لێدوانی ڕۆژنامەوانی

یونیسێف بە پشتیوانیی دارایی کۆمپانیای Daewoo E&C، پاڵپشتیی پەروەردەی پێشوەختی منداڵ بۆ ٧٥٠ منداڵی ناوچە بێبەشەکانی بەسرە پێشکەشدەکات

٠٦ ئاب ٢٠٢٣

یونیسێف نزیکەی 500,000 دۆلار لە کۆمپانیای Daewoo E&C وەردەگرێت بۆ زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە پەروەردەی پێشوەختە لە پارێزگای بەسرە.

بەغدا، 06ی ئابی 2023 – یونیسێف هاوبەشییەکی لەگەڵ کۆمپانیای دایۆ ئی ئەند سی Daewoo E&C واژۆکرد بۆ ئەوەی 750 منداڵ لە ناوچە بێبەشەکانی پارێزگای بەسرە دەستیان بە خزمەتگوزاریی پەروەردەی پێشوەختەی منداڵ (ECE) بگات.

ئەم کارە هاوبەشە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی بەسرەدا سەرپەرشتی دەکرێت، پەروەردەی جۆری بە شێوەیەکی گشتگیر و یەکسان بۆ هەموو منداڵێک مسۆگەر دەکات و ئامادەیی بۆ چوونە قوتابخانە بەرز دەکاتەوە؛ هەروەها ئاسانکاری دەکات بۆ پەڕینەوەیەکی ئاسان و کاریگەر بۆ ئاستی خوێندنی سەرەتایی. پەروەردەی پێشوەختەی منداڵ (ECE)  بەشێکی سەرەکییە لە ئامادەکردنی منداڵانی بچووکتر بۆ دەستپێکردنی خوێندنی سەرەتایی لە تەمەنی گونجاودا و بە لێهاتوویی پێویست بۆ سەرکەوتن.

بە پشتیوانی Daewoo E&C، یونیسێف پێنج سەنتەری ECE لە پێنج قوتابخانەدا دروست دەکات (یەک پۆل بۆ هەر قوتابخانەیەک). هەر ناوەندێکی ECE چەند بەشێک لە خۆدەگرێت لەوانە پۆلێکی خوێندن، خزمەتگوزاریی ئاو، ئاوەڕۆ و پاکوخاوێنی و شوێنێکی بچووکی پارێزراو بۆ یاریکردن کە هەر ناوەندێک خزمەت بە دوو شەفت دەکات. بە گونجاندن لەگەڵ ستراتیژی پەروەردەی نیشتمانیی عێراق، یونیسێف پشتگیری لە ئامانجی حکومەت دەکات بۆ دابینکردنی دەستڕاگەیشتن بە ECE بۆ لانیکەم لەسەدا ٣٠ی هەموو منداڵان لە عێراق تا ساڵی ٢٠٣١.

ساندرا لەتووف، نوێنەری یونیسێف لە عێراق گوتی: "یونیسێف پشتگیریی وەزارەتی پەروەردە دەکات بۆ ئەوەی کچان و کوڕانی کەمدەست دەستیان بە خزمەتگوزاریی جۆری بۆ گەشە و چاودێریی سەرەتایی منداڵ و خوێندنی پێش قۆناغی سەرەتایی بگات؛ ئەمەش دەبێتە هۆی خێراکردنی بەرەوپێشچوون بەرەو ئامانجی ژمارە ٤.٢ی گەشەپێدانی بەردەوام." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "وەزارەتی پەروەردە و یونسێف، بە پشتگیریی Daewoo E&C ئەوە مسۆگەر دەکەن کە ئەم منداڵانە دەتوانن مافەکانیان بەدیبهێنن و تەواوی تواناکانیان دەربخەن".

