بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق هاریکارى حکومەتى عێراق دەکات لە ئامادەکردنى کۆمەڵگاکان بۆ یەکخستنەوەى گەڕاوەکانى کەمپى ئەل هۆل لەگەڵیاندا
١٨ ئاب ٢٠٢١
هەولێر، 18 ى ئابى 2021- بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بە هاوبەشى لەگەڵ وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران و ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى و بە بەشدارى چەندین بەرپرسى حکومى هەستان بە لەیەکنزیککردنەوەى 74 سەرکردەى کۆمەڵگا و خێڵەکانى پارێزگاکانى ئەنباڕ و سەڵاحەدین و نەینەوا و دیالە لە وۆرکشۆپێکدا بەمەبەستى برەودان بە قبوڵکردنى یەکترى و تێگەیشتن لەنێو سەرکردە نێوخۆییەکاندا بەمەبەستى ئاسانکاریکردن بۆ گەڕانەوە و یەکخستنەوەى ئاوارە نێوخۆییەکان لەگەڵ کۆمەلگاکانیاندا لە عێراق.
بەسەرنجخستنەسەر ئەو خانەوادانەى لە کەمپى ئەل هۆلەوە دەگەڕێنەوە، وۆرکشۆپەکە بە بەرنامەى ئاشتەوایى و یەکخستنەوەى سەر بە بەرنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق دڵنیایى لە گەڕانەوەیەکى پارێزراو و شکۆمەند و تێکەڵکردنەوەى ئاوارە عێراقییەکان دەدات لەگەڵ کۆمەڵگاکانیاندا کە بە هۆى جەنگى داعشەوە ئاوارەبوون. وۆرکشۆپەکە گقتوگۆى هەوڵەکانى حکومەت بۆ گەڕانەوەى ئاوارە نێوخۆییەکان لە کەمپەکانەوە و ڕۆڵى سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان و حکومەتى خۆجێیى لە ئاسانکاریکردن بۆ لە خۆ گرتبوو بۆ یەکخستنەوەى ئەو ئاوارە نێوخۆییانە بۆ زێدى ڕەسەنى خۆیان.
لەمانگە مایسدا، نزیکەى 94 خانەوادەى دانیشتووى کەمپى ئەل هۆل گوازرانەوە کەمپى ئەل جەدعە لە پارێزگاى نەینەوادا لە ژێر سەرپەرشتى ڕاوێژکاریى ئەنجومەنى ئاسایشدا. بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق لەگەڵ حکومەتى عێراقدا کار بۆ دڵنیاییدان دەکات لە ئامادەباشى کۆمەڵگا بۆ قبوڵکردنى ئەو خانەوادانە و کارکردنى زیاتر لەم باریەوە، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ پێشینەى کارى حکومەتى عێراقى لە گەڕانەوەى ئاوارە نێوخۆییەکانى عێراق بۆ شوینەکانى خۆیان.
لەکۆى ژمارەیەکى بێشومارى پێشنیاردا، ئامادەبووان لەسەر پشتیوانیکردنى پلانى حکومەت ڕێککەوتن بۆ گەڕاندنەوەى ئاوارە نیوخۆییەکان و پابەندى حکومەت لە ئەنجامدانى لێکۆڵینەوە لە پێشینەى گەڕاوەکان و دابینکردنى خزمەتگوزارى پێویست و قەرەبووکردنەوەى ئەوانەى زەرەرمەندى دەستى جەنگى دژ بە داعش بوون.
نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، خاتو زێنە عەلى ئەحمەد، جەختى کردەوە لەسەر ”دڵنیاییدان لە ئامادەباشى کۆمەڵگاکان بۆ قبوڵکردنەوەى ئەو خانەوادانەى دواى ئاوارەبوون دەگەڕێنەوە بنچینەیەکى گرینگى یەکخستنەوەیەکى بەردەوامە. بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق پابەندە بە ئامادەکردنى کۆمەڵگاکان بۆ گۆڕانکارى بەمەبەستى جێبەجێکردنى چارەسەرى گونجاو بۆ ئاشتى و پێکەوەژیانى کۆمەڵایەتى لە عێراقدا. “
بریکارى وەزیرى کۆچ و کۆچبەران، بەڕێز کەریم حوسەین عەلى ئەل نورى، گوتى، ”ئەم کۆبوونەوەیە زۆر گرینگ بوو چونکە گوێبیستى پشتیوانى سەرکردە نێوخۆیی و خێلەکییەکان بووین بۆ گەڕانەوەى ئەو ئاوارە نێوخۆییانەى کێشەى ئاسایشیان نییە. پێمان خۆشە ئەم دیالۆگ و گفتوگۆیانە بەردەوام بن بۆ ڕێگە خۆشکردن بۆ گەڕانەوەى ئاوارە نیوخۆییەکان. “
دکتۆر سەعید ئەل جیاشى، ڕاوێژکار، لە ئەنجومەنى ڕاوێژکارى نیشتمانى، دەڵێت: ” پێشکەوتنێکى باشمان بەدەستهێناوە لەمیانى ئەم کۆبوونەوەیەدا و گەیشتوین بە ئەنجام و لەگەڵیدا ڕێککەوتوین کە هەستین بە ڕێکخستنى سەردان بۆ کەمپى ساڕێژى ئەل جەدعە و هەنگاو بۆ گواستنەوەى خانەوادەکانیان بدەین بۆ زێدەکانى خۆیان. “
لەساڵى 2020 دا، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق هەستا بە خستنەگەڕى بەرنامەیەکى پێنج ساڵەى پێکەوەژیانى کۆمەڵایەتى بۆ برەودان بە دروستکردنى کۆمەڵگایەکى بەهیزتر و ئاشتیخواز و تەباتر لە گشت ناوچەکانى عێراقدا. پڕۆژەى ئاشتەوایى و یەکخستنەوەى کۆمەڵگا پشتیوانى ئامادەباشى و گەڕانەوەى کۆمەڵگا و یەکخستنەوەى ئەو خێزانانەى گومانى پەیوەندیکردنیان لێ دەکرێت لەگەل داعشدا دەکات و زۆربەى کاتیش ئەم خانەوادانە پشتگوێخراوترین و دۆخناسکرترینن.