واژۆکردنی پەیماننامەیەك لە پێناو پێشكەشكردنی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی خۆویستانەی خەڵكی بۆ محەلەبیە لە موسڵ
١٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٠
بەغدا، 14 تشرینی یەکەم، 2020 - ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی ئاشتی ناوخۆییدا پەیماننامەیەکی شكۆ واژۆکرا لە پێناو هاندانی زیاتر لە 1,100 خانەوادە، کە گومان دەکرێت هاوسۆزبن لەگەڵ ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، تا بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان لە ناحیەی محەلەبیە.
کۆنفرانسەکە لەلایەن کۆمیتەى ئاشتى نێوخۆیی لە ڕۆژئاواوی موسڵەوە ڕێکخرابوو ، ئەمەش بە پشتیوانی پارێزگاری نەینەوا و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق. ئامادەبووان بریتیبوون لە ئەندامانی کۆمەڵگای محەلەبیە و بەرپرسانی حکومى و شێخ و ڕابەرانی کۆمەڵگا هەروەها ئەندامانی خانەوادە گەڕاوەکان.
بەلای زۆرینەی خانەوادەكانەوە واژۆکردنی پەیماننامەکە دەستپێکی گەڕانەوەیانە بۆ زێدی خۆیان، ئەمەش بۆ یەکەم جار لە دوای سێ ساڵ لە دەستپێکى کردە سەربازیەکانی ئازادکردنی ناوچەکە. لە ماوەی بەرەنگاربوونەوەکەدا لەگەڵ داعشدا، زیاتر لە 6 ملیۆن هاوڵاتی عێراقیی لەزێدی خۆیانەوە ئاوارە بوون. بە گوێرەى خەمڵاندنەکان نزیکەی 1.4 ملیۆن هاوڵاتی ترهێشتا ئاوارەن کە 330,000 کەسیان تەنها لە پارێزگای نەینەوان. ئەو کەسانەش گومانى هاوسۆزییان لێ دەکرێت بۆ داعش دووچاری سەختی زیاتر بونەتەوە وەکو هەڕەشەی بەکارهێنان و توندوتیژی لە کاتی ئاوارەبوونیاندا.
نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، زێنە عەلی ئەحمەد جەختی کردەوە و گوتی "پابەندبوونی لیژنەکانی ئاشتەوایی ناوخۆیی بۆ یەکخستنەوەی خەڵكی ئاوارەبوو بۆ ناو کۆمەڵگەکانی خۆیان زۆر گرنگە بۆ دڵنیاییدان لە داهاتوویەکی بەهێز و گشتگیر بۆ هاوڵاتیانی عێراق. کۆنفرانسەکە و پەیماننامەکە خاڵی وەرچەرخانن بۆ محەلەبیە و ئاماژەدەرێکی هیوابەخشە بۆ بەرەوپیشچوونی ئاشتی و سەقامگیری کۆمەڵگا."
بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی دانیمارك، پشتیوانی لە کاری 24 لیژنەی ئاشتەوایی ناوخۆیى لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین و ئەنباردا دەکات و پلانیان هەیە لیژنەی زیاتر پێكبهێنن لە دیالە و کەرکوکدا. ئەم لیژنانە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە چارەسەری ململانێ و داکۆکیکردن لە ئاشتەوایی و پێکەوەژیان و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هاوڵاتیانی ناوخۆ تا برەوبدەن بە پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی لە کۆمەڵگەکانی خۆیاندا.
لەم دواییانەدا بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق پڕۆژەیەکی بەگەڕخست لەسەر ئامادەباشی و یەکخستنەوەی کۆمەڵگا بۆ ئەو خێزانانەی گومان دەکرێت هاوسۆزی داعش بن، کە تیایدا ئامانجیان 4,000 خێزانە لە چوار ناوچەی پارێزگای نەینەوا و سەلاحەدین و ئەنباردا لە ساڵی یەکەم و پاشان کار بۆ خێزانی زیاتر بکەن لە ساڵەکانی 2021 و 2022 دا. لیژنەکانی ئاشتەوایی ناوخۆیی ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پڕۆژەکەدا بۆ باشترکردنی ئامادەباشی و یەکخستنەوەی کۆمەڵگا لەڕیی دیزاینکردن و جێبەجێکردنی ئەو چالاکیانەی ئاسانکاری دەکەن بۆ گفتوگۆ و نێوەندگیری و یەکخستنەوە و بنیادنانی متمانە لەنێوان گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا. ئەم پڕۆژەیە بەپێی ڕێچکەی هاوبەشی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بۆ ئاشتبونەوە و یەکخستنەوەی بنەما لەسەر کۆمەڵگە بنیادنراوە بۆ ئەو کەسانەى گومانیان لێدەکرێت هاوسۆزی داعش بن لە عێراقدا.
پڕۆژە و وردەكاری كارەكانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق لە چوارچێوەی بەرنامەی پێکەوە ژیانی كۆمەڵایەتی جێبەجێ دەكرێن و ئەمەشبە پشتیوانیەکی باشی حکومەتی دانیمارك و ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێت.