نوسینگەی مافەكانی مرۆڤی یونامی، بە هاوکاری نووسینگەی ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكان لە هەرێمی کوردستان، مێزگردێكی لە هەولێر لەسەر فەزای مەدەنی ڕێکخست. چالاكیەكە، كە لە هەولێر بەڕیوەچوو، نوێنەرانی خزمەتگوزارییە ئەمنییە جیاوازەکان لەگەڵ بەشداربووان لە کۆمەڵگەی مەدەنی کۆکردەوە، لەوانە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان.
ئەم دەستپێشخەرییە لە چوارچێوەی زنجیرە گفتوگۆیەک سەرچاوە دەگرێت كە لەگەڵ بەرپرسانی جێبەجێکردنی یاسا رێكخراوە. ئەوان پێشوازییان لە دەرفەتی رێكخستنی سەكۆیەك كرد كە هێزە ئەمنیەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی كۆبكاتەوە و گفتوگۆ بكرێت لەسەر بابەتەکانی ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە.
دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری نوسينگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەكان لە وتەكەیدا ووتی “بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوە لە پێشێلکارییەکان، ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵێکی گرنگ لە چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤدا دەگێڕن. سەرەرای ئەوەش، پێویستە كاری زیاتر لەوبارەیەوە ئەنجام بدرێت، لەوانە پەروەردە و ڕاهێنانی پراکتیکی بۆ هەمووان، بەتایبەت كارمەندانی جێبەجێکردنی یاسا و ڕاگەیاندن، ئەمەش بە مەبەستی مسۆگەركردنی پابەندبوون بە نۆرم و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ”.
لەلایەن خۆیەوە، فلۆریان ڕەیزیسبێرگەر، بەرپرسی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە یونامی وتی “پاراستنی فەزای مەدەنی وەکو ئەولەویەتی كارەكانی نوسینگەی مافەكانی مرۆڤی یونامی دەمێنێتەوە. بۆ پێشخستنی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ ئێمە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری زیاتر لەژێر چەتری پلانی کاری هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، هەروەها بەهەمان شێوە ئامادەین بۆ پتەوكردنی زیاتری پەیوەندیەكانمان لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان”.
بەشداربووان باسیان لە ڕێوشوێن و ڕاسپاردەی گرنگ کرد بۆ بەهێزکردنی بەرەوپێشبردن و پاراستنی فەزای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان. یەکێک لە ڕۆژنامەنووسانی بەشداربوو ڕایگەیاند: “ئەم جۆرە چالاكیانە دەروازەیەک لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیدا دەکەنەوە. تێگەیشتن لە دۆخی یەکتر زۆر گرنگە و هیوادارم ئەم گفتوگۆیە لە داهاتوودا بەردەوام بێت”.
چالاکییەکە هاوكات بوو لەگەڵ پڕۆژەی ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام ١٦: پێشخستنی کۆمەڵگا ئاشتیخواز و گشتگیرەکان بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، دابینکردنی گەیشتن بە دادپەروەری بۆ هەمووان و بنیاتنانی دامەزراوەی کاریگەر و بەرپرس و گشتگیر لە هەموو ئاستەکاندا.