لێدوانی ڕۆژنامەوانی

عێراق: شارەزیەکی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئاوارە نێوخۆییەکان

٢٧ شوبات ٢٠٢٠

بەغداد / جنێڤ ( 27 ی شوباتی 2020 ) – شارەزایەکی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان هانی عێراق دەدات بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە چارەسەرکردنی کێشەی مافەکانی مرۆڤی ئاوارەکان، بەتایبەتیش منداڵ، هەروەها داوای چرکردنەوەی هەوڵەکان دەکات لە گرتنەبەری پێوەرەکانی هاوکاریی مرۆیی و گەشەسەندن و ئاشتەوایی و یەکڕیزی کۆمەڵایەتی.

کێشەکانی نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧، لەگەڵ بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ( داعش) بووە هۆکاری لێکەوتنەوەی نزیکەی ٦ ملیون ئاوارەبوو. تاکو ئێستا ٤ ملیۆنیان گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان، لەم بارەوەش خاتوو سیسیلیا خێمێنێز داماری بڕیاردەری تایبەتی مافی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان لەکۆتایی سەردانەکەیدا ڕوونی کردەوە کە گەشەسەندنێکی بەرچاو هەبووە لە سیاسەتەکانی حکومەتی عیراق سەبارەت بەم پرسە.

"بەڵام، پێویست بە رەخساندنی کەشێکی لەبار دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن لە ژیانێکی سروشتیدا بەردەوامبن، وە لە نەبوونی ئەم کەشە لەبارەشدا لەوانەیە ژمارەیەکی زۆریان مەترسیی دووبارە ئاوارەبونەوەیان لەسەر بێت"

لەکاتێکدا شارەزا نێونەتەوەییەکە دەستخۆشی لە حکومەت دەکات لە گرتنەبەری ئەم پێوەرانە، بەڵام ڕاشیگەیاند کەوا هێشتا یەک ملیۆن و نیو خەڵکی ئاوارە پێویستیان بە هاوکارییە، وە داوای چارەسەری بنەڕەتی و پلانێکی نیشتیمانیی ئاشتی و ئاشتەوایی کرد بۆ ئاوەرەکانی ناوخۆ.

حکومەت بڕیاری خۆی داوە کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەموو ئاوەراکان بگەڕینێتەوە نێو ماڵ وحاڵی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئاستەنگ زۆرن، لەوانەش داڕمانی خانوەکان و بوونی مین و تەقەمەنی و ئاستەنگە سەپێنراوەکان بەسەر دۆخی ئازادی لە گەشتکردن و نەبوونی هەلی کار و گوزەران. پێویستە گەڕانەوە بە شێوەیەکی ئارام و خۆبەخشانە و شکۆمەندانە بێت، وە ئاوارەکانیش مافیان هەبێت لەگەڕانەوە و نەگەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان یان تێکەڵبوون لەگەڵ شوێنی ئێستایان یانیش نێستەجێبوون لەهەر شوێنێکی تر.

هەروەها، خاتوو خیمێنێز داماری ووتێشی: " لەنێو هەموو کارەساتەکانی کێشەی داعشدا، کە لەمیانی سەردانەکامدا بینیم، بریتی بوو لە دۆخی مندالآنی ئاوارەبوو- نەوەیەك کە کاریگەریی توندوتیژی لەسەرە و بێبەش بووە لە پەروەردەو خوێندن".

"نیگەرانم لەوەی کە منداڵانی ئاوارە لەناوەوە و دەرەوەی کەمپەکان بێبەشن لە پەروەردە و ناتوانن بچنەبەر خوێندن و پەروەردەیەکی فەرمی، بەهۆی نەبوونی ناسنامەی شارستانی و سنوردارکردنی هاتوچۆ، بۆیە نەوەیەک لە منداڵانی پەراوێزخراو سەرهەڵدەدەن."

ئەو شارەزایەی نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی دەربارەی ئەو تەنگوچەڵەمانەی ڕووبەرووی ئاوارە نێوخۆییەکان دەبنەوە بۆ دەستکەوتن و نوێکردنەوەی ناسنامەی شارستانی کە پێویستە بۆ گەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، پەروەردە، پاراستنی تەندروستی و سوودەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، نیشتەجێبوون، مافەکانی مولکدارێتی و ئازادی هاتوچۆ.

