لێدوانی ڕۆژنامەوانی

لە رۆژی جیهانی ئافرەتاندا، یونیسێف و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان بە پاڵپشتی ئاژانسی ئەمەریكی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، وێستگەی رادیۆی "دەنگێك بۆ یەكسانی" دادەمەزرێنێت لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا، لە پێناو تواناداركردنی ئافرەتا

٠٨ ئازار ٢٠٢٢

لە ژێر ناوی" یەكسانی جێندەری لە پێناو دوارۆژێكی بەردەوامدا"، لەم ساڵدا رۆژی جیهانی ئافرەتان جەخت دەكاتەوە لەسەر كاریگەری نەرێنی پەتای كۆڤید-19 لەسەر ئافرەتان و كچانی هەرزەكار، بە تایبەتی لە رووی زیادبوونی توندوتیژی جێندەرییەوە.

هەولێر، 8ی مارسی 2022.- یادكردنەوەی رۆژی جیهانی ئافرەتان، لە ژێر دروشمی "یەكسانی جێندەری لەمڕۆدا لە پێناو دوارۆژێكی بەردەوامدا!" عێراق خۆشحاڵە بەو دەستكەوتە بەرچاوانەی ئافرەتان و كچان لە كۆمەڵگەكانماندا بەدەستیان هێناوە و یونیسێف و هاوبەشەكانی  پابەندبوونەكانی خۆیان چڕ دەكەنەوە بۆ درێژكردنەوەی ئەو دەستكەوتانە بۆ هەموو كچێك، و لە هەر شوێنێك بێت. لەم بۆنەیەدا،  ئەمرۆ یونیسێف و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی ئەمەریكی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، وێستگەیەكی نوێی رادیۆیان دامەزراند بە ناوی" دەنگێك بۆ یەكسانی"،  كە پێگەیەكی بەهێزە بۆ پشتیوانیكردن لە خۆشگوزەرانی و تواناداركردنی ئافرەتان و كچانی هەرزەكار و بۆ چارەسەركردنی پرسی بەرگرتن بە توندوتیژی جێندەری و توندوتیژی دژی كچان و كوڕان، بە تایبەتی لە نێو ئاوارە ناوخۆییەكان، پەنابەران و كۆمەڵگە لەخۆگرەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا.

بەڕێزان رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق، ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر، كونسوڵی گشتی ئەمەریكا، رۆبەرتۆ پاڵادینۆ، و خاتوو شییما سەنگوپتا، نوێنەری یونیسێف لە عێراق و چەند لایەنێكی دیكە ئامادەی مەراسیمەكە بوون.

لەسەر بنەمای هاوكاری نێوان یونیسێف و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، ئەوا "دەنگێك بۆ یەكسانی"  دەبێتە سەدای دەنگی ئافرەتان و كچان لە هەرێمی كوردستانی عێراق، هەروەها سەدای دەنگی پیاوان و كوڕان وەك پاڵپشت و پشتیوانكار لە گۆڕانكاری لە پێناو خێراتركردنی بەدیهێنانی یەكسانی ئافرەتان. ئەمەش برەو بە رێچكەیەكی بەشداریكردن دەدات كە ئامانج لێی هاندانی بیركردنەوەی رەخنەگرانەیە لەسەر هێز و بەهێزکردنی دەنگ و ئاژانسەكە، هەروەها ئاسانكاری دەكات بۆ بەدیهێنانی هاوبەشێتی لە نێو رێكخراو و كەرتەكاندا.

وێستگە رادیۆییەكە هەنگاوێكی دیكەیە بۆ تواناداركردنی ئافرەتان و كچانی هەرزەكار لە وڵاتەكەدا. عێراق بەرەوپێشچوونی گرنگی بەدەستهێناوە لە مافەكانی ئافرەتان و كچاندا، بە تایبەتی لە پەیوەندیكردنی كچان بە خوێندنەوە و كەمبوونەوەی رێژەی مردنی كچانی منداڵەوە. لەوەش زیاتر، پلانی دووەمی كاری نیشتیمانی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان 1325 (2020-2024)، ستراتیژییەتی نیشتیمانی لەبارەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و كچان ( 2018-2030) و پلانی پەرەپێدانی نیشتیمانی (2018-2022) رێككاری گونجاون بۆ ئەوەی حكومەت بخرێتەبەردەم بەرپرسیارێتی پاراستنی مافەكانی كچان و ئافرەتانەوە.

