سه‌ركردایه‌تی یونامی

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق: جینین هێنیس-پلاسخارت

Jeanine Hennis Plasschaert

خاتو جینین هێنیس پلاسخارت بە ڕەچەڵەک خەڵکی هۆڵەندایە و وەک نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق (یونامی) لە بەرواری ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ دەستبەکاربوو.

بەڕێز ئەنتۆنیۆ گوترێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەرواری ٣١ی ئابی ٢٠١٨دا ڕایگەیاند کە خاتو جینین ‌هێنیس-پلاسخارتی هۆڵەندی وەک نوێنەری تایبەتی خۆی لە عیراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) دەستنیشان کردووە. ئەو خاتونە جێگرەوەی بەڕێز یان کوبیشی سلۆڤاکییە کە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاسی خزمەتەکەی دەکات.

خاتو هێنیس-پلاسخارت ئەزموونی زیاتر لە ٢٠ ساڵی لە بواری سیاسی و دیپلۆماسیدا هەیە و پێشتریش لە چەندان پۆستی باڵای حکومی و پەرلەمانیدا خزمەتی هەبووە. لە ماوەی نێوان ٢٠١٢ تا ٢٠١٧ وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە، کە یەکەم ئافرەت بووە لەو پۆستە دابمەزرێت. وەک وەزیرێک، بەڕێزیان بەرپرسی دەستەی ئەرکانی ناوەندی و فەرماندەیی پاڵپشتی و ڕێکخستنی کاروباری بەرگری و فەرماندەی هەر چوار هێزە چەکدارەکانی شانشینی هۆڵەندا بووە، وەک: سوپا و هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی و ‌ پۆلیسی سەربازی و سنوور. لەم ڕۆڵەدا، بەڕێزیان سەرپەرشتی بەشداری هۆڵەندای کردووە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا لە وڵاتی مالی و ئەفغانستان و عیراق، هەروەها لە نزیکەوە هەماهەنگی کردووە لەگەڵ یەکێتی ئەوڕوپا و ڕێکخراوی ڕێککەوتنی باکوری ئەتلەنتی و هاوبەشانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

خاتو هێنیس-پلاسخارت بەهەمان شێوە وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هۆڵەندا لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٢ خزمەتی کردووە و هەروەها لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٠ ئەندامی پەرلەمانی ئەوڕوپا بووە. بەڕێزیان لە کۆمسیۆنی ئەوڕوپا لە شاری برۆکسل و شاری ریگای پایتەختی لاتڤیا و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شاری ئەمستردام کاریکردووە.

 

جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ کاروباری سیاسی و یارمەتیدانی هەڵبژاردنەکان : ئینگیبیۆرگ سۆلرون گیشلادۆتیر

Ingibjörg Sólrún Gísladóttir

خاتوو ئینگیبیۆرگ سۆلرون گیشلادۆتیر ئایسلەندی لە ٢ی ئاداری ٢٠٢١ لە پۆستەکەی وەک جێگری نوێنەری تایبەتی بۆ کاروباری سیاسی و یارمەتیدانی هەڵبژاردنەکان لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) دەست بەکار بوو.

ئەنتۆنیۆ گوتێرێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ دامەزراندنی خاتوو گیشلادۆتیری راگەیاند. ئەو شوێنی ئالیس وۆلپۆلی بەریتانی دەگرێتەوە کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢١ کارەکانی تەواو بوو. لە لای خۆشیەوە، سکرتێری گشتیی سوپاسی خاتوو وۆڵپۆڵی کرد بۆ خزمەتەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە.

