هەڵخەڵتاندن و دەستدرێژیکردنی سێکسی پێشێلکردنێکی ڕێسا و پێوەرە یاساییە نێودەوڵەتییە ناسراوەکانە لە جیهان.
ئەو هەڵخەڵتاندن و دەستدرێژیکردنە سێکسیەی لەلایەن کارمەندانی فریاگوزاری ئەنجام دەدەرێت، ناپاکییەکە بەرامبەر بەها و بنەما سەرەکییەکانی کاری مرۆیی و هەروەها بەرامبەر بە بنەمای زیان نەگەیاندن. هەڵخەڵتاندن ودەستدرێژیکردنی سێکسی ئەو متمانەیەی کە جڤاکەکان سەبارەت بە کاری مرۆیی و گەشەپێدان هەیانە تێك و پێکدەدات و هەروەها شکستێکی گەورەشە لە پاراستنی ئەو کەسانەی کە پێویستە کارمەندانی فریاگوزاری خزمەتیان بکەن.
گرنگە دان بەوەدا بنێین کە قوربانیانی هەڵخەڵتاندن و دەستدرێژیکردنی سێکسی (ڕزگاربووان) بوێرییەکی زۆریان دەوێت بۆ هاتنە پێشەوە و سکاڵا تۆمارکردن بە تایبەتیش لە سایەی هەبوونی ناهاوسەنگیەکی بەرچاوی هێزەکان. بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ژمارەی حاڵەتەکانی سکاڵا تۆمارکردن ڕێژەیەکی کەمە بە بەراورد لەگەڵ ئەو حاڵەتانەی کە ڕوودەدەن. لە کاتی سکاڵا تۆمارکردنیش، ڕزگاربووان، بە تایبەتیش لە چوارچێوە مرۆییەکە، لە وەرگرتنی پشتگیریی و پاراستن دوو چاری بەربەستی گەورە دەبنەوە. زۆر جارهیچ لێپێچینەوەیەك لە هەمبەر کردەوەکانیان لەگەڵ ئەنجامدەرانی هەڵخەڵتاندن ودەستدرێژیکردنی سێکسی ناکرێت.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ستراتیژیەتی خۆی بۆ پاراستن لە هەڵخەڵتاندن و دەستدرێژیکردنی سێکسی (PSEA) لە ئاداری ٢٠١٧ دا ئەمانەی کردۆتە سەرلیست : مافی قوربانیان و شکۆمەندییان، دانای سنوورێك بۆ دەربازبوون لە سزاکان لە میانەی پتەوکردنی سکاڵا تۆمارکردن و لێکۆڵینەوە بە ڕوونکردنەوەی کۆتەکانی سەر نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەدیهێنانی لێپێچینەوە لە تاوانەکانیشەوە ، بەشداربوون لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی و هاوبەشیکارە دەرەکییەکان ، باشترکردنی پەیوەندەیکردنی ستراتیجی لە پێناو پەروەردە و شەفافیەت.
لە بەرامبەر ئەم پاشخانەی لە سەرەوە باسکراون، نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕێگەی هەماهەنگیکاری پاراستن لە هەڵخەڵتاندن و دەستدرێژیکردنی سێکسی (PSEA) کە پاشکۆی نووسینگەی جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەماهەنگیکاری مرۆیی و نیشتەجێیە لە عێراق، هەڵسا بە جێبەجێکردنی زنجیرەیەک ڕاهێنان لەسەر پاراستن لە هەڵخەڵتاندن و دەستدرێژیکردنی سێکسی (PSEA) و کردنەوەی چەند خولێکی بەرزکردنەوەی ڕادەی هۆشیاری بۆ کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کارمەندانی تر لە یەکەی پاسەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە سەربازانی سەر بە هێزە چەکدارەکانی فیجی پێکهاتووە. لەم خولانە ڕاهێنان بە ٥٣٣ کەس کرا لەسەر پاراستن لە هەڵخەڵتاندن و دەستدرێژیکردنی سێکسی(PSEA).
بابەتەکانی ڕاهێنانەکان و خولەکان بریتی بوون لە چەمکەکانی پەیوەست بە پاراستن لە هەڵخەڵتاندن ، دەستدرێژیکردنی سێکسی(PSEA)، سیاسەتی لێنەبووردنی ڕەها بەرامبەر هەڵخەڵتاندن و دەستدرێژیکردنی سێکسی (SEA)، چۆنیەتی خزمەتکردن بە شانازی ، شەش بنەما سەرەکییەکانی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، چۆنیەتی هاتنە بەرچاوی هەڵخەڵتاندن و دەستدرێژیکردنی سێکسی(SEA) لە عێراق، خزمەتگوزاریەکانی پشتگیریکردنی قوربانیان ، چۆنیەتی ڕاپۆرتکردنی بەدڕەفتاری ، ڕێکارەکانی ئاشکراکردنی بەدڕەفتاری ، ڕۆڵی کارمەندان و بەڕێوەبەران لە هەڵخەڵتاندن و دەستدرێژیکردنی سێکسی (SEA)، ڕێوشوێنەکانی لێکۆڵینەوە و سزاکان.
لەلایەن ڕۆبێرت باسیل،
هەماهەنگیکار و ڕاوێژکاری پاراستن لە هەڵخەڵتاندن و دەستدرێژی سێکسی، نووسینگەی جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان /هەماهەنگیکاری نیشتەجێ / هەماهەنگیکاری مرۆیی لە عیراق
وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردی: نافیع عەزیز، نووسینگەی ڕاگەیاندنی یونامی
وێنە لەلایەن: مازن عەبدوڵا ، نووسینگەی ڕاگەیاندنی یونامی