لێدوانی ڕۆژنامەوانی

لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٩ هەزار منداڵ لە عێراق کوژراون یان کەمئەندام بوون- یونیسێف

٠٧ حوزەیران ٢٠٢٣

لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە بەلایەنی کەمەوە ١٢٠ هەزار منداڵ بەهۆی شەڕەکانەوە لە سەرتاسەری کیشوەرەکانی جیهاندا  کوژراون یان کەمئەندام بوون،  بە تێکڕای  نزیکەی ٢٠ منداڵ لە رۆژێكدا

بەغدا، 6ی حوزەیرانی 2023- لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2022  نەتەوە یەكگرتووەكان 315 هەزار پێشێلکاری مەترسیداری سەرسوڕهێنەری دژ بە منداڵانی نێو هەلومەرجی ململانێكانی پشتڕاستکردەوە، ئەمەش بەڵگەیەكی زەقە لەسەر کاریگەرییە وێرانکەرەکانی شەڕ و ململانێ لەسەر منداڵان.

لە کاتێکدا دەوڵەتان و لایەنە كۆمەكبەخش  و مرۆییەكان لە نەرویج كۆدەبنەوە بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی ئۆسلۆ بۆ پاراستنی منداڵان لە شەڕی چەکداریدا* ، یونیسێف ڕایگەیاندووە كە، لە دوای دەستپێكردنی چاودێریکردنەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ (لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لە پەیوەندیدا بە عێراقەوە)، نەتەوە یەکگرتووەکان ٣١٥ هەزار پێشێلکاری مەترسیداری پشتڕاستکردووەتەوە کە لایەنەكانی ململانێ ئەنجامیان داوون لە زیاتر لە ٣٠ دۆخی ململانێدا لە سەرانسەری ئەفریقا، ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین.

لە نێویاندا:

• زیاتر لە 120 هەزار منداڵ کوژراون یان  بوونەتە پەککەوتە.

• بەلایەنی کەمەوە ١٠٥ هەزار منداڵ لەلایەن هێزە چەکدارەکان یان گروپە چەکدارەکانەوە وەرگیراون یان بەکارهێنراون.

• زیاتر لە 32 هەزار و 500 منداڵ ڕفێنراون.

• زیاتر لە 16 هەزار منداڵ ڕوبەڕوی توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە.

هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ١٦ هەزار هێرشی بۆ سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان و زیاتر لە ٢٢ هەزار حاڵەتی ڕێگریكردن لە دەستڕاگەیشتن بە هاوكاری مرۆیی بۆ منداڵان لە جیهاندا پشتڕاستکردووەتەوە.

بۆ عێراق ژمارەکان سەرسوڕهێنەرن، لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ٩ هەزار منداڵ کوژراون یان کەمئەندام بوون (٣١١٩کوژراو و٥٩٣٨کەس). سەرەڕای کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی حاڵەتە ڕاپۆرتکراوەکان لە ساڵانی ڕابردوودا، ژمارەی گشتی بە تێکڕا زیاتر لە یەک منداڵ لە دوو ڕۆژدا دەکوژرێت و یەک منداڵیش ڕۆژانە کەمئەندام دەبێت لە ماوەی ڕاپۆرتکراودا.

بەو پێیەی ئەمانە تەنها ئەو حاڵەتانەن کە پشتڕاستکراونەتەوە، پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینەكە زۆر زیاتر بێت.

سەرەڕای ئەوەش، چەندین ملیۆن منداڵی دیکە لە جیهانیدا لە ماڵ و کۆمەڵگاکانیان ئاوارە بوون، هاوڕێ یان خێزانەکانیان لەدەستداوە یان لە دایک و باوک یان چاودێران جیابوونەتەوە.

کاترین ڕوسیل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف دەڵێت: ”هەر شەڕێک لە کۆتاییدا شەڕێکە دژی منداڵان. “ ئاماژەی بەوەشکردووە، " بەرکەوتن بە ململانێ کاریگەری کارەساتباری لەسەر منداڵان دەبێت و ژیانیان دەگۆڕێت. لە کاتێکدا دەزانین پێویستە چی بكرێت بۆ پاراستنی منداڵان لە شەڕدا،  بەڵام جیهان وەك پێویست كاری نەكردووە لەم ڕووەوە. ساڵ لە دوای ساڵ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕێگایە قووڵ و کارەساتبارانە بە دۆكیۆمێنت دەكات كە بە ڕاددەیەكی گەورە مایەی پێشبینین و دەكرێت ژیانی منداڵان بشڵەژێنێت. ئەرکی هەموومانە کە دڵنیا بین لەوەی منداڵان باجی شەڕی گەورەکان نادەن، هەروەها ئەو کارە بوێرانە و بەرچاوانە بگرینەبەر کە پێویستن بۆ باشترکردنی پاراستنی هەندێک لەو منداڵانەی لەباری هەرە لاوازیدان لە جیهاندا. “

لەم چوارچێوەیەدا، یونیسێف پشتگیری لە چاودێری و پاراستنی ملیۆنان منداڵی زیانلێکەوتوو کردووە لە سەرانسەری بارودۆخەكانی ململانێ كردووە بۆ برەودان بە خۆشگوزەرانییان، لە نێویاندا لە ڕێگەی دەستەبەركردنی تەندروستی هزری و  پاڵپشتی کۆمەڵایەتی، و بەڕێوەبردنی کەیسی پاراستنی منداڵان، و بەدواداچوون و یەکخستنەوەی خێزان، و خزمەتگوزارییەکان بۆ منداڵانی ڕزگاربووی توندوتیژی جێندەری. لە ساڵی ٢٠٢٢دا یونیسێف گەیشتە نزیکەی ١٢٥٠٠ منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا كە هێزە چەکدارەکان یان گروپە چەکدارەکانیان جێهێشتبوو و  پاڵپشتی یەکگرتنەوە یان پاڵپشتی پاراستنی بۆ دەستەبەر كردن،  هەروەها  زانیاری  بۆ زیاتر لە ٩ ملیۆن منداڵ دەستەبەر كرا كە دەتوانن بەکاریبهێنن بۆ پاراستنی خۆیان لە پاشماوەی تەقەمەنییەكانی جەنگ.

شیما سێن گوپتا، نوێنەری یونیسێف لە عێراق، کە هاوکات لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەبوو، باسی لە پێویستی ئاوێتەکردنەوەی منداڵان لە عێراق کرد دوای چەندین ساڵ لە ململانێ، ”وەک وەڵامدانەوەیەك بۆ چەندین ساڵ لە ململانێ، یونیسێف - بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی عێراق و هاوبەشەکان، چوار  پۆلێنی منداڵان دەکاتە ئامانج کە پێویستیان بە ئاوێتەكردنەوە هەیە، لەوانە ئەو منداڵانەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەگەڕێنەوە، ئەو منداڵانەی لە دوای دەستبەسەرکردن ئازادکراون، ئەو منداڵانەی باوەڕ وایە پەیوەندییان بە گروپە چەکدارەکانەوە هەیە، و منداڵانی دیکەی كە لەباری لاوازیدان. ئەم بەرنامانەی یەکگرتنەوەی یونیسێف سێ ئاست دەکەنە ئامانج: تاکەکەسی، کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی. بەڵام، ئاوێتەكردنەوەی سەركەوتوو لە مەودای دوورخایەندا پەیوەستە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییە بەردەوامەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی منداڵان دەتوانن دەستیان بە مافەکانیان بگات، بەو چەشنەی لە بنەماکانی پاریسدا ئاماژەی پێکراوە.»

بەداخەوە، قەبارەی مەترسییەکانی پاراستنی منداڵ بۆ ئەو منداڵانەی كەوتونەتە ژێر کاریگەری ململانێیەوە لەگەڵ قەبارەی ئەو پارەیەی کە لەبەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە هاوتا نییە. شیکارییەکی نوێ كە ئەنجامدراوە لەلایەن سندوقی مرۆیی بۆ پێشبینییەكان، ئەویش لەسەر ڕاسپاردەی یونیسێف، ڕێكخراوی منداڵپارێز، هاوپەیمانی بۆ پاراستنی منداڵان لە میانەی چالاکییە مرۆییەکان و بواری بەرپرسیارێتی  جیهانی بۆ پاراستنی منداڵ، ئاشکرای دەکات کە تا ساڵی ٢٠٢٤، کەرتی پاراستنی منداڵان پێویستی 1.05  ملیار دۆلاری ئەمریکی دەبێت،  و تا ساڵی 2026 زیاد دەكات بۆ 1.37 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، ئەویش لە پێناو چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی پاراستنی منداڵان لە شەڕی چەکداریدا. ئەمەش خزمەتگوزارییە گرنگەکانی وەک یەکگرتنەوەی خێزان، پشتگیری تەندروستی هزری ، ڕێگریکردن لە چوونە نێو لە گروپە چەکدارەکاندا دەگرێتەوە.