شایانی باسە خاتو گیشلادۆتیر ئەزموونێکی زۆروزەوەندی دیپلۆماسی و سیاسی لەگەڵ خۆیدا هێناوە ، دواهەمینیان بەڕێوەبەری نوسینگەی پەیمانگا دیموکراتییەکان و مافەکانی مرۆڤ بوو لە رێکخراوی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپا و پێشووتریش سەرۆکی نێردەی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان بوو لە ئۆکرانیا. هەروەها ئەو بەڕێوەبەری هەرێمایەتیی ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بووە لە ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاستدا و نوێنەری ئەو ڕێکخراوەش بووە لە وڵاتی تورکیا و ئەفغانستان. ئەو لە ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠٠٩ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئایسلاند بووە و بۆ ماوەی ٧ ساڵیش ئەندام پەرلەمان بووە ٩ ساڵیش پارێزگاری رێیکیاڤیک بووە. هەروەها ئەندامی تۆڕی میانگیریی ژنانی ئەسکەندەنافیاش بووە. خاتو ئینگیبیۆرگ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی ئایسلەندا لە مێژوو و ئەدەبدا هەیە و دواتریش لە زانکۆی کۆبنهاگن لە بواری مێژوو داوە پەرەی بە خوێندن داوە.

 

جێگری نوێنەری تایبەت و هەماهانگیکاری نیشتەجێ و هەماهەنگیکاری مرۆیی لە عێراق: ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلیۆرانۆ

Irena Vojáčková-Sollorano

خاتوو ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلیۆرانۆی بە ڕەگەز ئەڵمانی لە ٤ی ئابی ٢٠٢٠ ، بەرپرسیارێتی خۆی وەک جێگری نوێنەری تایبەت لە عێراق ، لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) و هەماهەنگیکاری نیشتەجێ وەرگرت. هەروەها خاتوو ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلیۆرانۆ پۆستی هەماهەنگیکاری کاروباری مرۆیش بەڕێوە دەبات.

خاتوو ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلیۆرانۆی لە ٢ی تەموزی ٢٠٢٠ لە لایەن بەڕێز ئەنتۆنیؤ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنێشانکرا ، ئەو شارەزایی ٣٠ ساڵی نێودەوڵەتی لە پرسەکانی کۆچ و پەنابەری و هەماهەنگیکردنی بە هاناهاتنە گەشەپێدان و مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەگەڵ خۆێ هێناوە ، ئەو لە (٢٠١٦-٢٠١٩) هەماهەنگیکاری نیشتەجێ بووە لە تورکیا و لە (٢٠١٣-٢٠١٦) ش لە سربستان و لە وەتەی مانگی ئابی ٢٠١٩ەشەوە خاتوو ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلیۆرانۆ بەڕێوبەری کاربەڕێکەری نووسینگەی ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاستی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ گەشە پێدان لە ئەستانبۆل.

لە ماوەی (٢٠١٠-٢٠١٣) خاتوو ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلیۆرانۆ بەڕێوەبەری کارگێڕی کؤچ بووە لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە ژنێڤا ، و لە ساڵی ٢٠٠٩ ش جێگری سەرۆکی فەرمانبەرانی ڕێکخراوی نێو دەوڵەتی کۆچ بووە ، پێش ئەوەش پۆستی باڵای هەبووە لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە بانگۆک و ڤیەنا و ژنێڤا و مانێلا.

خاتوو ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلیۆرانۆ بڕوانامەی دبلۆمی لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکانی لە ئەکادیمیای دیپلۆماسی لە ڤیەنا وەدەست‌هێناوە و بڕوانامەی ماستەری لە مێژوو و جوغرافیا و یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی ڤیەنا و هەروەها بەکالۆریۆسی لە مێژوو و کۆمەڵناسی و جوغرافیا و زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی هایدلبرگ لە ئەلمانیا وەدەستهێناوە . خاتوو ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلیۆرانۆ زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و چیکی بە باشی دەزانێت.

خاتوو ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلیۆرانۆ شوێنی خاتوو مارتا ڕۆداسی ئیسپانی گرتەوە ، کە لە مانگی ئایارەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان خانەنشین کرا. لەو کاتیشەوە تا گەیشتنی بۆ بەغدا لە ٤ی ئاب ، بەڕێز ریتشارد دێکتەس کاروباری جێگری نوێنەری تایبەت و هەماهەنگیکاری نیشتەجێ و هەماهەنگیکاری مرۆیی بەڕێوەدەبرد.