هەروەها باسی لە دۆخی کەمینە ئیتنی و ئایینیەکان کرد (یان 'پێکهاتەکان'ی کۆمەڵگەی عێراقی هەروەک زۆرێک ئارەزوودەکەن بەو شێوەیە بانگبکرێن)، ئەوانەی کە ئاوارەبوون بەهۆی ڕووبەرووبوونەوەی تەنگوچەڵەمە لەو شوێنانەی لەژێر دەسەڵاتی داعش بوون، بەتایبەتی دۆخی یەزیدییەکان. "تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ بوونەتەوە، بۆ ساڵانێکی زۆریشە کە زۆرینەیان لە کەمپەکان ماونەتەوە. هەموو بژاردەکانی چارەسەرکردنی درێژخایەن دەبێت لەگەل کۆمەڵگەکان خۆیان لەبەرچاوبگیرێن."

خیمینیز داماری نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دۆخی ئەو خێزانانەی کە دەگوترێت ئەندامی داعش بوون. "ئەو خێزانانە ڕووبەرووی جیاکارییەکی بەربڵاودەبنەوە لەلایەن دەسەڵاتداران و کۆمەڵگەکانەوە. ڕووبەرووی هەرەشە و گێچەڵپێکردن و توندوتیژی بوونەتەوە، لە هەردوو شوێنی ئاوارەبوون و شوێنی خۆیان، وەهەروەها بێبەش بوون لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکو پاراستنی تەندروستی و پەروەردە."

لەماوەی ئەو سەردانە ٩ ڕۆژییەی، لە ١٥ تاوەکو ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٠، شارەزاکە لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت، لەسەر ئاستی نیشتمانی و هەرێمی و نێوخۆیی، و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکانی بواری مرۆییی گەشەپێدان و هاوبەشەکانی تری نێوخۆیی و نێونەتەوەیی کۆبووەوە. هەروەها لەگەڵ ئاوارە نێوخۆییەکان لە دەرەوە و ناوەوەی کەمپەکان کۆبووەوە.

تەواوی دەرەنجامەکان و پێشنیارەکان لە ڕاپۆرتێک بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ کۆدەکرێنەوە.

خاتوو سیسیلیا خیمینیز داماری، پارێزەری مافەکانی مرۆڤە و تایبەتمەندە لە بواری ڕاگواستن و ئاوارەبوونی بەزۆرەملێ، شارەزایی لەو بوارەدا هەیە بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ لەگەڵ پاڵپشتی مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی ناحکومییەکان. وەکو بڕیاردەری تایبەتی مافەکانی مرۆڤی ئاوارە نێوخۆییەکان دەستنیشانکرا لەلایەن ئەنجومەنی مافەکان مرۆڤ لە ئەیلولی ٢٠١٦. وەکو بڕیاردەری تایبەت، بەشێکە لە پرۆسە تایبەتەکانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ. پرۆسە تایبەتەکان، کە گەورەترین دەستەی شارەزا سەربەخۆکانە لە سیستەمی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، ناوە گشتییەکەی میکانیزمە سەربەخۆکانی ڕاستی دۆزینەوە و چاودێریکردنە کە کاردەکات لەسەر دۆخە تایبەتەکانی ووڵاتێکی دیاریکراو یان لەسەر بابەتە پەیوەستەکانی هەموو بەشەکانی جیهان. شارەزایانی پرۆسە تایبەتەکان کاردەکەن بەشێوەیەکی خۆبەخش؛ ئەوان کارمەندی نەتەوەیەکگرتووەکان نین و موچە بۆ ئەو کارەیان وەرناگرن. ئەوان سەر بە هیچ حکومەتێک یان ڕێکخراوێک نین، لەنێو چوارچێوەی دەسەڵاتیان کاردەکەن.

مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، لاپەڕەی ووڵات: عێراق

بۆ زانیاری زیاتر و پرسیاری میدیایی، تکایە پەیوەندی بکەن بە: ناتالیا فێرێرا دو کاسترۆ (٤١٢٢٩١٧٩١٧١+) یان ئیمەیل نۆ ئەم ناونیشانە بکە idp@ohchr.org

بۆ پرسیاری میدیایی تایبەت بە شارەزایانی سەربەخۆی نەتەوەیەکگرتووەکان، تکایە پەیوەندی بکەن بە: خافیێر سیلایا xcelaya@ohchr.org

 

Natália Ferreira de Castro

نووسینگه‌ی كۆمیسیاری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ

Xavier Celaya

نووسینگه‌ی كۆمیسیاری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

نووسینگه‌ی كۆمیسیاری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ
نووسینگه‌ی كۆمیسیاری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت