کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت توانای گەورەیان هەیە بۆ بەشداریکردن لە ئابوری و کۆمەڵگەکاندا
بەغدا ٣٠ مارس ۲۰۲۱ – کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت توانای گەورەیان هەیە بۆ بەشداریکردن لە ئابوری و کۆمەڵگەکاندا و لەتوانایاندا هەیە سووڕبوون و نوێگەری و وزەیەکی زۆر لەگەڵ خۆیاندا بێننە شوێنی کار و کۆمەڵگەکانیان. بەڵام لە عێراقدا کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەشێوەیەکی نالەبار کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەکانی ململانێی چەکداری و سەختیی ئابووری و بەردەوام دووچاری بەربەستی گەورە دەبنەوە بۆ لەخۆگرتنێکی تەواو و یەکسان لە کۆمەڵگەدا. وێڕای ئەمە، ئەگەرچی عێراق خاوەنی یەک لە گەورەترین کۆمەڵگەکانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتە لە جیهاندا، بەڵام حکوومەت و ڕێکخراوە مرۆییەکان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پەرەپێدان ڕاوێژی کەمیان کردووە بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەو ڕێکخراوانەی نوێنەرایەتییان دەکەن.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ راپۆرتێکی نوێی ئامادە کردووە بە ناونیشانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ڕێکخراوە نوێنەرەکانیان لە عێراق: بەربەستەکان، ئاستەنگەکان، ئەولەویەتەکان، بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر گۆشەنیگاکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە عێراقدا. ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای دیمانەکردن لەگەڵ ٨١ نوێنەری ٥٣ ڕێکخراوی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ١٨ پارێزگای عێراق ئەنجام دراوە و کردارگەلێکی بەرجەستە دەستنیشان دەکات کە لایەنەکانی وەکو حکوومەتی عێراق، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە ناحکوومییە نێودەولەتی و نیشتیمانییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێویستە بیگرنە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بەربەستەانەی دێنە ڕێی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، هەروەها چۆنیەتی وەڵامدانەوە بۆ ئاستەنگە سەرەکی و ئەولەویەتەکانی ئەو ڕێکخراوانەی نوێنەرایەتییان دەکەن، لە خۆ دەگرێت.
لەمبارەیەوە سەرۆکی ڕێکخراوی هاوپەیمانی عێراقی بۆ پێداویستی تایبەت IDAO بەڕێز موفق الخفاجی گوتی: "ئێمە خۆشحالین کە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ناوچەی جیاجیای عێراقەوە بەشدارییان کردووە لەم ڕاپۆرتەدا کە ئەمەش داننانە بە درووشمی نێودەوڵەتی [هیچ شتێک لەبارەی ئێمەوە بێ ئێمە مەکەن]. ئێمە بەپەرۆشەوەین بۆ ئەوەی ببینین کە دەرەنجامەکانی ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن بڕیاربەدەستان، حکوومەتی عێراقی، بەخشەرەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، و یاساوانان لەبەر چاو بگیرێت بۆ تواناپێدان و باشتر لەخۆگرتنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت."
سەرۆکی نێردەی ڕێکخراوی نێودەولەتی کۆچ لە عێراق بەڕێز گیرارد وایت گوتی: "ئەم ڕاپۆرتە و ئەو ڕاوێژانەی کە سەرچاوەی زانیارییەکانین ئامانج لێیان باشترکردنی تێگەیشتنی ئێمەیە بۆ بەربەستەکانی بەردەم کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، لەوانەش ئاستەنگە سەرەکییەکان و ئەولەویەتەکانی ئەو ڕێکخراوانەی نوێنەرایەتییان دەکەن، بۆ باشتر ڕێنوێنیکردنی بەرنامەکانمان. ڕاپۆرتەکە گۆشەنیگا بێهاوتاکانی ئەوان دەخاتە چەقی کارەکەوە لەبەر ئەوەی کەس لەوان و ئەو ڕێکخراوانەی کە نوێنەرایەتییان دەکەن باشتر نییە بۆ پێدانی زانیاری لەبارەی بەربەستەکانی بەردەمی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت."
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ هەروەها ڕێبەر:ڕێکخراوەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە عێراق ڕادەگەیەنێت کە ناو و زانیاریی پەیوەندی ڕێکخراوەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ١٨ پارێزگای عێراق لە خۆ دەگرێت.
باڵوێزی ئوستڕالیا لە عێراق خاتوو پاولا گانلی گوتی:"ئێمە هەموومان ڕۆڵێکمان هەیە کە بیگێڕین لە برەودان بە شێوازێکی پشتبەستوو بە مافەکان لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و پەرەپێدان. ئەمە بەشداریکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پرۆسەی ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندی بە ئەوانەوە هەیە مسۆگەر دەکات و وا دەکات بە یەکسانی سوودمەند ببن لەگەڵ کەسانی تردا. شتێکی گرینگە کە ئەم ڕاپۆرتە بۆتە بڵندگۆی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ڕێکخراوەکانیان لە عێراقدا. ئەمە هەنگاوێکی گرینگە بەرەو پابەندبوونمان بە کارنامەی ٢٠٣٠ کە کەس لە دواوە بەجێ نەهێڵین."
لەسەر ئاستی جیهاندا، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ پابەندە بە کەمکردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەستەکانی بەردەم کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت. لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق ستراتیجیی لەخۆگرتنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ٢٠١٩-٢٠٢١ ی ڕاگەیاند کە تێیدا چەندان پێشنیاری خستبووە ڕوو بۆ ڕووپێوکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت؛ هەروەها کارکردن بۆ بەردەستکردنی سەنتەرەکانی کۆمەڵگەیی سەر بە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و دروستکردنی ڕێنمایی بۆ کارمەندان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی لەخۆگر بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
ئەم ڕاپۆرتە بە پاڵپشتی دارایی وەزارەتی دەرەوە و بازرگانیی حکوومەتی ئوسترالیا بەرهەم هێنراوە لەژێر پرۆژەی "پاڵپشتیکردن لە یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی لەڕێگەی ئاوێتەکردنەوە و بووژاندنەوە و سەقامگیرکردن لە عێراقدا"
کلیک لێرە بکە بۆ سەیرکردنی ئەم ڤیدیۆیە کە هەندێک لە سەرنجەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەخاتە ڕوو.