وتەی خاتو جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عیراق (یونامی) لە نۆیەمین ساڵیادی وەبیرهێنانەوەی قوربانیانی جینۆسایدی دژی ئێزیدیەکان و پێکهاتە عیراقییەکانی دیکە
٣ی ئابی ٢٠٢٣
بەغدا
بەڕێز سەرۆك وەزیران
بەڕێزان،
ئامادەبووانی خۆشەویست،
لە کاتی بیرهێنانەوەی ئازارە نەگێڕدراوەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە قەزای شنگال، وشەکان ناتوانن گوزارشت لەو ئازارانە بکەن.
زۆر کەس گیانیان لەدەست دا؛ زۆر خێزان لەیەکتر جیاکرانەوە و پەرتەوازەبوون؛ زۆر زەبر و زەنگ بەسەر ئەو کەسانەدا هات کە شایەنی ئەوە نەبوون.
ئەمڕۆ ئێمە گوێدەگرین و ڕاستەوخۆ لە دەنگە ئازاکانەوە دەبیستین و گوێ لە گێڕانەوەی کارەساتەکان دەگرین کە ڕوویانداوە. گرنگ ئەوەیە کە ئێمە گوێ لە دیدگاکانیان دەگرین سەبارەت بەوەی کە چی پێویستە لە داهاتوودا ڕووبدات.
بەڕێزان، ئێمە لەبیرمان نەچووە و لەبیرمان ناچێت. بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە، یادەوەری نەمر ئەرکێکی بەکۆمەڵە.
بەڵام وەك زۆر جار وتوومە: ئەم یادەوەرییە نابێت بێ چاڵاکی بێت. بەهێزترین شێوازی یادکردنەوە ئەوەیە کە هانمان بدات بۆ کارکردن.
لە مانگی ئابی ٢٠١٩دا، دوای یەکێك لە سەردانە سەرەتاییەکانم بۆ شەنگال، بە ئاشکرا شۆکبوونی خۆم باسکرد. دوای پێنج ساڵ لە توندوتیژییە ترسناکەکان کە بوونە هۆی تاوانی قێزەون دژی ئێزیدییەکان و خەڵکی دیکە، هێشتا بەڕوونی دیاربوو کە پێویستمان بە کاری جیددی هەبوو و زۆر بە ئازارەوە هەستی پێدەکرا.
بە واتایەکی تر: لەکاتێکدا خەڵکی شەنگال بەپەلە پێویستیان بە ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان هەبوو، لەبەردەم ئاستەنگی بێئەندازەدا بوون. ئاستەنگەکان بەهۆی ڕێکنەکەوتن بوو لەسەر پێکهاتەی ئەمنیی سەقامگیر و ئیدارەیەکی یەکگرتوو.
لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠، نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر، ڕێککەوتن لە نێوان بەغدا و هەولێر کرا. لە کۆتاییدا. ڕێککەوتنی شنگال کە جەختی لەسەر حوکمڕانی و ڕێکخستنە ئەمنییەکان دەکردەوە و هەروەها ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە کە زۆر پێویست بوو، هەنگاوێکی سەرەتایی بەڵام گرینگ بوو بە ئاراستەیەکی دروستدا.
هەروەها، نەتەوە یەکگرتووەکان هیوادار بوو. بەهیوای ئەوەی ئەو ڕێکەوتنە ببێتە سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێ بۆ شەنگال. هەنگاوێك بێت کە تێیدا بەرژەوەندی خەڵکی شەنگال لە پێش هەموو شتێکەوە دابنێت. هەنگاوێك کە تێیدا هەموو لایەنەکان، بێ گوێدانە پاشخانیان یان لایەنگیرییان، بەیەکەوە بوەستن و نەك هەر یارمەتی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بدەن بەڵکو کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی خێرا و یەکلاکەرەوەی ڕێککەوتنەکە.
ئێستا پێویست ناکات وردەکارییەکانی ڕووداوەکانی دوای ئەمە باس بکەم. بەڵام ئەوانەی ئاشنان بە دوایین لێدوانی من لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، گوێیان لە نائومێدیی ئێمە بوو. نائومێدی لەو ڕاستییەی کە پێشکەوتنێکی کەم یان هیچ پێشکەوتنێك بەدەست نەهاتبوو - وە خەڵکی شەنگال کە باجەکەیان داوە.
ئەمڕۆ شتەکان لە کوێ وەستاون؟
وەک وتم تا ئەمڕۆش زۆرێك لە شەنگالییەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان. ئەوانەی توانیویانە بگەڕێنەوە، زۆرجار خۆیان بەبێ خانووبەرەی گونجاو یان ئەو خزمەتگوزارییانە دەبیننەوە کە زۆر پێویستیان پێیەتی.
هەژاری بەربڵاوە، پێداویستییەکانی تەندروستی جەستەیی و دەروونی زۆرن و بە تایبەتی ژنانی ڕزگاربوو ڕووبەڕووی زۆر بەربەست دەبنەوە.
دوای ئەوەی ئەمەم وت، هەندێک پێشهاتی ئەرێنی هەیە کە دەبێ ڕاپۆرت بکەین.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ ڕزگاربوو دەستیان کردووە بە وەرگرتنی قەرەبووی مانگانەی خۆیان بەپێی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی.
هەروەها، سەرۆك وەزیران دەزانێت کە ئێمە چەندە دڵخۆشبووین کاتێك بڕیاریدا بەرەو پێشەوە بچێت لەگەڵ فەرمانی زەوی و موڵکایەتی.
پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی سەرچاوەکانی کردۆتەوە.
هەروەها بەهیوای ئەوەین کە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا لە ١٨ی کانوونی دووەمدا ببێتە هۆی سەقامگیری سەبارەت بە حوکمڕانی لە شەنگالدا.
لە ئێستادا، سەبارەت بە حوکمڕانی لە شەنگال، پڕ بە دڵ هیوادارم کە ئاسۆی هەڵبژاردن پرۆسەی دانانی قایمقامێکی کاتیی بۆ شنگال ڕانەگرێت. ئەم جۆرە دامەزراندنە گرینگە ئەگەر باس لە پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و چالاکییەکانی ئاوەدانکردنەوە بکەین.
بەڕێزان، ئێستا گوێمان لە بەڕێز سەرۆك وەزیران سودانی گرت و دەشزانین کە ئەو چەند پابەندە بە کارکدن و دەشزانین کە رێگاکە ئاسان نیە، بەڵام لە دڵەوە هیوادارم هەوڵەکانی ئەم دواییە بەکاربهێنرێن، و فراوانتر بکرێن. هەروەها، تکایە، ڕێگەم بدەن تیشك بخەمە سەر هەندێك کاری لەپێشینە لەو ڕووەوە:
یەکەم: جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی. بە کورتی، دەبێت خێراتر بکرێت. و ئەمەش تەنها کاتێك دەتوانێت ڕووبدات کە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕزگاربووان توانای پێویستی هەبێت بۆ ئەو ژمارە زۆرەی کەیسەکان کە لەبەر دەستیانە. بە هەمان شێوە گرنگە هەوڵبدرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەربەستانەی کە ڕێگری لە ڕزگاربووان دەکەن کە شایستەیی خۆیان بخەنەڕوو.
دووەم: پیشتریش باسم کرد، ڕێککەوتنی شەنگال. هەرچەندە ڕاگەیاندنەکانی پابەندبوونە دووبارەبووەکانی ئەم دواییە ئەرێنی بوون، دەبێ هەنگاوی تۆکمە ببینین و بە خێرایییەکی زیاتر. جا چ دانانی قایمقامێك بێت یان دامەزراندنی هێزی ئەمنی خۆجێی بێت یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و فراوانرکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە بێت.
سێیەم: ئەمە پەیامێکە کە لە هەموو ئەو ڕزگاربووانەوە بیستوومە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چاوم پێیان کەوتووە: دادپەروەری و لێپرسینەوە زۆر گرینگن. لە کاتێکدا کە پێویستە خۆمان لە ناوزڕاندنی بەکۆمەڵ بەدوور بگرین، بەڵام بێگومان دەبێ بڵێین: بەڵێ، بەڕاستی دەبێت هەموو ئەوانەی بەرپرسیارن بدرێنە دادگا. نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە ڕێگەی کارەکانی نێردەی یونیتادیشەوە بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی سەرکردایەتی عێراق بۆ دەرکردنی یاسای پەیوەندیدار و بەدواداچوونی دادپەروەری. با ئەوەش بڵێم کە پێویستە هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ئێزیدیانەی کە تا ئێستا بێسەروشوێنن و هێنانەوەیان بۆ ماڵەوە بۆ لای بنەماڵەکانیان.
لە کۆتاییشدا، ڕێگەم بدەن دووپاتی بکەمەوە کە مرۆڤەکان دەبێ بخرێنە پێش سیاسەت و بەرژەوەندییە حزبییەکان، بە تایبەتی کاتێك باس لەو کەسانە دەکەین کە ڕووبەڕووی خراپترین دڕندەیی بوونەتەوە لە مێژووی ئەم دواییەی مرۆڤایەتیدا. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانرێت پێداویستییەکانی ڕزگاربووان بە تەواوی دابین بکرێت.
بەڕێزان، لەکاتێکدا ئێمە بەم کاتە چارەنووسسازەدا تێدەپەڕێن، تەنیا دەتوانم هیوابخوازم کە هەموو سەرکردەکان، ئەوانەی لەم هۆڵەن و ئەوانەی لە شوێنی ترن بەبێ گوێدانە پاشخانیان یان لایەنگیرییان، گەورەیی ئەو بەرپرسیارێتییە بزانن کە لەسەر شانیانە.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بەشداربن لە دینامیکی بنیاتنەرانەی سەر ئەرزی واقیع لە چوارچێوەی پێکهاتەی دەوڵەتی عێراقدا. هەروەها دەبێ خاڵە هاوبەشەکانی خەڵکی شەنگال دەستنیشانبکرێت نەك سووربوون لەسەر خاڵە جیاوازەکان.
بۆیە با پابەندبوونی بەکۆمەڵمان دووپات بکەینەوە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەکە و کارکردن بۆ ئایندەیەك کە خەڵکی شنگال باوەڕیان پێی هەبێت.
سوپاس