لێدوانی ڕۆژنامەوانی

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) و ئاژانسی ھەماھەنگی و ھاریکاری نێودەوڵەتی وڵاتی کۆریا (KOICA) بە ھاوبەشی پاڵپشتی بوژانەوەی ئابووری خۆجێیی لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا و کەرکووک دەکەن

٠٧ تەمووز ٢٠٢١

بەغدا ٧ تەمووز ٢٠٢١ - شەڕو ململانێ دەیان ساڵە لە عێراق لەگەڵ سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩، کاریگەریکەی زۆر بەھێزی کردووەتە سەر سەرمایەی مرۆیی، دروستبوونی ھەژاریی توند و کەمکردنەوەی توانای ھاوڵاتیان لە دۆزینەوەی کاری شایستە و بەردەوام. ئەم شەڕ و ململانێیانە زۆر دەرئەنجامی خراپی هەبووە، بەتایبەتی لەسەر گەڕاوە کەمدەرامەتەکان، ئاوارە ناوخۆییەکان و کۆمەڵگە خانەخوێیەکان، کە تاکوو ئێستا بەردەوام پێویستیان بە دەستگەیشتن بە دەرفەتەکانی پەیداکردنی بژێوی ژیان و دەسپێشخەریەکانی چاکبوونەوە هەیە.

ئاژانسی ھەماھەنگی و ھاریکاری نێودەوڵەتی وڵاتی کۆریا (KOICA) پاڵپشتییەکانی بۆ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) فراوان دەکات لە ڕێگەی پێدانی گرانتێکی-بەخشینێکی پێنج ملیۆن دۆلاری ئەمریکیيەوە. بە پێدانی ئەم پاڵپشتیە داراییەی ئاژانسی ھەماھەنگی و ھاریکاری نێودەوڵەتی وڵاتی کۆریا، ڕێکخراوی نێودەڵەتی کۆچ لە عێراق بەشداری بووژانەوەی ئابووری خۆجێیی و گێڕانەوەی توانای کۆمەڵگە دەکات لە عێراق دا لە ڕێگەی زیادکردنی دەستگەیشتن بە کاری شایستە و بەردەوام. ئامانجی گشتی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە پاڵپشتیکردنی ڕەخساندنی ھەلی کار، دامەزراندنی کار و بزنسی تازە و گەشەپێدانی پڕۆژەکار و بزنسە بچووک و مامناوەندەکانە، ھەروەھا ھاندانی خستنەسەرکارێکی بەرھەمدارە، بە گرتنەخۆ و بەشداریپێکردنی ئافرەتانیشەوە.

سەرۆکی نێردەی گشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق، جێڕاڕد وەیت، گوتی "لە کاتی قەیرانی داعش دا ملیۆنان کەس ئاوارەبوون و ئابوورییە خۆجێییەکان داڕمان، لە دەستچوونی کاروکاسبیەکانی بژێوی ژیان پەیداکردن و نەبوونی خزمەتگوزارییە زۆر گرنگ و پێویستەکان لە ناوچەکانی زێدیان کۆسپ و بەربەستی ڕوونن لەبەردەم گەڕانەوەی ئەو خەڵکانەی کە تا ئێستا لە ئاوارە دان لە سەرانسەری عێراق دا." ھەروەھا ناوبراو گوتیشی "ئەم ھاوبەشیکردنە لەگەڵ ئاژانسی ھەماھەنگی و ھاریکاری نێودەوڵەتی وڵاتی کۆریا (KOICA) ھەوڵ و کۆششەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) بۆ چارەسەرکردنی ئاوارەبوونی درێژخایەن پتەوتر دەکات و کەشی گەڕانەوەی بەردەوام دروستدەکات."

بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ھەماھەنگی و ھاریکاری نێودەوڵەتی وڵاتی کۆریا (KOICA) بەڕێز لی دۆنگ ھیون گوتی "لەوەتەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ بەرۆکی جیھانی گرتووە، بێکاری لاوان بووەتە بابەتێکی گرنگتر لە پێشوو. بەتایبەتیش لە عێراق دا، قەیرانی داعش و کۆڤید-١٩ کاریگەرییەکی جەرگبڕیان کردووەتە سەر کۆمەڵگە. ھیوادارین ئەم پڕۆژەیە بتوانێت ببێتە بەشێک لە چاکبوونەوە لەو زیانە ئابووری-کۆمەڵایەتیەی کە بەر دانیشتوانە کەمدەرامەتەکانی عێراق کەتووە."  

ئەم پڕۆژەیە کەمدەرامەترین بەشەکانی دانیشتوانی بە ئامانج گرتووە لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا و کەرکووک، جەختیش دەخاتە سەر چارەسەرە ھەمیشەییەکان بۆ ئاوارەکان، بەتایبەتی دەستەگەیشتن بە پەیداکردنی بژێوی ژیان و خستنەسەر کار. ھەروەھا ئەم ھاوکاری بەخشینە بەرەو ئاڕاستەی یارمەتیدانی کار و بزنسەکانی ئەو ناوچانەی شەڕو ململانێییان تێدا بووە، تا وەکو لەو زەرەر و زیانەی پێیانگەیشتووە ببوژێنەوە و جارێکی دیکە دەست بەکارکردن بکەنەوە و دەرفەتی کاری پێویست بۆ کۆمەڵگەی خۆجێیی بڕەخسێنن.

بۆ کارئاسانیکردن و ڕێکخستنی ڕەخساندنی ھەلی کاری بەردەوام، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق مەشق و ڕاھێنانی پیشەیی، مەشق و ڕاھێنانی جووتیار و مەشق و ڕاھێنانی سەرکار پێشکەشدەکات، ھەروەھا لە ڕێگەی پاکێجەکانی پاڵپشتیکردنی کار و بزنس، پاڵپشتی دامەزراندن یان فراوانکردنی کار و بزنسە بچووکەکان دەکات. بە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکار و بزنسە بچووک و مامناوەندەکان بە پارەپێدان لە ڕێگەی صندوقی گەشەپێدانی پڕۆژەکار (EDF)، ھەلی کاری بەردەوام دەڕەخسێنێت. سەرەڕای ئەمانەش، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق سیستەمی ئاراستەکردن بەکاردێنێت تاوەکو ئەو کەسانە بە یەک بگەیەنێت کە دیاریکراون و لە بەشی ھاوکاری پەیداکردنی بژێوی ژیانی سەر بە پڕۆژەکە مەشق و ڕاھێنانیان پێکراوە، لەگەڵ ئەو ھەلی کارانەی کە دەڕەخسێن لە ڕێگەی ئەو بزنسانەی کە لەلایەن صندوقی گەشەپێدانی پڕۆژەکارەوە پاڵپشتیکراون.  

ئەم شێوازەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ بەشداریپێکردنی بەشێکی بەھێزی کۆمەڵگە دەگرێتەخۆ، بەتایبەتی لە بەشداریپێکردنە دەستپێکییەکان لەگەڵ کۆمەڵگە بۆ دیاریکردنی لە پێشینەکان و پێویستییەکان لە پەیداکردنی بژێوی ژیان. ھەروەھا ئەم پڕۆژەیە دڵینايی دەدات لەوەی کە ئافرەتانیش پاڵپشتیدەکرێن تا بە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە ڕەوتی گەشەسەندن و بوژانەوەی ئابووری لە عێراق دا بەشداربن. 

لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەسەڵاتە خۆجێییەکان، کۆمەڵگە، سەرۆک عەشیرەت و سەرکردە ئاینییەکان، کەرتی تایبەت و ھاوبەشە بەرژەوەندیدارە پەیوەندیدارەکان کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە سنوورداربوونی دەرفەتە ئابوورییەکان و دەستگەیشتنی سنووردار بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لەو ناوچانەی کە ئامانجی کاری پڕۆژەکەن.

 نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ
رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت