لێدوانی ڕۆژنامەوانی

بە بۆنەی رۆژی جیهانی خوێندنەوە، هەڵمەتی گەڕانەوە بۆ فێربوون لەلایەن یونیسكۆ، ئەڵمانیا و كەنەداوە، 50,000 منداڵ و هەرزەكاری دەستنیشان كرد بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە لە عێراق

٢٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٢

بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی پەروەردەی عێراقی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، پاڵپشتی لە 14,000 منداڵ و هەرزەكاریش كرا بۆ ئەوەی خۆیان تۆمار بكەن یان دووبارە تۆماربكەنەوە لە قوتابخانەكاندا.

بەغداد، 24ی كانوونی دووەمی 2022- هەروەك لە رۆژی جیهانی خوێندندا راگەیەنرا كە رێككەوتی 24ی كانوونی دووەمە، 50,000 منداڵ و هەرزەكار دەستنیشانكران و پاڵپشتی لە 14,000یش كرا بۆ ئەوەی خۆیان تۆمار بكەن یان دووبارە تۆمار بكەنەوە لە قوتابخانەدا، ئەویش وەك دەرئەنجامی "هەڵمەتی گەڕانەوە بۆ فێربوون"، كە لە ساڵی 2021دا تەواو كرا.  پرۆژەكە، كە یونیسیف هەماهەنگی بۆ ئەنجامدا لەگەڵ وەزارەتەكانی پەروەردەی عێراقی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، و ئەڵمانیا و كەنەداش داراییان بۆ دابینكرد، لە رێی تیمە گەڕۆكەكانەوە ئەم منداڵ و هەرزەكارانەی دەستنیشانكرد و ئاسانكاری كرد بۆ خۆتۆماركردنیان لە خوێندنی فەرمی و نافەرمیدا.

دونیا كە كچێكی 13 ساڵە لە هەولێر، و یەكێكە لەو كچانەی دووبارە تۆماركراونەتەوە لە قوتابخانە بەهۆی ئەم هەڵمەتەوە. دەڵێت: "من بە هۆی گرفتی تەندروستییەوە وازم لە قوتابخانە هێنا. ئێستا و بەهۆی هەڵمەتەكەوە، دووبارە گەڕاومەتەوە بۆ قوتابخانە. ئەمە شتێكی زۆر باشە!!"

ئەو منداڵ و هەرزەكارە دەستنیشانكراوانەی دیكە كە لەبارێكدا نەبوون بۆ ئەوەی تۆمار بكرێنەوە لە سیستمی فەرمی قوتابخانە پشتیوانیكران بۆ ئەوەی پەیوەندی بە دەرفەتەكانی خوێندنە نافەرمییەكانەوە بكەن. لە عێراقدا، هەزاران منداڵ و هەرزەكار لە دەرەوەی سیستمی خوێندنن، بە تایبەتی ئەوانەی لەبارێكی لاوازدان. پەتاكە ئەم دۆخەی خراپتر كرد، و بە هەزاران منداڵ و هەرزەكاری خستە باری مەترسی راوەستانی گەشەكردنیانەوە. یونیسێف هەوڵەكانی چڕ دەكاتەوە بۆ بەرفراوانكردنی دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی بنەڕەتی بۆ ئەو منداڵانەی وازیان لە قوتابخانە هێناوە و ئەوانەی لە دەرەوەی قوتابخانەن لە عێراقدا.

"ئەم نەوەیەی منداڵان و لاوان بەرگەی دابڕانی زیاتر لە خوێندن ناگرن. یونیسێف درێژە بە كاركردنی دەدات لەگەڵ وەزارەتەكانی پەروەردە عێراقی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو منداڵێك دەرفەتی خوێندنی هەبێت تاوەكو گەشە بكات و بەرەوپێشبچێت و ئایندەیەكی باشتر بەدەست بهێنێت." ئەمە قسەی شیما سێنگوپتا، نوێنەری یونیسێفە لە عێراقدا.

باڵیۆزی كۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا لە عێراق، مارتین يیگر رایگەیاند كە: "پەروەردە بناغەی ژیانێك خۆبەدیهێنەرە. پێویستە هەمو دەرفەتێك بە منداڵان بدرێت بۆ برەودان بە خوێندنەكەیان و بۆ فێربوونی هەر شتێك كە پێویستییان پێیەتی بۆ ئەوەی بتوانین جڵەوی پاشەرۆژی خۆیان بگرنەدەست. ئەڵمانیا شانازی دەكات بە پشتیوانیكردنی یونیسفەوە بۆ دروستكردنی پانتایی سەلامەت و تەندروستی فێربوون بۆ منداڵان لە عێراقدا."

"قەیراە قووڵەكان لە عێراقدا، لە نێویاندا پاشماوەی كاریگەرییەكانی شەڕ و پەتای كۆڤید-19، كاریگەری لە رادەبەدەریان هەبووە لەسەر دەرفەتەكانی خوێندنی بەردەم منداڵان و هەرزەكاران. كەنەدا خۆشحاڵە بە پشتیوانیكردنی هاوبەشەكانی وەك یونیسێف بۆ گەڕاندنەوەی زۆرێك لە كچان و كوڕان بۆ خوێندن. خوێندنی سەلامەت، و باش و گشتگیر یەكێكە لە مافەكانی مرۆڤ و سەرجەم قوتابییان شایستەی ئەوەن لێی بەهرەمەند بن، بە چاوپۆشین لەوەی لە كوێ دەژین،" ئەمە لێدوانی جەیمس كریستۆفە، كە هەڵسوڕێنەری كاروبارەكانە لە باڵیۆزخانەی كەنەدا لە عێراق.

لە رێی ئەم دەستێوەردانەوە، یونیسێف راهێنانی بە 330 مامۆستا، كارمەندی كۆمەڵایەتی و ستافی پەروەردەی كرد لە دهۆك، هەولێر، كەركوك، نەینەوا، باكووری دیالە و سلێمانی بۆ ئەوەی لە كۆمەڵگەكانیاندا كار بكەن و بە رێگای جیاواز پشتیوانی بكەن لە گەڕانەوەی منداڵان بۆ قوتابخانە، وەك دەستنیشانكردنەكانی نێو كۆمەڵگە، گفتوگۆی نێوان گروپەكان، و گەڕانی ماڵ بە ماڵ، و دانیشتنە تاكەكەسییەكان.

د.عەبیر موفەكر بوو، كە بەڕێوەبەری پەروەردەی حەدبایە لە نەینەوا، دەڵێت: "هەڵمەتی گەڕانەوە بۆ فێربوون بە راددەیەكی گەورە مایەی قبوڵكردن بوو لەلایەن دانیشتوانەوە، بە تایبەتی لە نێو ئەو خێزانانەی كە داهاتێكی كەمیان هەبوو و ئەوانەی دەرفەتەكانیان لەدەست دابوو بەهۆی شەڕ و ئاوارەبوونەوە لە نەینەوا، قوتابییەكان زۆر خۆشحاڵ بوون  كە زانیان بە پاڵپشتی یونیسێف، هێشتا دەرفەتیان لەبەردەمدایە. ئەوان بە پێشكەشكردنی چا و شیرینی پێشوازییان لە تیمە گەڕۆكەكان كرد و رێیان پێدان بچنە ماڵەكانیانەوە."

هەروەها تیمەكان توانیان ئەو حاڵەتانە دەستنیشان بكەن كە پێویستیان بە بایەخپێدانێكی تایبەت هەبوو. دیمەن وەلی، كارمەندی كۆمەڵایەتی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر، ئاماژەی بەوە كرد: "لە میانەی سەردانەكانمدا، دایكێكم بینی باسی ئەوەی كرد كوڕەكەی خاوەن پێداویستی تایبەتە و زەحمەتە كە تۆماری بكات لە قوتابخانەدا. لە رێی ئەم پرۆژەیەوە، توانیمان تۆماری بكەن، ئەوان زۆر خۆشحاڵ بوون!"

يونیسێف پشتیوانی لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێچكەی كاركردنە كە شێوەی تۆڕێكی وەرگرتووە، كە دەبێتەهۆی برەودان بە پەیوەندی نێوان سیستمی پەروەردە و كۆمەڵگەكان، و گرنگییەكی گەورەی هەیە بۆ بەدەستهێنانی دەرئەنجامی باشتر. هەروەها پەرە دەدات بە رێچكەی چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر ئاستی كۆمەڵگە، كە لە میانەیدا كێشە دەستنیشانكراوەكان  لە رێی دامەزراوە مەحەلییەكان و خودی ئەندامانی كۆمەڵگەوە، چارەسەر دەكرێن.   

Miguel Mateos Muñoz

ميگێل ماتيۆس مونۆس

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
سه‌رۆكى تيمى په‌يوه‌ندييه‌كان

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت