ئەم ڕۆژە، کە لە سایەی تێمای "وەبەرهێنان لە هەسارەکەماندا" بۆ ساڵی 2022 یادی دەکرێتەوە، وەبیرهێنەرەوەیەکە بۆ دووبارە ئاراستەکردنی تەواوی بایەخدانمان بۆ هێنانەکایەی سەدەی 21 ێك کە سەلامەتیی هەسارەکەمان و تەندروستیی هەموو جۆرەکانی گیانلەبەران بە هی ئێمەی مرۆڤ خۆشمانەوە بکاتە کاری لە پێشینە. دەکرێت بژاردەکانی ئەمڕۆمان ببنە مایەی تاودانی خێرایی وێرانکردنی ژینگە یان یارمەتییدەربن بۆ پاراستنی تەندروستییمان وخێزانەکانمان وسەرچاوەکانی بژێویی ژیانمان. ئەوەتا گۆڕانی کەش وهەوا وڕووداوگەلی توند وسەختی ئاو وهەوا و ئەو گۆڕانکارییانەی زادەی دەستی مرۆڤن و بەسەر سروشتدا دەهێنرێن وململانێ درێژخایەنەکان کە هەمەچەشنیی بایۆلۆژیی دەشێوێنن ئەو هەسارەیە وێران دەکەن کە ئێمە بۆ نەوەکانی داهاتووی جێدەهێڵین.
گەڕاندنەوەی سیستمگەلە ژینگەییە زیانلێکەوتووەکانمان یارمەتیدەر دەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە هەژاریی وبەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش وهەوا وسەرەنجام بەدییهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام. دەبێت هه موو كەسێك ڕۆڵێك بگێڕێت لەم کارەدا، ئه گەر ئێمه بمانەوێت سەرکەوتوو بین.
لە عێراق، بارودۆخی ژینگەیی کەوتۆتە بەر کاریگەریی چەندین گوشاری پێکەوەیی، هەر لە خراپیی جۆری ئاوەوە و لەناوچوونی دارستانەکان و سوێربوونی خاكەوە تا دەگاتە پیسبوونی هەوا و ململانێ و گۆڕانی بەکارهێنانەکانی زەوی، کە هەموو ئەمانە بوونە هۆی تێکچوونی سیستەمگەلە ژینگەییە سەرەکییەکان و لێکەوتەکانی گۆڕانی کەش وهەوا وکەمیی ئاو.
لەگەڵ ئەوەشدا، پاراستنی زەویی لەڕێگەی ڕێکارگەلەکانی تایبەت بە کردارە ژینگەییەکانەوە بۆتە کاری لەثێشینەی عێراق. لە 22 ی ئاداری 2022 دا یەکەم ناوچەی پارێزراو لە عێراق لەلایەن وەزارەتی ژینگە و پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە (UNEP) ەوە ڕاگەیەندرا کە 230 جۆری ڕووەکیی تێدایە، کە ژمارەیەکی زۆریان مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە. پاراستنی ئەم ناوچە پارێزراوە یارمەتییدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی رووداوە توندەکانی کەش وهەوا وبەهێزکردنی گلدانەوەی کاربۆن ودابینکردنی شوێنێکی کراوە بۆ ڕووەکەکان و ئاژەڵەکان بۆ زیادبوون وخۆگونجاندن لەگەڵ کەش وهەوای گۆڕاودا.
نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیریی عێراق دەکات لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش وهەوا وخۆگونجاندن لەگەڵیدا لە ڕێگەی داڕشتنی پڕۆژە بەردەوامەکانەوە کە جەخت لەسەر پشتگیرییکردن لە پڕۆژەی بازرگانیی بچووك و مامناوەند و سەرچاوەکانی بژێویی و گەشەپێدان دەکەنەوە. هەروەها وەبەرهێنان لە ژێرخانی کارای ئاوی پاکژ وچارەسەرکردنی ئاوی پاشەڕۆ و ئاودێریی و بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی ئاو شان بەشانی بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە وەک هێزی خۆر. نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ حکومەتیشدا کار دەکات لەسەر ڕاهێنان و پەرەپێدانی کارامەیی و بەهێزکردنی توانا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گۆڕانی کەش وهەوا. هەوڵەکان لە بواری داکۆکییدا برەو دەدەن بە هۆشیاریی هاووڵاتییان لەمەڕ کێشەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی ئاو و بەڕێوەبردنی بەردەوامی ئاو.
سیستەمگەلە ژینگەییەکان کۆمەکی هەموو زیندەگییەك دەکەن لەسەر زەویی. هەتا سیستەمگەلە ژینگەییەکانمان تەندروستتر بن، ئەوەندەش هەسارەکەمان ودانیشتووانەکەی تەندروستتر دەبن. بۆ ڕۆژی زەویی 2022، ئێمە پێویستە بوێرانە کار بکەین بۆ گەڕاندنەوەی ژینگە شێواوەکەمان. ئەوەش کەرتی تایبەت و کارسازان و حکومەت وهاووڵاتییان دەگرێتەوە، ئەوە کارێکە پەیوەندیی بەهەموو کەسێکەوە هەیە!
ئێلینا ڤۆیاچکۆڤا -سۆلۆرانۆ ڕێکخەری نیشتەجێ و ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق
سامی دیماسیی نوێنەری پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە و بەڕێوەبەری هەرێمایەتیی بۆ خۆرئاوای ئاسیا
د.سەڵاح ئەلحاج حەسسان، نوێنەری ڕێکخراوی خۆراك و کشتوکاڵ (FAO) لە عێراق
عەلی ڕەزا قوڕەیشی، نوێنەری پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی (WFP) لە عێراق
زێنە عەلی ئەحمەد، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP)
شییما سین گوپتا نوێنەری ڕێکخراوی یونسێف لە عێراق
جیۆرجی جیگاوری سەرۆکی نێردەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە عێراق
ئێریك بوچۆت، بەڕێوەبەری پرۆگرامی نیشتمانی ITC
جین –نیکۆلاس بیوز نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەبابەران (UNHCR) لە عێراق
حیمیەر عەبدولموغنی – جێگری نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA) لە عێراق