بەغدا، ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١
ئەمڕۆ، بۆ یادکردنەوەی رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤی ساڵی ٢٠٢١، نووسینگەی مافی مرۆڤی یونامی پیشانگای هونەریی "مافی مرۆڤ و فرەیی لە عێراق" ی کردەوە.
پیشانگا هونەرییە دوو ڕۆژییەکە دەبێتە مایەی کۆکردنەوەی ئەندامانی ئاشووری و کلدان و کاکەیی و فەیلی و سابیئەی مەندایی و شەبەک و سریان و تورکمان و یەزیدی و زەردەشتی و خەڵکی بە رەگەز ئەفریقی کە تابلۆ و وێنە و مۆسیقا و هۆنراوە و شێوەکاری و هەندێ شوێنەواری تریان خستەڕوو کە هەموویان دەرخەری زمانی دەوڵەمەند و فرەیی ئاینی و نەتەوەیی بوون.
هەروەها، چالاکییەکە دەرفەتێکیش بوو بۆ یادکردنەوەی پەسندکردنی "جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ" لەلایەن ئەنجوومەنی گشتییەوە لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٨. سەرباسی ئەمساڵی رۆژی مافی مرۆڤیش بریتییە لە " یەکسانی- کەمکردنەوەی نایەکسانی و بەرەوپێشبردنی مافی مرۆڤ" کە ڕەنگدانەوەی ماددەی ژمارە ١ ی ئەو جاڕنامەیە کە بەگوێرەی ئەو "هەموو کەسێک بە سەربەستی و یەکسان لە ماف و شکۆ لە دایک دەبێت."
شایانی باسە، زیاتر لە ٣٠ بەشداربووی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامودەزگا حکومییەکان دەرفەتی ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییان لەگەڵ هونەرمەندان و نوێنەرانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی سەبارەت بە هونەر و مافی مرۆڤ بۆ ڕەخسا لەبەر رۆشنایی سەرباسەکەی ئەمساڵدا. پیشانگا هونەرییەکە بە مۆسیقای زەردەشتی رازایەوە.