لێدوانی ڕۆژنامەوانی

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: کۆڤید ١٩ لە عێراق لە دۆخێکی زۆر مەترسیدار دایە و باشترین چارەسەریش بۆ ئەوەی لە ناو کۆمەڵگادا تەشەنە نەکات خۆدوورگرتنە لە گردبوونەوەی بەکۆمەڵ و بەستنی دەمامک و دوورمەودایی کۆمەڵایەتی

١٦ ئاب ٢٠٢٠

بەغدا، ١٦ی ئابی ٢٠٢٠:- هەرچەندە ژمارەی تووشبووانی کۆڤید ١٩ لە هەڵکشانێکی لەڕادەبەدەر مەترسیدار دایە کە بەم زووانە ئه‌گه‌ری روودانی قەیرانێکی تەندروستیی ترسناکیشی هه‌یه‌، بەڵام عێراقییەکان هێشتا دەتوانن بەسەر ئەم پەتایەدا زاڵ بن بە مەرجێک بە وریاییەوە بە رێوشوێنە تەندروستییەکانەوە پابەند بن وەک خۆدوورگرتن لە گردبوونەوەی بەکۆمەڵ و بەستنی دەمامک و دوورمەودایی کۆمەڵایەتی کە بە باشترین شێواز دادەنرێن بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە بۆ ناو کۆمەڵگا لەسەر ئاستێکی فراواندا.

تەشەنەکردنی ئەم پەتایە بەم ئاستە مەترسیدارەی بووەتە مایەی ئیفلیجکردنی سیستەمی تەندروستی کە هەر خۆی پێشتریش بەهۆی ساڵانێکی زۆری شەڕەوە تووشی لاوازی ببوو. لەراستیدا، سەرەڕای دۆخی خراپی سیستەمی تەندروستیش، خزمەت و فریاکەوتنەکانی کارکەرانی بواری تەندروستی، بە تایبەتیش لە مانگە سەرەتایەکانی پەتایەکەدا، مایەی دەسخۆشی و شانازی بوون. بەڵام بەداخەوە لەم مانگانەی دواییدا دۆخەکە، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، بەگرتنەخۆی شلکردنەوەی رێکارە خۆپارێزییەکان و گوێنەدانی خەڵک یانیش جێبەجێنەکردنیان بەشێوەیەکی زۆرەملێ، بەرەو خراپتر چووه‌.

مەترسیی دۆخەکە لە رێگەی شیکارێکی ژمارەکانی رۆژانە بەڕوونی دەردەکەوێت دوای ١٧٥ رۆژ لە سەرهەڵدانی پەتایەکەوە. بە پشت بەستن بە داتایەکی وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش، تا ١٦ی ئابی ٢٠٢٠، ژمارەی کێیسەکان گەیشتوونەتە ١٧٥ هەزار لەگەڵ ٥٨٠٠ مردنیش. لەلایەکی ترەوە، داتایەکان بەروونی ئەوە نیشان دەدەن کە لە سەدا ٩٨ی کێیسەکان لەم ٣ مانگەی دواییدا بوون. هەروەها ٤٤ هەزار کێیسیش لە عێراق چالاکن کە نزیکەی لە سەدا ٩٠ یان لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن و ٩ هەزاریشیان لە کارکەرانی بواری تەندروستین. شیکاری وردتری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە عێراقدا ئەوە نیشان دەدات کە چەندان ناوچەی عێراق ئێستا بەدەست تەشەنەکردنی ناو کۆمەڵگاوە دەناڵێنن. لەراستیدا، دۆخی مەترسیدار پێویستی بە رێکاری توندوتۆڵ هەیە.

هەرچەندە شیکاری بارودۆخی کۆڤید ١٩ لە وڵاتدا کە لە لایەن رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە (ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسێف) دەرخەری ئەوەیە کە عێراق پێویستە ئامادەیی و بەهاناوەچوونی خۆی بۆ ئەم پەتایە ڕێک بخات بۆ ئەوەی بتوانێت تەشەنەکردنی ناو کۆمەڵگا کەم بکاتەوە و ژمارەی رۆژانە دابەزێنێت و بەهەر نرخێکیش بێت پێش بە تەشەنەکردنی ناو کۆمەڵگا بگرێت. ئێستا بەهۆی نەبوونی پێکوتە و دەرمانی پێویست عێراق تەنها دەتوانێت لە رێگەی رێکارە خۆپارێزییەکانەوە شەڕی ئەم پەتایە بکات وەک بەستنی دەمامک و ئەو رێکارانەی کە کارکەرانی بواری تەندروستی هەمیشە جەختی لەسەر دەکەنەوە کە هەر پێشتریش چەندان کەس پێیەوە پابەند بوون.

یەکێک لە ڕێکارە هەرە گرینگەکان بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە خۆدوورگرتنە لە گردبوونەوەی بەکۆمەڵ (وەک: ئاهەنگی بووک گواستنەوە، چالاکییە وەرزشی و کەلتوورییەکان). هەر بۆیە پێویستە خەڵک بەهیچ شێوەیەک تێکەڵاوی ئەو شوێنانە نەبن لە پێناو سەلامەتی خۆیان و خەڵکی تر. گردبوونەوەی بەکۆمەڵ ناویستانە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو. رێکخراوی تەندروستی جیهانی و چەند ئاژانسێکی تری نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵسەنگاندنی مەترسیی ئەم چالاکییە بەکۆمەڵانەی ئەنجام داوە کە هۆشداریان داوە هەم سەبارت بە ئەگەری تەشەنەکردنی ئەم پەتایە و هەمیش توانای وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە. هەڵسەنگاندنەکە ئەوەی دەرخستووە کە مەترسییەکە لەم جۆرە گردبوونەوە بەکۆمەڵانەدا زۆر زۆر زیاترە کە تێیدا نێوان کەسەکان زۆر لێک نزیکە. لەلایەکی ترەوە، بەگوێرەی ئامۆژگارییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش، بەستنی دەمامک و دوورمەودایی و دەسشۆردنی بەردەوام دەتوانن بە رێژەی لەسەدا ٧٥ تووشبوون کەم بکەنەوە.

خانەوادەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەسخۆشی لە راگەیاندنەکانی ئەمدواییەی سیاسیی و پیاوانی ئایینی عێراق دەکات بۆ ئامۆژگاری کردنیان بۆ ئەنجامنەدانی گردبوونەوەی بەکۆمەڵ لە رۆژانی داهاتوودا چونکە گەر ئیمە بمانەوێت پێش بە هەڵکشانی بەربڵاوی ئەم پەتایە بگرین ئەوە بێگومان و هەرگیز نابێت لەم قۆناغەدا رێگە بە گردبوونەوەی بەکۆمەڵ بدەین. نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە لایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە ڕێنمایی دەکرێت پابەندە بە هاوکاریکردنی حکومەت لە پلاندانان و جێبەجێکردنی رێکارە خۆپارێزییەکان شانبەشانی ڕاسپاردەکانی دەسەڵاتی تەندروستیش.

ئەزموونی وڵاتان ئەوە نیشان دەدات کە دەتوانرێت پەتای کۆرۆنای کۆڤید ١٩ کۆنترۆڵ بکرێت و بگرە بەرە بەرە لە ماوەی ٢-٣ مانگدا ئابووریش بکرێتەوە گەر وڵاتەکان گوێ لە ئامۆژگارییەکانی شارەزا بەتوانایەکانی بواری تەندروستیی بگرن. بە دڵنیاییشەوە، عێراق، بە پابەندبوون و ویستی بۆ وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و هەوڵی پێکەوەییەوە، دەتوانێت بەسەر ئەم پەتایەدا زاڵ بێت.

Ajyal Sultany

ئەجیال سوڵتانی

رێكخراوى ته‌ندروستى جيهانى
بەرپرسی پەیوەنديیەکان

به‌ڕا عه‌فيف شه‌بع

رێكخراوى ته‌ندروستى جيهانى
به‌رپرسى په‌يوه‌ندييه‌كان

پاولين ئه‌جيلۆ

رێكخراوى ته‌ندروستى جيهانى
به‌رپرسى په‌يوه‌ندييه‌كان

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوى ته‌ندروستى جيهانى
رێكخراوى ته‌ندروستى جيهانى

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت