باوبۆرانێکی قورس لە عێراقی دا و لەسەر خەڵکی ئاوارە و کەمدەستیش قورستر کەوتەوە
"هەر کەسێکمان چوار دەست جلوبەرگمان لەبەر دەکرد بە تایبەتی بۆ منداڵەکان بۆ ئەوەی شەو سەرمایان نەبێت،" مزگین وەك پەنابەرێکی سووریی دانیشتووی کامپی دۆمیز
"هەر کەسێکمان چوار دەست جلوبەرگمان لەبەر دەکرد بە تایبەتی بۆ منداڵەکان بۆ ئەوەی شەو سەرمایان نەبێت،" مزگین وەك پەنابەرێکی سووریی دانیشتووی کامپی دۆمیز، کە گەورەترین کامپی پەنابەرانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئاوای باس دەکرد لە کاتێكدا جەریکانێکی لە نەوتی سپی پر دەکرد بۆ ئەوەی پەناگەکەیی پێ گەرم بکاتەوە.
مزگین ووتیشی، "سووتەمەنی گرانە و، هەموو ئەو پارەیەیشی کە لە یوئێن ئێچ سی ئار، کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، وەریدەگرم، بە زەحمەت بەشی ئەوە دەکات سووتەمەنیی پێ بکڕم. ئەمەیش بەشی ئەوە ناکات زستانی پێ ببەینە سەر."
شەپۆلێکی دەگمەنی بەفر و باران کە لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا داباری لەگەڵ سەرمایەکی پلەکانی ژێر سفر کە دەگەیشتە هەشتە پلەی سیلیزی ژێر سفر. ئەم کەشوهەوایە سەختە بووە هۆی راوەستانی قوتابخانەکان و، داخستنی رێگاکان و زیانی گەیاندە ئەو چادر و پەناگانەی خەڵکانی پەنابەری و ئاوارەی ناوخۆییان تێدا دەژین.
بۆ زۆرێك لە پەنابەرای وەك مزگین و ئەو هاووڵاتییە عێراقیانەیشی بە هۆی توندوتیژییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق لە ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٧ ئاوارە بوون، ئەم سەرمایە سەختە و هاوکات لەگەڵ کەمی و نەبوونی سووتەمەنیی پێویست بۆ خۆگەرمکردنەوە سەخت بوو بۆیان. زۆرێکیان هێشتا لە کامپ و گوندەکاندا لەناو چادر و پەناگەی کاتیدا دەژین و بەرگەی ئەم بارودۆخە سەختەی کەشوهەوا ناگرن.
هەدییە لە ساڵی ٢٠١٤ و لە پارێزگای ئەنبارەوە ئاوارە بووە پاش ئەوەی حەوت لەمەوبەر میردەکەیی لە شەڕێکدا لەدەست دا، و ئێستا لە چواردەوری شاری هەولێر دەژیت. وەك بێوەژنێکی خاوەن چوار منداڵ، هەرگیز سەرمای لەم شێوەیەی نەبینوە: "پێویستیمان بە ئەوە هەیە بە دریژایی رۆژ و شەو خۆمان گەرم بکەینەوە، بەڵام ئەوەی کە پێمان هەڵدەسووڕێت تەنها بەشی شەش حەوت سەعات خۆگەرمکردنەوەمان دەکات لە رۆژێکدا."
هەدییە لە ماڵەوە نان دەکات و بە خەڵکی گەڕەکەکەی دەفرۆشێت تاکو پێداویستییەکانی پێ دابین بکات. ووتیشی، "خۆشحاڵ بووم بەو هاوکارییە نەختینەیەی پێیان دام بۆ ئەوەی سووتەمەنیی پێ بکڕم؛ ئەگینا منداڵەکانم بە هۆی ئەو سەرما سەختەوە نەخۆش دەکەوتن."
پەنابەرانی سوریا و شوێنەکانی دیکە و هەروەها ئاوارە ناوخۆییە عێراقییەکانیش کارەکانی خۆیانیان لەدەست داوە بە هۆی کەرەنتینە و کزبوونی دۆخ و جموجووڵی ئابوری بە هۆی ئەو پەتایە. بۆ خۆیشی لە ماوەی زستاندا کار هەر کەم دەست دەکەوێت، چونکە زۆربەیان کرێکاری رۆژانەن و لە کارە بیناسازییەکان و گێڵگە کشتوکاڵییەکان کار دەکەن.
هالە بێوەژنێکی دانیشتووی کامپی ئاوارە ناوخۆییەکانی لە بەحرکە لە هەولێر، بەردەوام لە خوا دەپاڕێتەوە هیچ شتیکی خراپ بە بەسەر ئەو حەوت نەوەیەی بۆی بەجێماون دوای ئەوەی دایك و باوکیان لە ماوەی شەڕەکەدا دیار نەمان: "من ئێستا تەنها خودا و ئەم سیمکارتەم هەیە کە هاوکاریم پێ دەگەیەنێت." کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)، لە رێگەی دەزگاکانی گواستنەوەی نەختینە، هاریکاریی کاش راستەوخۆ دابەش دەکاتە سەر پەنابەران و ئاوارە عێراقییەکان، لە رێگەی هەناردنی کاشەکە بۆ جزدانی ئەلیکترۆنیی ناو مۆبایلەکانیان. ئەمەیش یارمەتییان دەدات لەوەی کە خۆیان بگەیەننە نزیکترین ئامێری کاش و بە گوێرەی ئەوەندی بەکاری دەهێنن پارەی لێ دەربهینن و پێداویستییەکانی خۆیانی پێ دابین بکەن.
کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) و هاوبەشەکانی لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووەوە دەستیان کردووە بە دابەشکردنی هاریکاری زستانە بە شێوەی پارەی کاش بەسەر خێزانە کەمدەستەکانی پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان. سەرۆکی کۆمیسیۆن لە سلێمانی، بۆڵا هان ئەوەی دووپات کردەوە کە: "لانیکەم لەبەر ئەوەی کە ئێمە لەپێش هاتنی سەرماوسۆڵەکە هاریکارییە کاشەکانمان دابەش کردبوو، ئەم خێزانانە توانیبوویان سووتەمەنیی خۆگەرمکردنەوە و جلوبەرگی گەرم بۆ منداڵەکانیان بکڕن پێش ئەوەی بکەونە ناو کەشوهەوایە خراپەوە." لەم زستانەدا، زیاتر لە ٥٤٦،٠٠٠ کەس (پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆیی) لە عێراق سوودمەند بوون و هاریکاریی بەکاشیان وەرگرتووە. کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) بە پێویستی دەزانێت سوپاس وڵاتانی کۆمەکبەخش بکات کە بریتین لە هەر یەکە لە: کەنەدا، کۆماری چیك، فەرەنسا، ئەڵمانیا، لوکسەمبورگ، کۆماری کۆریا، سوید، سویسرا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە تەمویلی دیارینەکراویان پێشکەش کردووین بۆ یارمەتیمان دەدات بتوانین لە کات و شوێنی زۆر پێویستدا راستەوخۆ تەمویلی لێ بەکار بهێنین.