بەڵام توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەری ئەوە هەیە لەم نزیكانە كورتهێنان لەم بودجەیەدا دروست بێت. ئەگەر ئەو بڕە داراییەی لە ئێستادا بۆ بواری مرۆیی تەرخان كراوە بەردەوام بێت،  ئەوا کورتهێنانی پێشبینیکراو لە ساڵی ٢٠٢٤دا دەگاتە ٨٣٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و تا ساڵی ٢٠٢٦ بۆ ٩٤١ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەزر دەبێتەوە . دەكرێت ئەم كەلێنە ببێتەهۆی ئەوەی ئەو منداڵانەی كەوتونەتە ژێر كاریگەری ململانێیەوە ڕوبەڕوی دەرئەنجامە دەستبەجێ و درێژخایەنەكانی شەڕ و كاركردنی منداڵ و  بازرگانیكردن بە مرۆڤ و توندوتیژی ببنەوە.

لە کاتێکدا سەرکردەکان لە ئۆسلۆ کۆدەبنەوە، یونیسێف داوای لە حکومەتەکان دەکات بەڵێنی نوێی بوێرانە بدەن بۆ:

• پشتگیریکردن و بەکارهێنانی ئەو یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتیانەی لە ئارادان بۆ پاراستنی منداڵان لە شەڕدا – لەوانەش پاراستنی قوتابخانە، نەخۆشخانە و شتە پارێزراوەکانی دیکەی وەک دامەزراوەکانی ئاوە و ئاوەڕۆ لە هێرش، و كۆتاییهێنان بە وەرگرتنی منداڵان و بەکارهێنانیان لەلایەن گروپ و هێزە چەکدارەکانەوە، ئەویش لە پێناو وەستاندنی بەکارهێنانی چەکە تەقەمەنییەكان لە ناوچەكانی نیشتەجێبووندا.

• لێپرسینەوە لە تاوانباران بکەن کاتێک مافەکانی منداڵان پێشێل دەکرێن.

• چڕكردنەوەی سەرچاوە گرنگەکان بۆ دابینکردنی بودجە بۆ پاراستنی منداڵانی نێو ململانێ بەو قەبارە و خێراییەی کە پێویستە، بەچەشنێك كە بگونجێت لەگەڵ  هەڵكشانی پێوستییەكاندا. پێویستە ئەمە وەبەرهێنان لە وەڵامدانەوەی مرۆیی و لە هێزی کاری نیشتمانی پاراستنی منداڵاندا بگرێتەوە.

هەروەها یونیسێف داوا لە لایەنە مرۆییەکان دەکات وەبەرهێنان لەو سیاسەتانەدا بکەن کە منداڵان و پاراستنیان دەكەنە چەقی چالاکیی مرۆیی لە بارودۆخی شەڕی چەکداریدا.

ڕوسیل ڕایگەیاند: "دەبێت وەڵامدانەوەی پەیوەست بە پاراستنی منداڵان  لە ئاستی ئەو ئالنگارییانەدا بێت كە ڕووبەڕوومان دەبkm,m." ئاماژەی بەوەشکردووە، “پێویستە هەموو شتێک بکەین بۆ ئەوەی بگەینە هەموو ئەو منداڵانەی كە لەباری پێویستدان، بەتایبەتی ئەوانەی لە باری هەر لاوازیدان. پێویستە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە پاراستن بۆ منداڵان پشتبەستوو بێت بەو سیستەم و پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەی لە ئارادان،  و  پاڵپشتیكاری بێت لە مافەکانی منداڵان،  و لە بەشداریکردن و بەرژەوەندییەکانیان.  پێویستە بەرنامە و  پاڵپشتییەكان لەم چوارچێوەیانەدا بێ پەروا منداڵان و پاراستنیان بكەنە چەقی کردەوەی مرۆیی”.

