لێدوانی ڕۆژنامەوانی

پەیامی نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، خاتو جینین هێنیس-پلاسخارت، لە ٧٥ ەمین ساڵیادی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان

٢٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٠

٧٥ ساڵ لەمەوبەر، نەتەوە یەکگرتوەکان لەناو پاشماوەی وێرانیی جەنگی دووەمی جیهانیدا لەدایک بوو. عێراق لەو کاتەدا وەک دەوڵەتێکی ساوا بەڵام خاوەن مێژوویەکی له‌ڕادده‌به‌ده‌ر دەوڵەمەند هەبوو و رۆڵی خۆشی وەک ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە داڕشتنی ئایندەی هاوبەشی مرۆییدا بینی.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش، هەروەک خەڵکی عێراق، لە زیانی ئه‌و شەڕانه‌ى كه‌ به‌رۆكى ئەو وڵاتەيان گرتبوو بەدەر نەبوو. لە ١٩ی ئابی ٢٠٠٣ دا بارەگایەکەی لە بەغدا بە تەقینەوەیەکی هەژێنەر وێران بوو. ئەمەش تەنها یەکێک بوو لەو چەندان تەقینەوە زۆرەی کە بە درێژایی ساڵانی شەڕ بەغدای پایتەختیان کردە ئامانج دژی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام درا. لەو تەقینەوەیەدا، ٢٢ کەس بوونە قوربانی و ١٥٠ی تریش برینداربوون. شایانی باسە، نوێنەری تایبەتیی پێشووی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێز سێرجی دی میلیۆ، لەناو کوژراوەکاندا بوو. ئەم بەروارە هەمیشە ناخمان دەهەژێنێت. لەلایەکی ترەوە، هەبوونی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) و ئاژانس و فەند و بەرنامەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهەماهەنگیی چڕوپڕ لەگەڵ حکوومەتە یەکلەدوایەکەکاندا، یارمەتیی بەگەڕخستنی پشتگیریی نێودەوڵەتییان بۆ عێراق داوە لەوکاتەی کە ئەو ڕوبەڕووی چەندان ئاڵنگاریی سەخت بووەتەوە و هەوڵەکانیش تا ئەمڕۆ هەر درێژەیان هەیە.

لەو کاتەی کە داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا بەشێکی زۆری عێراقی داگیر کرد، کە بووە مایەی ئاوارەکردنی ملیۆنان عێراقی، نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵەکانی چەندقات کردەوە بۆ پاراستن و پەنادان و خۆراک دابینکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ خەڵکی ئاوارە و هەروەها دڵنیابوون لە گەڕانەوەی شکۆمەندانە و سەلامەتیشیان دوای کۆتاییهاتنی شەڕ. بۆ ئەم مەبەستەش، بە ملیاران دۆلار لە یارمەتیی مرۆیی و ئاوەدانکردنەوە و پروسەی سەقامگیرکردن و گەشەپێداندا و په‌يدا كرا و خەرج کرا. هەوڵەکان بەشێوەیەکی هاوتەریبانە چەقیان خستە سەر ئاوڕدانەوە لە مافی مرۆڤ و دادپەروەری و لێپێچینەوە و یەکسانیی جێندەری و پشتگیریکردن لە پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنيش و ئەمەو جگە لە چەندین بەرنامەی جۆراوجۆر لە بوارە سەرەکییەکانی وەک تەندروستیی گشتی و ژینگە و پەروەردە و گەشەپێدانی درێژخایەندا.

ئێمە ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک بەشێوه‌يه‌كى تۆكمه‌ به‌ یەکگرتوویی دەمێنینەوە. رێکخراوی تەندروستی جیهانی شانبەشانی دەسەڵاتەکان لەسەر هەردوو ئاستی لۆکاڵی و فیدرالیدا ڕابەرایەتی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا (کۆڤید ١٩) دەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر وڵات. یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی پێویست هەر درێژەی دەبێت. هەروەها تیمی هەڵبژاردنی ئێمە راوێژ و هاوکاریی تەکنیکی پێشکەش بە دامودەزگا نیشتمانییەکانی عێراق دەکات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. هەوڵە سیاسییەکانیشمان له‌گه‌ڵ چه‌ندان په‌يوه‌ندداردا هەر درێژەی دەبێت بۆ دروستکردنی ژینگەیەک کە بتوانێت سەقامگیریی دوای شەڕ بەهێز بکات و ئابووری گەشە پێ بدات و وەبەرهێنانی جیهانیش بۆ وڵاته‌كه‌ رابکێشێت. هاوکارانمان داکۆکی و چاودێری لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن و راپۆرتی لەسەر ئامادە دەکەن بەگرتنەخۆی ژنان و منداڵان و خەڵکی پەککەوتە و خەڵکە بێدەرامەتەکانی تر لەگەڵ پێشکەشکردنی یارمەتیش بۆ بەهێزکردنی دامودەزگاکانی حکومەت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم مافانە بۆ هەموو کەسێک فەراهەم کراوە.

لەلایەکی ترەوە، عێراقییەکان خۆشیانبه‌شێوه‌يه‌كى به‌رفراوان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەشدارن چی لێرە لە عێراق وەک کارمەندی ناوخۆیی، کە لە کاری هەڵسوڕان و بەڕێوەبردندا رۆڵێکی بنەڕەتی دەبینن، چى لەسەر ئاستی جیهانی وەک بوونیان لە پلە باڵایەکانی سەرکردایەتی لەسەرتاسەری سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا. عێراق ئەمڕۆ بەشداریى چالاکانەی هەیە لە چەندین بەرنامە و سیاسەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیهانیدا.

پەیامی من لە ٧٥ ەمین ساڵیادی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەوەیە کە ئێوە بەشێکن لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەویش بەشێکە لە ئێوە. دەبا هەردوو لامان لەسەر ڕۆیشتن لەم رێگە هاوبەشە بەردەوام بین و هەوڵە هاوبەشەکانیشمان زیاتر چڕ بکەینەوە بۆ بەجێگەیاندنی ئەو چەمک و پابەندییانەی کە لە دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتوون.

دەبا پابەندیشمان بۆ ئەم بەها هاوبەشانە دووپات بکەینەوە و لە بڕیاریشماندا مكوڕ بین بۆ دروستکردنی ئایندەیەکی گەشتر و دادوەرتر و خۆشگوزەرانتر بۆ هەموو عیراقییەکان.

نوسينگه‌ى راگه‌ياندنى يونامى

نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق
نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت