پرۆژەی بێستانداری لە ئاکرێ توانا بە ئافرەتانی ئاوارەی ناوخۆیی دەبەخشێت
پرۆژەی بێستانداری لە ئاکرێ توانا بە ئافرەتانی ئاوارەی ناوخۆیی دەبەخشێت
پرۆگرامێکی یونیدۆ کە لەلایەن حکومەتی یابانەوە تەمویل دەکرێت توانا و شارەزایی گرنگ پێشکەشی ئافرەتانی ئاوارەی ناوخۆیی لە ئاکرێ دەکات تاکو بتوانن بەرهەمی خۆیان بڕوێنن و یارمەتیی خێزانەکانیان بدەن.
کامپی ئاوارەی ناوخۆیی مامیلیان، کە تێیدا مڕەمڕی تراکتۆرەکان بە کێڵانی زەوییەکانی ئەو دەوروبەرە بەسەر ژاوەژاوی زۆربڵێیی زاڵ دەبێت، بەم نزیکانە دەبێتە جێی ٨٠ بێستانی بەرهەمە سەوزەمەنییەکان، کە لەلایەن ئافرەتانی کامپەکەوە بەڕێوە دەبرێن. زۆرینەی دانیشتوانی کامپەکە لەو كه سانه ن کە لە هێرشی وێرانکاری داعش لە ساڵی ٢٠١٤ هەڵهاتوون.
مەیان ئیسماعیل، دایکی پێنج منداڵ و خەڵکی باشیكە، جاران وەها راهاتبوو گەشتی ناوچەکانی باکوری عێراق بکات و بچێتە سەر زەوییەکی کشتوکاڵی لە شارۆچکەی رەبیعە کە دەکەوێت سەر سنوری سوریا و بە بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بەناوبانگە. ئەم یەکێکە لەو ٨٠ ئافرەتەی بەشداریی پرۆژەکە دەکەن. ئەو ئێستا ئەو کەرەستانەی هەیە کە پێویستیین بۆ رواندنی جۆرەها بەروبوومی کشتوکاڵی، هەر وەك ئەوەی لە شوێنی خۆی لە باشیك بەکاری دەهێنان.
مەیان دەڵێت، "زۆربەی ئەو خەڵکەی لێرەدان بێکارن. ئەمە خولێکی راهێنانی باشە چونکە دەبێتە هۆی دابینکردنی دەرامەتێك بۆ خێزانەکانمان. هەندێك لە ئافرەتەکان بێوەژنن و، سەرۆکی خێزانن و، هیچ سەرچاوەیەکی دەرامەتیان نییە."
ئەم کامپە کە ١٧٠ خێزان لەخۆ دەگرێت دەکەوێتە خوارووی رێگایەکی دووری خاکی کە دەڕوانێتە زەوییە کشتوکاڵییەکانی نزیك شاری ئاکرێ. هەڵکەوتەکەی و نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاسانکارییەکان تێیدا، وای کردووە دانیشتوانی کامپەکە ئەرکە بنەڕەتییەکانیان بە زەحمەت ئەنجام بدەن. مەیان دەڵێت پێویستی بەوە هەیە بە ئۆتۆمبێل بگەیەنرێتە جادەیەکی نزیکیان تاکو بتوانێت خواردن و پێویستییەکانی بکڕێت. ئەو ئێستا دەیەوێت بۆ مانگەکانی زستان پاقلەمەنی و سیر و پیاز لەسەر ئەو پارچە زەوییە گەورەیەی بۆ هەر ئافرەتێك دابین کراوە بچێنێت.
لە کۆتا رۆژی خولە یەك هەفتەییەکە، ئافرەتەکان لەسەر پارچە زەوییەکی رووتەنی چوارگۆشە کۆدەکرێنەوە لە کاتێكدا کە سێ لە هاوەڵەکانیان چووکڵ لە عەرزەکە دەدەن و بەردەکان سەرووژێر دەکەن و، راهێنەرەکە چەند کۆتا ئامۆژگارییەکیان پێ دەبەخشێت. لە سایەی یونیدۆ و حکومەتی یابان و بەڕێوەبەرایەتیی کامپەکە، ئافرەتەکان هەر یەکە و پارچەیەك زەوییان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی سەوزەکانی خۆیانی لەسەر بڕوێنن و، هەروەها کۆمەڵێك کەرەستەی بێستانداری و تۆووی سەوزەمەنیان پێ دەدرێت کە بەشی هەر چوار وەرزەکە بکات.
"پرۆژەکە زۆر باشە. بە راستی سوودی زۆری پێ گەیاندووین،" ئەمە قسەی سەبری مورادە، کە حەوت ساڵ لەمەوبەر لە شاری موسڵەوە بۆ ئەم کامپە هەڵهاتووە. "وەك دەبینن، ئێمە لەناو چادردا دەژین. ئەمەیش ژیانێکی زۆر هەژارانە و ئەستەمە. ئێستاش، توانای ئەوەم دەبێت بەروبوومەکەی خۆم بفرۆشم و بۆ خواردنی خۆشمان بەکاری بهێنم."
سەبری خۆشحاڵە بەوەی کە دەتوانێت یارمەتیی زیاتری خێزانەکەی و پێنج منداڵەکەی بدات و، بەوەی کە خۆی کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر پارچە زەوییەکەی دەبێت. هەر ئافرەتێك پارچە زەوییەکەی خۆیی لە نزیك گەڕەکەکەیان پێ دەدرێت.
"ئەمە سەربەخۆییم پێ دەبەخشێت،" وەهای باس دەکات.
بە پێی قسەی بەڕێوەبەری کامپەکە، محەمەد موتلیب، ئەم پرۆژەیەی یونیدۆ دەبێتە رزگارکەری ژیانی ئافرەتانی کامپەکە و، وەها پلانی بۆ دانراوە کە ئافرەتێك لە هەر یەکێك لە ١٧٠ خێزانەکەی کامپەکە بەشداری پێ بکات و راهێنانیان لەسەر کار و بازاڕگەری پێشکەش بکات و ئامۆژگارییان بکات لەبارەی چونێتی گەشەپێدانی بەرهەمەکانیان و لەبارەی کەرەستەکانی بێستانداری و، هەروەها لەسەر زانیارییەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی کۆڤید١٩.
"لای ئێمە رێکخراوی زۆری لێ نییە کە لێرە کار بکەن، تەنها یونیدۆ و یونیسێف هەن. رێکخراوی وۆرڵد ڤیژن یارمەتیی نەختینە پێشکەش دەکات،" بەڕێوەبەری کامپەکە باسی دەکات. "زۆربەی ئافرەتانی ئێرە داوای خولەکانی راهێنان دەکەن. ئەوان دەڵێن پیاوان دەتوانن کار بکەن، بەڵام ئەو ئافرەتانە پێویستیان بە راهێنان هەیە."