راهێنانەکانی رێکخراوی یونیدۆ لەبارەی پێشەنگی کار هیوایەك بە ئایندەی ئاوارە ناوخۆییەکان دەبەخشێت
هەندێ شتم لەدەست داون بە هۆی ئەوەی نەچوومەتە قوتابخانە
هادی نایف سادۆ لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا وازی لە قوتابخانە هێناوە لەبەر ئەوەی ناچار بووە بۆ پشتیوانی خیزانەکەی کار بکات. دوو ساڵ پاشتر، گروپی (داعش) گوندەکەیانی لە نزیك شەنگال داگیر کرد و ناچار بە هەڵهاتن بوون. ئێستا تەمەنی ٢٢ ساڵە و لە چادرێکی کامپی شێخان لە پارێزگای دهۆك دەژیت. لەماوەی ئەم مانگەدا، چەند راهێنانێکی وەرگرت کە لە کۆتاییدا وای لێ کرد داهاتوویەك بۆ خۆی وێنا بکات.
هادی یەکێكە لە ٢٠ دانیشتوی دیکەی کامپی شێخان بەشداری خولی راهێنانی پێشەنگی کار دەکات کە بەشێکە لە پرۆژەی رێکخراوی پەرەپێدانی پیشەسازیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیدۆ) کە لەلایەن حکومەتی یابانەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت.
"هەندێ شتم لەدەست داون بە هۆی ئەوەی نەچوومەتە قوتابخانە،" ئەو لە نیوەڕێی ئەو راهێنانە وەها دەڵێت کە هیوایەك بە ئایندەی دەبەخشێت. "ئێستا فێری ئەوە بووم ئەگەر جارێك شکستم هێنا، ئەوا دەتوانم هەوڵ بدەمەوە و دووبارە هەستمەوە."
پرۆگرامی ئەم راهێنانە ١٥ رۆژییە کە لەلایەن حکومەتی یابانەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت تواناکانی پێشەنگی کار و بەڕێوەبردنی کار فێری بەەشداربووان دەکات. بەشداربووان فێری ئەوە دەکات خواست و پێداویستییەکانی بازاڕ هەڵبسەنگێنن و چۆن بتوانن شێوازێکی کار دروست بکەن کە ئەو پێداویستییانە پڕ بکاتەوە. لە کۆتایی پرۆگرامی راهێنانەکەدا، بەشداربووان هەندێك کەرەستە و کەلوپەلیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی کاری خۆیانی پێ دابمەزرینن.
هادی بۆ چەندین ساڵ کاری جۆراوجۆری ئەنجام داوە، وەك کارکردن لە شوێنی بیناسازی، وەك شۆفێر، لە کارگەکاندا، بەڵام خەونی ئەوەیە ببێتە خاوەنی دوکانی خۆی. براکەی دوکانێکی وێنەگرتنی هەیە و هادی حەز دەکات بە شوێنپێی ئەودا بڕوات.
لەو راهێنانەی یونیدۆدا، تێڕوانینی ئەو لەبارەی ئەوەی کە مومکینە فراوانتر دەبێت و بیر لە داهێنانی دیکە لە شێوازی کاری خۆی دەکاتەوە، وەك کاری خزمەتگوزاریی مۆبایل. ئەو فێری ئەم کارە و ئەو هونەرانەی پەیوەندیکردن دەبێت کە پێویستن بۆ ئەوەی ئەم تێڕوانینە بکاتە راستی.
"من ئێستا باوەڕم بە خۆم هەیە،" هادی وا دەڵێت. "باوەڕم بە خۆم هەیە کە بتوانم کارەکەی خۆم زۆر بە باشی بەڕێوە ببەم."
رزگار تەها راهێنەرێکی رێکخراوی یونیدۆیە کە وانە بە هادی و هاوپۆلەکانی دەڵێتەوە. رزگار بۆ چەندین ساڵ خولەکانی راهێنان پێشکەش دەکات، بەڵام ئەو دەڵێت ئەم گروپەی کامپی شێخان یەکێك بووە لەو گروپە زەحمەتانەی لە کارەکەیدا بینیویەتی. راهێنراوەکان هەموویان خەڵکی ناوچەی شەنگالی سەر بە پارێزگای نەینەوان لە باکوری عێراق. ئەوان بە هۆی داعشەوە دووچاری زۆر نەهامەتیی دڕانە بوونەتەوە.
"هەموو کات، غەمباری لە چاوەکانیاندا دەبینم،" رزگار سەبارەت بە راهێنراوەکان وەها دەڵێت کە بە یادەوەریی دڕندەکارییەکانی داعش داگیر کراون. تەنانەت گەنجانی وەك هادیش سەبارەت بە ئایندەی خۆیان گەشبین نین. "ئەوان لەژێر فشارێکی زۆردان."
نیوەی یەکەمی پرۆگرامی راهێنانەکە جەخت دەخاتە سەر دروستکردنی متمانە بەخۆبوون و پێداچوونەوە بە تایبەتمەندییەکانی پێشەنگی کار. نیوەی دووەم باس لە لایەنی کرداریی دانانی پلانی کار و ستراتیژەکانی بەبازاڕکردن دەکات. رزگار ووتی ئەو بەشی یەکەمی پرۆگرامەکەیی لە کامپی شێخاندا درێژتر کردووەتەوە چونکە پێی وابووە کە بەشداربووەکان زیاتر پێویستییان بەوە هەبووە "کار لەسەر باوەڕبەخۆبوون بکەن."
ئەو ووتی، لە رۆژی هەشتەمی پرۆگرامەکەدا تێبینیی پێشوەچوونیان کرد. ئەو متمانەی لە ناخی راهێنراوەکاندا دروست کرد و ئەوانیش ئاسوودەتر بوون و ئیدی چێژیان لە خولەکە دەبینی.
"دوێنێ و رۆژی پێشووتر، دەستیان بە پێکەنین کرد،" رزگار ووتی.
رزگار هیوای وایە کە ئەم راهێنانە نەك تەنها یارمەتییان دەدات لەوەی کاریان دەست بکەوێت و کاری خۆیان بەڕێوە ببەن، بەڵکو هەروەها بیر لە بنیاتنانی ژیانێکی باشتریش دەکەنەوە، ژیانێك کە تێیدا هەست بە ئاسایش و سەلامەتی بکەن.
"من تەنها ئەوەم دەوێت بە هەندێك هیواوە لەم راهێنانە دەربچن."
کانی کەریم هەنگاو بە هەنگاو باوەڕبەخۆبوون پەیدا دەکات. ئەم خاتوونە ٢٧ ساڵییە خەڵکی شارۆچکەی شەنگالە و لەوێ وەك بەرگدوورێك لە دوکانی خوشکەکەی کاری دەکرد تا ساڵی ٢٠١٤ کە خۆی و خێزانەکەی لەدەست داعش هەڵهاتن. لە کامپی شێخاندا، هاوسەرگیریی کرد و ئێستا کچێکی پێنج ساڵانی هەیە.
لەوەی لە کامپەکەدا دەژیت، کانی کەمێك کاری دوورینی کردووە و ئافرەتانی دیکەیشی فێری ئەو کارە کردووە. ئەو ئافرەتێکی بەهرەمەندە، بەڵام نەیزانیوە چۆن ئەزموونەکەی خۆی بۆ کارێکی بایەخدار پەرە پێبدات. ئەمەیش ئەو توانا و شارەزاییانەیە کە لە پرۆگرامی راهێنانەکەی رێکخراوی یونیدۆدا فێریان دەبێت. ئەو خۆی لە خولەکەدا تۆمار کرد
"چونکە دەمویست پەرە بە کارەکەم بدەم، توانا و هونەرەکانی خۆم نیشان بدەم و، دوکانێك بۆ خۆم دابنێم."
"لە سەرەتادا، متمانەم بە خۆم نەبوو، بەڵام ئێستا هەست دەکەم بەهێزترم، دەتوانم رکابەری بکەم، داهێنەرم و پاڵنەریشم هەیە،" کانی وای ووت.