###

تێبینی بۆ سەرنووسەر:

یونیسێف هاوبەشی ڕێکخەری کۆنفرانسە لەگەڵ حکومەتی نەرویج،  لەگەڵ ڕێكخراوی منداڵپارێز  و خاچی سوری نێودەوڵەتی، و بە هاوبەشی لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەماهەنگی كاروبارە مرۆییەكان، یەکێتی ئەفریقا، ئۆفیسی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی بۆ  منداڵان و شەڕی چەکداری و هاوپەیمانی بۆ پاراستنی منداڵ لە میانەی کردەوەی مرۆیی.

یونیسێف ئەم بەڵێنانەی خوارەوەی داوە بۆ بەهێزکردنی پابەندبوونی خۆی بۆ پاراستنی منداڵانی ململانێ:

  • یونیسێف پابەندە بەوەی پرسی منداڵان و پاراستنیان بكاتە چەقی کارەکانی لە میانەی ئەنجامدانی کردەوەی مرۆیی لە ڕێگەی پەرەپێدان و جێبەجێکردنی سیاسەتێكی ناوەندی ڕێكخراوەیی پەیوەست بە پاراستنەوە. ئەم پابەندبوونە ئاوێتە دەكات لە پرسەكانی پەیوەست بە پاراستنی منداڵان لە سەرانسەری کەرتەکاندا و لە سیاسەتە جیهانییەکان، و ستراتیژییەکان، ئەولەویەتەکان و پلانەکانی کارکردنی خۆیدا،  ئەمەش بە واتای زیادكردنی هەوڵەكانمان لە پەیوەندیدا بە ئەرکەکانمانەوە بۆ داکۆکیکردن لە پاراستنی منداڵان و مافەکانیان وەک كاری هەر لە پێشینە، ئەویش كاتێك منداڵان زیاتر ڕوبەڕوی هێرشكردن دەبنەوە. 
  • یونیسێف پابەندە بە تەرخانکردنی سەرچاوە ناوخۆییەکان کە یەکسانە بە لەسەدا پەنجای تێچووی ساڵانەی بەردەوامبوونی کەمترین ئاستی کارمەند بۆ چاودێریکردن، بە دۆكیۆمێنتكردن و پشتڕاستکردنەوەی پێشێلکارییە مەترسیدارەكان دژی منداڵان و پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنەکانی ململانێ. لەکاتی ئەنجامدانی ئەم کارەدا، یونیسێف کاردەکات بۆ هێنانەئارای هاوسەنگی پێویست لە نێوان هاوبەشەکان، لە پێناو تێپەڕاندنی کەمترین ئاستی کارمەندە هەر كاتێك پێویست بوو.
  • یونیسێف پابەندە بە جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکی نوێی جیهانی سەبارەت بە یەکگرتنەوەی منداڵان کە لەگەڵ هاوبەشە حکومی و ناحکومییەکان و لە سەرانسەری کەرتەکاندا، و  بە ئامانجی گۆڕینی چۆنیەتی پشتگیریکردنی ئەو منداڵانەی هێز و گروپە چەکدارەکانیان جێهێشتووە لە کاتی شەڕ و دوای شەڕەکاندا

بابەتە میدیاییەكان بەردەستن لێرەدا:

https://weshare.unicef.org/Package/2AM4080FDL1J  

#####

لەبارەی یونیسێف ەوە

یونیسێف: یونیسێف لە هەندێ لە دژوارترین شوێنەكانی جیهاندا كار دەكات، تاوەكو بەو منداڵانەی جیهان بگات كە دووچاری زۆرترین بێبەشبوون بوونەتەوە. لە زیاتر لە 190 وڵات و ناوچەدا، كار بۆ هەموو منداڵێك دەكەین لە هەموو شوێنێك، ئەویش لە پێناو بنیاتنانی جیهانێكی باشتر بۆ هەمووان.  

بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی یونیسێف و كارەكانی بۆ منداڵان سەردانی ئەم لینكە بكەن: www.unicef.org

بەدواداچوون بكەن بۆ یونیسێف لە عێراقدا لە وێبسایت، ئینستیگرام، تویتەر، و فەیسبووك

Miguel Mateos Muñoz

ميگێل ماتيۆس مونۆس

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
سه‌رۆكى تيمى په‌يوه‌ندييه‌كان
UN staff

مۆنیکا عەوەز

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
پسپۆڕی پەیوەندییەکان

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت