گەنجانی عێراق : پێشەنگ لە گفتوگۆ و سەقامگیریی.
سەلاحەدین، ٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ – نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق بە هاریکاری لێژنەی پێکەوە ژیان و ئاشتی جڤاکی و کۆمەڵەی هیوای عێراقی لە ماوەی نێوان ١٩ تا ٢١کانونی یەکەمی ٢٠١٩ و لە چوارچێوەی پرۆژەی "گەنجانی عێراق : پێشەنگ لە گفتوگۆ و سەقامگیریی" سەکۆیکارێکیان لە پارێزگای سەلاحەدین بۆ کۆمەڵێ گەنجی عێراقی ڕێکخست.
دە کچ و حەڤدە کوڕی گەنج لە سەرتاسەری پارێزگاکە بەشدارییان کرد لە تاوتوێکردنی چۆن گەنجان دەتوانن برەو بە ئاشتی و پێشوەچوون بدەن لە کۆمەڵگاکانیان. گەنجەکان هەستکردن بە لاوازی و پەراوێزخستنیان دەربڕی و حەزەکانی خۆشیان خستە ڕوو لە بەشداریپێکردنی کاراتریان لە پرۆسەکانی دروستکردنی بڕیار و بەتواناکردنی ئافرەتان و یەکخستنەوەی جڤاکە پەراوێز خراوەکان و زیاتر کردنی دامەزراندنی گەنجان.
بەشداربووان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە گفتوگۆ کاریگەرترین ئامرازە بۆ دۆزینەوەی بەرژەوەندی و گرنگیپێدانە هاوبەشەکانی نێوان گەنجان . لە هەمان کاتیشدا ، بەشداربووان توندڕەویی و جیاکاریی و شێوازە لە قاڵبدراوە نەرێنییەکانیان ڕەت کردەوە ، کە بوونەتە هۆکاری مەینەتیەکی زۆر لە وڵاتدا.
لە کۆتا ڕۆژدا ، خاتوو ئەلێس وۆلپۆڵی جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بەڕێز عەمار حیکمەت بەلداوی جێگری دووەمی پارێزگاری سەلاحەدین و بەڕێز موحەمەد کەریم ئەندامی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد وبەشێوەیەکی کراوە و ڕاشکاوانە لەگەڵ بەشداربووان تاوتوێی بابەتە گرنگەکانیان کرد.