پێویستیی بەهێزکردنی تواناکانی ژنان لە ڕووی داراییەوە و کەمکردنەوەی توندوتیژیی دژی ژنان کرد، وهەروەها باسی لەوە کرد کە کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر زیانی بە ژنان گەیاندووە، و سوپاسی هەموو ئەو ژنانەی کرد کە کار دەکەن بۆ هاوکاریکردنی خێزان و کۆمەڵەگەکانیان.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان پاڵپشتی خۆیان دووپات دەکەنەوە بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەزیی کە کار دەکاتە سەر گەشەپێدانی ژنان، بە زیادکردنی هەماهەنگی لەنێوان ڕێکخراوەکانی ژنان و حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم، هەروەها هاندانی ژنان بۆ بەژداریکردن لە کایە سیاسییەکان و ئاستەکانی بڕیاردان لە هەموو سێکتەرەکاندا.
![Musab Othman](/sites/default/files/styles/thumbnail/public/2021-03/UN%20Women%20comms%20Musab%20Othman.jpg?h=1677f012&itok=2xguFkIv)