هەرچۆنێك بێت، سەرباری هەوڵەكان بۆ گەیشتنی بە یەكسانی و هاوشانی جێندەری، هێشتا چەندین ئاستەنگ گەورە هەن لە عێراقدا. داتاكانی ئەم دواییە زیادبوونی %125ی روداوەكانی توندوتیژی جێندەرییان دووپات كردەوە كە لە ساڵی 2021دا هەواڵیان لەبارەوە دراوە بە بەراورد بە ساڵی 2020،  و گەیشتە زیاتر لە 22,000 كەیس. ئەم زیادبوونە لە هەواڵدان لەبارەی كەیسەكانەوە گرێدراوە بە دەستپێكردنەوە و بەرفراوانبوونی خزمەتگوزارییەكانی پەیوەندیدار بە توندوتیژی جێندەرییەوە لە دوای كەمكردنەوەی كۆت و بەندەكانی پەیوەست بە كۆڤید-19ەوە. ئەم كەیسانە پەیوەستن بە زیادبوونی كەیسەكانی توندوتیژی جێندەری لە میانەی توندوتیژی خێزانیدا، هاوشان بە زیادبوونێكی نیگەرانكار لە حاڵەتەكانی خەمۆكی و خۆكوشتن لە نێو ئافرەتان و كچاندا، بە تایبەتی لە نێو گروپە لاوازەكانی وەك ئاوارە ناوخۆییەكان و پەنابەراندا.

هەروەها بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یونیسێف، خاتوو كاسرین رەسێڵ، لە لێدوانێكی ئەم دواییەیدا لەبارەی رۆژی جیهانی ئافرەتانەوە، جەختی كردەوە لەسەر پێویستی پاراستنی ئافرەتان و كچانی هەرزەكار لە كاریگەری  پەتای كۆڤید-19 لەسەر ژیانیان، و رایگەیاند "ناكرێت رێگە بدەین نەوەیەك لە كچان بە درێژایی ژیانییان باجی ئەم پەتایە بدەن. لە كاتێكدا كە كار بۆ دۆخی دوای پەتاكە دەكەین، ئەوا پێویستە كچان ببنە چەقی پلان و وەڵامدانەوە جیهانی، و نیشتیمانی و مەحەلییەكان بۆ بوژاندنەوەی دۆخەكە "

كچان و ئافرەتان بە رێژەیەكی زیاتر روبەڕوی توندوتیژی و پێشێلكاری دەبنەوە. بە گوێرەی ئەو كەیسانەی هەواڵیان لەبارەوە دراوە، ئەوا بەلای كەمەوە 900,000 ئافرەت و كچ مەترسی توندوتیژی جێندەرییان لەسەرە لە عێراقدا، ئەگەرچی مەزەندەی ئەوە دەكرێت كە ژمارە راستەقینەكە زیاتر بێت. رێژەی هاوسەرگیری كچان بریتیە لە %28، و نەخوێندەواری لە نێوان كچانی هەرزەكار دوو هێندەیە بە بەراورد بەم رێژەیە لە نێو كوڕاندا.

یونیسێف بەردەوام دەبێت لە كاركردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بۆ دروستكردنی ژینگەیەکی سەلامەتتر بۆ ئافرەتانی وڵاتەكە، لە  كاتێكدا كە داوا لە حكومەت دەكات وەبەرهێنانی بەهێزتر بكات لە بواری بەرگرتن بە توندوتیژی جێندەری و پاڵپشتیكردنی ئافرەتان و منداڵان بۆ دەستراگەیشتن بە خزمەتگوزاری وەڵامدانەوەی گشتگیری، هەروەها بۆ برەودان بە خۆشگوزەرانی و تواناداركردنی كچان و ئافرەتان بە تایبەتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی ناوەندی و بنیاتنانی كارامەییەكان بۆ كچان، و بەرگرتن بە هاوسەرگیری منداڵ، و چاودێری تەندروستی بۆ هەرزەكاران.

 

###

لەبارەی یونیسێفەوە

یونیسێف لە هەندێ لە دژوارترین شوێنەكانی جیهاندا كار دەكات، تاوەكو بەو منداڵانەی جیهان بگات كە دووچاری زۆرترین بێبەشبوون بوونەتەوە. لە زیاتر لە 190 وڵات و ناوچەدا، كار بۆ هەموو منداڵێك دەكەین لە هەموو شوێنێك، ئەویش لە پێناو بنیاتنانی جیهانێكی باشتر بۆ هەمووان.

بەدواداچوون بكەن بۆ یونیسێف لە ئینستگرام، تویتەر و فەیسبووك.

Miguel Mateos Muñoz

ميگێل ماتيۆس مونۆس

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
سه‌رۆكى تيمى په‌يوه‌ندييه‌كان

زەید فەهمی

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
بەرپرسی راگەیاندنی یونیسێف.

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت