لێدوانی ڕۆژنامەوانی

یابان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ هاوبەشییەکەیان درێژ دەکەنەوە بۆ پاڵپشتیکردن لە کۆمەڵگە لاوازەکان لە عێراق

١٥ نیسان ٢٠٢١

بەغدا ١٤ ی نیسان، ٢٠٢١– عێراق هێشتا لە چەنگەچریدایە لەگەڵ کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی ململانێکانی ڕابردوو بەسەر گەشەسەندنیەوە، کە ئەمەش وای کردووە وڵاتەکە لە بەر مەترسیی سەرهەڵدانەوەی ململانێدا بێت.

وێڕای ئەمە، کاریگەرییە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکەی پەتای کۆڤید-١٩ش بووەتە هۆکارێکی تر بۆ هەڕەشەکردن لە ئاشتی، ئارامی و گەشەسەندن لە عێراقدا کە تا ئێستا بە هێواشی لە کاریگەرییەکانی جەنگی ٢٠١٤-٢٠١٧ی دژ بە داعش هەڵدەستێتەوە.

ئەگەرچی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ لەڕووی سەربازییەوە بەزێنرا، عێراق هێشتا لە دووڕیانێکی هەستیاردایە، کە مەترسییەکی بەرچاو هەیە کە دووبارە بخزێتەوە ناو ململانێ. لە هەمان کاتدا، دەسەڵاتدارانی عێراق هێشتا دووچاری ئاستەنگ دەبنەوە لە بەڕێوەبردنی لێکەوتەکانی جولاندنی ئەو هێزە زۆرەی کە بۆ سەندنەوەی ئەو بەشە زۆرەی خاکی عێراق لە دەستی داعش بە کار هات. ژمارەیەکی زۆری جەنگاوەرانی پێشوو کە خۆویستانە وازیان لە چالاکیی چەکداری هێنا بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ژیانی مەدەنی ئێستا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە بەهۆی سنوورداریی دەرفەتە ئابووررییەکان و سنوورداریی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاریی لە ناوچەکانی خۆیان.

حکوومەتی یابان پاڵپشتی خۆی درێژ دەکاتەوە بۆ هەوڵەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ بۆ هاوکاریکردنی کۆمەڵگە لاوازەکان بە پەخشینی ٤.٢ ملیۆن دۆلار. بەم بەخشینەی حکوومەتی یابان، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ پاڵپشتی دەکات لە سەقامگیرکردن و کەمکردنەوەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی توندووتیژی لەرێگەی کۆمەڵێک ڕێوشوێن بۆ برەودان بە تەناهی، لەخۆگرتنی ئابووری-کۆمەڵایەتی، هەروەها تەبایی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگە لاوازەکانی دوای ململانێ لە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار.

چالاکییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق ئەو تاکانە بە ئامانج دەگرێت کە دەستیان بە چارەسەری درێژخایەن ناگات بەهۆی ئەوەی وا دەبینرێن کە پەیوەندییان لەگەل داعشدا هەبووبێت یان پێشتر پەیوەندییان هەبووبێت، لەگەل جەنگاوەرانی پێشوو و کۆمەڵگەکان بەشێوەیەکی فرەوانتر. هەروەها هاوتەریب لەگەڵ ئەولەویەتەکانی حکوومەتی عێراقدا، گرینگییەکی تایبەت دەدرەت بە توێژی لاوان. لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا، ڕێکخراوی نێودەوڵەوتی کۆچ بە نیازە لە نزیکەوە لەگەل حکوومەتی عێراق کار بکات بۆ پاڵپشتیکردن لە ستراتیجی نیشتیمانی بۆ ڕێگرتن لە توندڕەوی توندوتیژ، ئەمە وێڕای کارکردن لەگەل دەسەلاتدارانی خۆجێیی، کۆمەڵگەکان، سەرکردە ئاینی و عەشایەرەکان، کەرتی تایبەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دی.

وێڕای ئەمە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ هاوکاری پێشکەش دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی کۆڤید-١٩ کە بوونەتە هۆکاری زیادبوونی لاوازی لە سەرتاسەری ولاتدا، هەروەها ئەو حالەتانەی زیادبوونی چالاکیی تاوانکاری کە بەو هۆیەوە ڕوو بدەن، شی دەکاتەوە و وەڵامیان دەداتەوە.

"هەوڵی تەرخانکراو شتێکی بنچینەییە بۆ برەودان بە سەقامگیری و کرمکردنەوەی مەترسی نوێبوونەوەی توندووتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی دینامیکیەتی دوای ململانێ لە کۆمەڵگە لاوازەکاندا. ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ بەردەوام سوپاسگوزاری حکوومەتی یابانە بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی و بۆ هاوبەشییەکەی لەم ڕووەوە." سەرۆکی نێردەی ڕێکخراوی نێودەولەتی کۆچ لە عێراق گێرارد وایت وای گوت.

بەڕێز سوزوکی کۆتارۆ، باڵوێزی یابان لە عێراق گوتی:

"یابان زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری وەکو هاوکاریی مرۆیی پێشکەش کردووە بەو خەڵکەی بەر کاریگەرییەکانی قەیرانەکە کەوتبوون لەوەتەی ٢٠١٤ەوە. سەرباری ئەمە، یابان بڕیاری داوە پاکێجێکی هاوکاری نوێ بۆ عێراق تەرخان بکات بە بڕی ٥٠ ملیۆن دۆلار کە ئەم پرۆژەیەی ڕێکخراوی نێودەولەتی کۆچیش لە خۆ دەگرێت. هیوادارم ئەم هاوکارییە لە حکوومەت و خەڵکی یابانەوە یارمەتیدەر بێت لە برەودان بە سەقامگیری و کەمکردنەوەی مەترسیی نوێبوونەوەی توندووتیژی لە کۆمەڵگە لاوازەکانی دوای ململانێ لە نەینەوا و ئەنبار. من متمانەم بە پسپۆریی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ هەیە و بە تووندی باوەڕم وایە کە خەڵکی نەینەوا و ئەنبار درک بە تەبایی کۆمەڵایەتی دەکەن و بەردەوام دەبن لە ڕەتکردنەوەی توندوتیژی."

پرۆژە نوێیەکە بە ناونیشانی "برەودان بە لەخۆگرتنی ناوچەی-دیاریکراو لە عێراقدا" ئەو وانە و پراکتیزە سەرکەوتووانە دەکاتە بنەما کە پێشتر لە میانەی پرۆژەیەکی تر لە ٢٠٢٠-٢٠٢١دەست کەوتوون کە لەلایەن حکوومەتی یابانەوە پاڵپشتی دەکرا بە ناونیشانی "سوودوەرگردتن لە پەیوەندیی نێوان تەناهی و گەشەپێدان لە عێراق: پاڵپشتی لە سەقامگیری کۆمەڵگەیی لەو کۆمەڵگانەی کەوتوونەتە بەر کاریگەرییەکانی ململانێ"

 نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ
رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت