"ئێمە ئیلهام لە باوکانمان و براکانمان وەردەگرین بۆ خزمەتکردن لە پێناو ئاشتی"
ئەمانە ئەو وشانەن کە پەیوەندییەکی بەهێز لەنێو گروپێکی حەوت کەسی لە سەربازی ئافرەتی گەنج و ئیلهامبەخش و ئازا و کارامەی سەربە هێزی ١ی پیادەی فیجیدا دروست دەکەن، کە لە ئێستادا لە یەکەی پاسەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق خزمەتدەکەن.
لە ژێر تیشکی بەهێزی خۆری بەیانیدا سەربازە ئافرەتەکان – کە دووان لەوانە لە ئەفسەرە دەستپێشخەرەکانی هێزی دەریایین لە یەکەی هێزی دەریایی فیجی – کڵاوە شینە نەخشێندراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لەسەر دەکرد و شوێنی خۆیان دەگرت شانبەشانی ٥٥ سەربازی پیاو لە هێزی پاسەوانی فیجی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە کاتێکدا کە ترپەی دڵیان بە خێرایی لێیدەدا بەهۆی دڵخۆشبوونیان بەوەی کە یەکەمجارە مەدالیای نەتەوە یەکگرتووەکان وەردەگرن وەك شانازییەك بۆ یەکەم سێ مانگی خزمەتیان، سەریان بەرزکردۆتەوە و بە پێکانیان بە شێوازی سەربازی لەسەر ئاوازی تەپڵەکان ڕێدەکەن. لەم کاتەدا ڕێوڕەسمەکە دەستی پێکرد.
ئەوەی گرنگە بریتییە لەو ڕاستییەی کە ئەو رێوڕەسمە هاوکاتە لەگەڵ پەنجاویەکەمین ساڵیادی سەربەخۆیی کۆماری فیجی، کە شانازییەکە بۆ خۆتەرخانکردن و قوربانی و خزمەتی هێزە فیجییەکان، کە لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٤ەوە لە عیراق خزمەتیان کردووە.
ڕێوڕەسمەکە بەسەرۆکایەتی میوانی سەرەکیی شەرەف، خاتو ئینگیبۆرگ سۆلرون گیشلادۆتیر، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، بوو. ئەو خاتونە بە نەرمونیانی پاسەوانی شەرەفی دەپشکنی و پاشان مەدالیای بریسکەداری زیوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە گیرفانی لای چەپی سنگی سەربازە پێ ڕەواکان دەدا. لە وتەیەکیدا، خاتو سۆلرون گیشلادۆتیر، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پیرۆزبایی لە بەتالیۆنی فیجی کرد و دەستخۆشی لێ کردن بۆ " پابەندبوون و خۆتەرخانکردن و نەرمونیانییان و لە خۆبووردەییان لە دابینکردنی سەلامەتی و ئاسایشی شوێنەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) و هەموو مەڵبەندەکانی لە سەرانسەری وڵاتدا.
دەرەنجامی نمایشەکە بریتیبوو لە بۆنەیەکی ڕەنگاوڕەنگ و شکۆدار، هەروەها بووە دەستپێکێك بۆ گردبوونەوەیەکی نافەرمی نەریتیی و ڕەمزی. ئەگەر یەکێك شادبووبێت بە تێکەڵبوون لەگەڵ فیجییەکان یان لە ڕێگەی سڵاوی گەرمی نەریتیی "بولا بولا"وە بەخێرهاتیان کردبێت، ئەوا هیچ جێگەی سەرسوڕمان نیە کاتێك هێزە پاسەوانە فیجییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی ئاسایی و بە دەنگێکی پڕەوە و بە ئاواز و میلۆدی و لاواندنەوە باوەش لە خزمەتکردن و قوربانیدان دەدەن؛ لوتکەی چێژوەرگرتن و دڵخۆشی و شانازییە.
بە سەیرکردنێکی کەمپی پاسەوانە فیجیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان زەردەخەنە لەسەر دەموچاوەکانی ئەو حەوت ئافرەتە گەنجە دەبینی کە هەموویان لە نێوان تەمەنە ناسکەکانی ٢٤ ساڵی تا ٢٨ ساڵیدان، ئەمە وادەکات کە نیگەرانییەکانی دووری لە وڵات و دووربوون لە باوەشی کەسە خۆشەویستەکانت بڕەوێنێتەوە. ئەوان بەڕاستی لەگەڵ بارودۆخی ئاشتیپارێزیدا دەگونجێن و هەروەها دڵنیان لەوەی کە بەخشینی کات و شارەزاییان لە گۆڕەپانی کاردا وادەکات هەست بە ڕەزامەندی بکەن کە لەوانەیە لە کاتی کارکردن لە وڵاتی خۆیان ئەو هەستەیان بۆ دروست نەبێت. هەروەك یەکێك لە ئافرەتەکان بە شەرمەوە وتی: "من ئیلهام لە خزمەتکردن لە پێناو ئاشتیدا وەردەگرم؛ بۆ ئەوەی جیهان بکەمە شوێنێکی باشتر."
زۆر سوپاس فیجی بۆ خزمەت و قوربانیدانتان!
نووسینی: لەیلا شەمجی، نوسینگەی ڕاگەیاندنی یونامی
بەغدا، عیراق
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١
وەرگێڕانی: ڕەشوان ساڵح، نوسینگەی ڕاگەیاندنی یونامی – هەولێر