بایک جونگ-وان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دایۆ ئی ئەند سی Daewoo E&C گوتی: "دایۆ ئی ئەند سی شانازی دەکات کە لەگەڵ یونیسێف-دا هاوبەشییەکیان کردووە بۆ پێشکەشکردنی پشتگیری بۆ پەروەردەی پێشوەختەی منداڵان (ECE) بۆ 750 منداڵ لە ناوچە بێبەشەکانی پارێزگای بەسرە." ئەوەشی زیادکرد کە "هیوادارم پشتگیریمان بۆ ECE یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی سەقامگیر و تەندروست بۆ منداڵان لە عێراق و پلانمان هەیە زیاتر بەشداری بکەین لە پەرەپێدانی تەندروستی و پەروەردەی کۆمەڵگاکانی دەرەوەی وڵاتی خۆمان".

بۆ پشتگیریی لە بەهێزکردنی بەرنامەی ECE، لیژنەکانی بەڕێوەبردن لەسەر ئاستی قوتابخانە لە پێنج قوتابخانەکەدا دادەمەزرێ. بە پشتبەستن بە کۆمەڵەی دایبابان و مامۆستایان، ئەندامانی لیژنەکە ڕاهێنانیان پێدەکرێت و پاڵپشتی دەکرێن بۆ وردکردنەوەی پلانی پێشخستنی قوتابخانە. ئەمەش خاوەندارێتی کۆمەڵگا لە جێبەجێکردنی بەرنامەی ECE مسۆگەر دەکات.

بۆ بەهێزکردنی توانای مامۆستایان، ٤٠ مامۆستا لەسەر ECE ڕاهێنانیان پێدەکرێت کە ئەم راهێنانە بەشێکە لە پێشکەشکردنی پەروەردەی جۆری بۆ منداڵان بە جۆرێک کە گرنگی بە گەشەسەندنی هەمەلایەنەی منداڵەکە دەدات؛ هەروەها وەک ڕاهێنانی زیاتر، ٤٠ مامۆستا و بەخێوکار تواناکانیان لە پاراستنی منداڵی بچووکدا بەهێزتر دەکەن.

هەروەها پرۆگرامەکە ئامانجی ئەوە دەبێت کە لەگەڵ دەستپێکی پرۆژەکە و لەڕێگەی چالاکییەکانی هاوینەوە بۆ ٧٥٠ منداڵ، دەستبەجێ بگات بە منداڵانی کۆمەڵگاکە بۆ ئەوەی منداڵە بچووکترەکان بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو ئامادە بکات، چونکە کاری بیناسازییەکە چەند مانگێکی دەوێت تا تەواو دەبێت. هەروەها ٧٥٠ بەخێوکار لە رێگای ئەم پرۆگرامەوە توانای پەروەردە و دایک و باوکایەتییان بەرز دەکرێتەوە و چالاکییەکانی تایبەت بە سازدان و بزواندنی کۆمەڵگاش بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر ECE جێبەجێدەکرێن.

یونیسێف بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق، دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی نێو کۆمەڵگا بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر گرنگیی ECE لە بەسرە و لە بەشەکانی دیکەی وڵات بۆ دڵنیابوون لەوەی منداڵان باشترین دەستپێکی ژیانیان هەبێت.



#####

دەربارەی یونیسێف

یونیسێف لە هەندێک لە سەختترین شوێنەکانی جیهان کاردەکات بۆ ئەوەی بگاتە منداڵە بێبەشەکانی جیهان. لە زیاتر لە ١٩٠ وڵات و قەوارەدا، ئێمە کار بۆ هەموو منداڵێک دەکەین، لە هەموو شوێنێک، بۆ ئەوەی جیهانێکی باشتر بۆ هەمووان بنیات بنێین.

فۆڵۆوی یونیسێف بکەن لە وێبسایت و ئینستاگرام و تویتەر و فەیسبووک.

دەربارەی Daewoo E&C

کۆمپانیای Daewoo E&C کۆمپانیایەکی پێشەنگی بیناسازیی جیهانییە و بنکەکەی لە کۆماری کۆریایە و لە ڕێگەی لق و پێگەکانی لە دەرەوەی وڵاتدا، لە سەرانسەری جیهاندا پشتگیرییەکی بەرفراوانی پێشکەش بەو کەسانە کردووە کە پێویستیان بە هاوکارییە.

UN staff

مۆنیکا عەوەز

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
پسپۆڕی پەیوەندییەکان

زەید فەهمی

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
بەرپرسی راگەیاندنی یونیسێف.

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت