لە میانی سەردانە چوارڕۆژیەکەیدا بۆ عێراق لە ٦ تا ٩ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێز ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵێکی بەرفراوان لە نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و پارێزەران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ژینگەپارێزی و نوێنەرانی پێکهاتە ئیتنۆ-ئاینییە جۆراوجۆرەکان لە سەرانسەری وڵاتدا ئەنجامدا.
بەڕێز تورک لە نۆ کۆبوونەوەی جیادا لە بەغدا و هەولێر و بەسرە لەگەڵ دەیان ژن و پیاووهەروەها گەنجان کۆبووەوە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی کێشە بەردەوامەکانی مافەکانی مرۆڤ و دەستنیشانکردنی ئەو ڕێوشوێنانەی کە نوسینگەکەی بەڕێزیان بتوانێت زیاتر پشتگیری لە بەرەوپێشبردن و پاراستن بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا بکات. هەروەها بەڕێزیان لەگەڵ بەشداربوواندا باسی چەندین پرسی کرد، لەوانەش بەرتەسکردنەوەی فەزای مەدەنی مافەکانی کەمینەکان و مافەکانی ژنان، ئەو ئالنگاریانەی کە لە زیندانەکان و شوێنەکانی تری دەستبەسەرکردندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و دۆخی ونبووەکان و ئەوانەی کە تووشی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بوونەتەوە.
جگە لەوەش بەڕێز تورک گوێی لە نیگەرانیەکان گرت سەبارەت بە کێشە بەردەوامەکانی نایەکسانی و جیاکاری و بەردەوامی خۆدزینەوە لە سزا لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و تاوانەکانی دژی چالاکوانان وڕۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران وە هەروەها مافەکانی مرۆڤ لە فەزای دیجیتاڵیدا.
بەڕێز تورک ئاماژەی بەوەش کرد “بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری ئاستەنگە گەورەکانی سەردەمەکەمان بکەین، پێویستە سوود لەو داهێنانە وەربگرین کە کاتێک خەڵک بتوانن پێکەوە گفتوگۆ لەسەر پرسەکان بکەن و چارەسەر پێشنیار بکەن. ئەمەش بە واتای بەرفراوانکردنی ئەم ئازادییانە دێت تابتوانرێت”
هەروەها داکۆکیکارانی ژینگە تیشکیان خستە سەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وئاسایشی ئاو و دارستانبڕین و تێکچوونی ژینگە لە وڵات و کاریگەرییەکانی دواتر لەسەر مافەکانی مرۆڤ . زۆنگاوەکانی باشووری عێراق لە ماوەی وشکەساڵی بەردەوامدا زیاتر کەمبوونەتەوە و کشتوکاڵ و شێوازی ژیانی تەقلیدی و میراتی کولتووری وێرانکردووە و ئاوارەبوونی لێکەوتووەتەوە. گروپەکانی ژنانیش باسیان لەوە کرد کە چۆن گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری ناگونجاوی لەسەریان هەیە.
یەکێک لە داکۆکیکارە بەشداربووەکانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، “ئێمە سوپاسگوزاری سەردانی کۆمیساریای باڵاین بۆ عێراق لەهەڵومەرجێکی ئاوا گرنگدا. بەشداریکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم ئاستەدا پردێکی گرنگ بۆ ئێمە دابین دەکات بۆ ئەوەی نیگەرانییەکان و ڕاسپاردەکانمان بگەیەنینە دەسەڵاتە باڵاکان”.
سەردانەکەی کۆمیساری باڵا لە میانی هەڵمەتێکی یەک ساڵیدا ئەنجام دەدرێت بۆ پێشخستن و داننان بە ٧٥ ساڵەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ. کۆمیساریای باڵا پابەندبوونی بە هاوکاری لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری و کۆمەڵگەی مەدەنی زیندوو و هەمەچەشنی وڵاتەکە دووپاتکردەوە، بە ئامانجی پێشکەوتن بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەنێویاندا ئامانجی پێنجەم (یەکسانی جێندەری)، ئامانجی 13 (کارکردن بۆ کەشوهەوا) و ئامانجی 16 (ئاشتی و دادپەروەری و دامەزراوە بەهێزەکان).