هەولێر، ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ - هاوکات لەگەڵ ئەرکەکانی خۆی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و لێپرسینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق
نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی یونامی لە هەولێر دیالۆگێکی ئاست بەرزی ئەنجامدا بە ئامانجی کاراکردنی مەکۆیەکی بنیاتنەر بۆ بەرزکردنەوەی تواناکان و بنیاتنانی ئیرادەی سیاسی بۆ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە کوشتنەکانی پەیوەست بەجێندەر، بۆئەوەی لێپرسینەوە لەم جۆرە تاوانانە لە هەڵکشاندا بێت.
بەشداربووان بریتی بوون لە ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستان، دادوەرەکانی لێکۆڵینەوە، دادوەرەکانی دادگای تاوانەکان، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان و UNFPA.
خاتوو دانیێل بێڵ، بەرپرسی نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی یونامی و نوێنەری وڵات بۆ ئۆفیسی کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ (OHCHR)، دووپاتیکردەوە کە نەبوونی لێپرسینەوە لە کوشتنەکانی پەیوەست بە جێندەر ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆئەگەری تاوانکاری. هەروەها، ئاماژەی بەوەشدا کەنەبوونی سزاو پارێزبەندی تەنها خزمەت بە ئاساییبوونی توندوتیژی دەکات، لە کاتێکدا دادپەروەری پاراستن و ڕێسا جیهانیەکان بەهێز دەکات.
لە میانی چالاکییەکەدا، بەشداربووان کارەکانیان لەسەر کوشتن لەسەر بنەمای جێندەر خستەڕوو لەگەڵ پێشوەچوونیان سەبارەت بەو کەیسانەی لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕاپۆرتکراون هەروەها ئەو ئالنگاریانەی کە لە کارەکانیاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. هەروەها دیالۆگەکە ڕێگەی بە بەشداربووان دا کە دیدگاکان سەبارەت بە باشتر بەڕێوەبردنی کەیسەکان هاوبەش بکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەنجامدەرانی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت لەسەر تاوانەکانیان.
بەشداربووان پێشنیاری چوست و پوختیان پێشکەش کرد سەبارەت بە شێوازێکی ستراکتۆری بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەنجامدەرانی کوشتنی پەیوەست بە جێندەر لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت لە تاوانەکانیان. نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی یونامی بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان وەك بەشێك لە هەوڵە بەکۆمەڵەکان بەرەو چارەسەرکردن و ڕێگریکردن لە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری.