"دەنگەکان بۆ کردار دژی ڕەگەزپەرستی"
بەسرە ٢١ی ئاداری ٢٠٢٢ – بۆ یادکردنەوەی رۆژی جیهانی بنەبڕکردنی جیاکاریی ڕەگەزی، ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نێردەی نەتەویەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق، هەڵسا بە سازدانی پەخشی کورتەفیلم و میزگردێکیش سازکرا لە بەسرە بۆ برەودان بە لێبوردەیی، لەخۆگرتن و ڕێزگرتنی فرەیی بەگوێرەی بیرۆکەی گەردوونی ئەمساڵ "دەنگەکان بۆ کردار دژی ڕەگەزپەرستی".
بۆنەکە هەڵسا بە کۆکردنەوەی نوێنەرانی ئەرمەنی، کلدانی و سابیئی-مەندایی، کرسیتیانەکان و سیریانەکانی عێراق و ئەو عێراقیانەی ڕەگوریشەی ئەفریکاییان هەیە و ئەندامانی تۆڕی مەفەکانی مرۆڤی کەمینەکان و کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی. حەوت ئافرەت و یانزە پیاو لە پارێزگای بەسرە باسیان لە ئەزمونی خۆیان کرد لەگەڵ ڕەگەزپەرستی و بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد دەربارەی چۆنیەتی بەرجەستەکردنی گوتارێکی یەکگرتوو وەکو ئامرازێک بۆ بەرپەرچدانەوەی جیاکاریی.
لە سەرەتای بۆنەکە، یونامی هەڵسا بە پەخشکردنی چوار کورتەفیلم کە باسییان لە دیدگە و لێهاتوویی بنیاتنەرانەی گەنجانی عێراق دەکرد لە پیادەکردنی مافیان لە ئازادی ڕادەربڕین، وەهەروەها وێناکردنی کۆمەڵە چیرۆکێکی گرنگ دەربارەی مافەکانی مرۆڤ و مافی کەمینەکان. "نهێنی بوون"، (لەلایەن جاسم ئەلئەنساری دەرهێنراوە)، باس لە گێچەڵی ئایینی و ئیتنی دەکات. "هەلی خۆمم بدەرێ"، (لەلایەن عومەر یاسین دەرهێنراوە)، وێنای جیاکاری لەسەر بنەمای هەژاریی بۆ دەستگەیشتن بە خوێندن و پەروەردە دەکات. "ڕەنگەکان"، (لەلایەن عەلا زەید دەرهێنراوە) چۆنیەتی جیاکاریی ڕەگەزی نیشاندەدات بەوەی کە دۆخێکی سروشتی نییە و دروستکراوە. "ناسنامە"، (لەلایەن شەهاب ئەلەرکوازی دەرهێنراوە) ئەو ئاستەنگانە دەخاتەبەرچاو کە ژنە پەراوێزخراوەکان ڕووبەروویان دەبێتەوە لە دەستخستنی بەڵگەنامەی ناسنامە و گەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
لە گفتوگۆی دوای فیلمەکان، بەشداربوان باسیان لەوەکرد کە منداڵان لەتەمەنێکی زووەوە، دەبێت فێری لێبوردەیی و ڕێزگرتن لە کەمایەتییەکان بکرێن، لە ماڵەوە و قوتابخانە بەیەکەوە. گفتوگۆکە تیشکی خستەسەر پێویستی گەشەپێدانی پرسەکانی سکاڵاکردن و بەهێزکردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری. بەشداربوان باسیان لە قوربانیبوونی کەمینە ئیتنی و ئایینی و زمانەوانییەکان لە عێراق کرد و جەختیان لەسەر ڕۆڵی گرنگی سەرکردەکان و بەتەمەنەکانی کۆمەڵەکان کردەوە لە بەرپەرچدانەوەی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری ڕەگەزیی.