ئەنبار، دووەم پارێزگا بۆ کردنەوەی سەنتەری پاراستنی ژنان لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان
٠٨ تشرینی دووەم ٢٠٢١
8ی تشرینی دووەمی 2021؛ ئەنبار، عێراق – ڕۆژی دووشەمە، پارێزگای ئەنبار بە پشتیوانی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان و پاڵپشتی دارایی حکومەتی سوید سەنتەرێکی پاراستنی ژنانیان لە قەزای هیت کردەوە.
![](/sites/default/files/styles/large/public/2021-11/Anbar%2C%20Second%20Governorate%20to%20open%20a%20Women%20Protection%20Centre%20with%20UNFPA.jpg?h=21f40944&itok=F6-esx1W)
سەنتەرەکە خزمەت بە هەموو پارێزگای ئەنبار دەکات وهاوکاریی دەروونی و یاسایی، ڕاوێژی پزیشکی، خزمەتگوزاریی تەندروستیی زایندەی و پاراستنی ڕزگاربووانی توندوتیژیی جێندەری پێشکەش دەکات. هەروەها ژنان و کچان سودمەند دەبن لە پرۆگرامی پەروەردەیی بە تایبەتی لێهاتوویی ژیان، بژێوی ژیان و بەشداری مەدەنیانە.
لە پاش کردنەوەی سەنتەرەکە، بەڕێز موهنەد زێباری، سەرۆکی شارەوانی هیت، دکتۆر ڕیتا کۆڵۆمبیا، نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لە عێراق و نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی و رێکخراوەکانی ژنان ئامادەبوون.
بەڕێز زێباری لە میانی قسەکانیدا وتی: "دەمەوێت سوپاسی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان بکەم بۆ پشتیوانییان لە ژنان و کچان لە ئەنبار. ئێمە سوپاسگوزارین بۆ یەکەم جار لە ئەنبار و بە تایبەتی لە هیت ناوەندێکی لەو شێوەیەمان هەیە. ژنان ئەندامی بنەڕەتی کۆمەڵگای ئێمەن و پاراستن و تواناسازییان کلیلی پێشکەوتنی ئەنبارە. ئەم سەنتەرە دڵنیای دەداتە ڕزگاربووانی توندوتیژیی جێندەری کە خزمەتگوزاری گونجاو وەردەگرن، هەلی ئەوەیان هەیە کە دووبارە دەست پێبکەن و بەردەوام بن لە ژیان."
دکتۆر کۆڵۆمبیا جەختی لەسەر ڕۆڵی ژنان و کچان کردەوە و وتی: "ژنان و کچان کرۆکی هەموو کۆمەڵگایەکن، ئەوان ئەو دەسەڵاتەن کۆمەڵگاکان بەرەو پێش دەبەن. سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان پشتیوانی خۆی بۆ پارێزگای ئەنبار دووپات دەکاتەوە بۆ ئەوەی پێداویستی و مافەکانی ژنان و کچان جێبەجێ بکرێت و لە هەر جۆرە توندوتیژییەکی جێندەری پارێزراو بن."