وتەی خاتو جینین هێنیس-پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عیراق (یونامی)، بەبۆنەی یادی تەقینەوەکەی هوتێل کەناڵ
١٩ی ئابی ٢٠٢٣
بەغداد
میوانە بەرێزەکان
هاوڕێیان
خوشك و برایان
بەیانیتان باش
ئێمە بە خەم و پەژارەوە لێرە کۆبووینەوە لە بۆنەی یادی بیست ساڵەی هێرشکردنە سەر بارەگای ئەوکاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا: هۆتێلی کەناڵ.
لە تەقینەوەکەدا ٢٢ کەس گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا سێرجیۆ ڤیێرا دی مێلۆ، نوێنەری تایبەتی ئەوکاتەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، با لەبیریشمان نەچێت، زۆر کەسی تریش بریندار بوون یان کاریگەرییان لەسەر بوو بە شێوازی تر، لەوانەش بەهۆی لەدەستدانی هاوکار و هاوڕێ ئازیزەکانیانەوە.
ئەگەرچی ئەو هێرشە نەتەوە یەکگرتووەکانی کردە ئامانج، بەڵام مەترسییەی کە لەگەڵ خۆی هێنابووی زۆر گەورەتربوو لەوەی کە تەنها بەس لە چوارچێوەی هوتێل کەناڵ بێت.
بەڵکو ڕووداوەکە بریتیبوو لە سەرەتایی بەرزبوونەوەی شەپۆلێکی زەریای توندوتیژی بوو، کە درێژەی هەبووە و سەرتاپای وڵاتەکەی گرتەوە و لەگەڵ خۆیدا ئازار دەردەسەرییەکی لە خەیاڵ بەدەری بۆ زۆرێك لە عێراقییەکان هێنا.
کەواتە، لەکاتێکدا ئێمە بۆ ئەم بۆنە خەمبارە کۆدەبینەوە، دەبێت هەموو ئەو کەسانەمان لەبیربێت کە ژیانیان لەدەستدا بەهۆی ململانێکان لە عێراقدا.
هەروەك پێشتر لە زۆر بۆنەدا وتوومە، نابێ یادەوەرییەکان بە شێوەی نەگۆڕ بمێننەوە، بەڵکو دەبێت ناچارمان بکات کە کاربکەین؛ بۆ ئەوەی پابەندیی خۆمان دووپاتبکەینەوە بە ئەنجامدانی هەموو هەوڵێکمان لە پێناو ئاشتی و سەقامگیریدا.
ئەمە هێندەی تر گونجاوە بەو پێیەی لە هەمان ڕۆژدا یادی ڕۆژی جیهانی مرۆیی دەکەینەوە. وە، لەم کارەدا، ئێمە دەستخۆشی لەو کەسانە دەکەین کە لە سەرانسەری جیهاندا کاردەکەن، هەندێکجار لە سەختترین بارودۆخ و لە مەترسییەکی گەورەی کەسیدا کاردەکەن، ئێمە دەستخۆشی لەو کەسانەش دەکەین کە کاردەکەن بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە.
میوانە بەڕێزەکان
خوشك و برایان
وەک لە وتەیەکی ئەم دواییەی من بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەم پێدا، ٢٠ ساڵی ڕابردوو گۆڕانکاری لە عێراقدا هێناوەتە ئاراوە. کەم کەس نکۆڵی لەوە دەکات کە ڕێگایەکی زۆر ناخۆش بووە. بەڵام بەدرێژایی ئەم ساڵانە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەرداری هەوڵەکانی نەبووە بۆ بەشداریکردن لە ئاشتی و سەقامگیری عێراقدا.
هاوکات لەم شوێنەوە کە سەردەمانێك بە داروپەردووی هۆتێل کەناڵ داپۆشرابوو، ناوەندی چاکسازی کۆمەڵایەتی ئەلقەنات لەدایك بووە. سەنتەرەکە وەك پێش ئەم کۆبوونەوەیە ڕوون کراوەتەوە، چارەسەری نەخۆشی ناوەوە و دەرەوەی نەخۆشخانە دەکات ئەوانەی ئاڵودەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بوونە.
بەڵێ، نموونەیەکی زۆر باشە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی گشتی کە بەپێی پێویستی کۆمەڵگا دامەزراوە. لەگەڵ پلانەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ زیاتر فراوانکردنی سەنتەرەکە، نەخۆشانی زیاتر وەستاون بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە چارەسەری تایبەتمەند و چاکسازی.
لەم نێوەندەدا، حکومەتی عێراق ئیرادەی خۆی دەربڕیوە بۆ پەرەپێدانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە سەرانسەری وڵاتدا، هەروەها بۆ هێنانەدی چارەسەر بۆ ئاستەنگە گەورەکان – جا پەیوەندی بە ئاسایشی ئاوەوە هەبێت یان کارەبا یان حوکمڕانی یان چاکسازی دارایی و ئابووری و کۆمەڵایەتی. ئێمەش هیوادارین کە تیشکی ڕووناکی زیاتر و زیاتر ئەو تاریکییە بشکێنێت کە هێشتا ژیانی زۆرێك لە عێراقییەکانی داپۆشیوە.
ئەو برینانەی کە بەهۆی هێرشەکەی ساڵی ٢٠٠٣ەوە دروست بوون – و ئەو توندوتیژیانەی کە دوای ئەوە هاتبوون – قووڵن. ڕاستییەکە ئەوەیە: لەوانەیە هەرگیز بە تەواوی چاك نەبنەوە.
بەڵام، لەکاتێکدا بیرهێنانەوەی ئازارەکان قورسە، ئێمە ئەرکی ئەوەمان لەسەر شانە کە هەرگیز ئەو هاوکارانەمان لەبیر نەکەین کە گیانیان لەدەستداوە. ئەم یادکردنەوەش ڕەنگە وەك بیرخستنەوەیەك بێت بۆ هەموومان کە ڕۆڵی ئێمەیە پەرە بە پەروەردەکردنی هەلومەرجەکانی سەلامەتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی هەموو عێراقییەکاندا بدەین.
ئەمڕۆ، دەمەوێ هاوخەمی قووڵی خۆم دەرببڕم بۆ ئەو کەسانەی کە هاوکار و دۆست و ئازیزانیان لەدەست داوە، ئەم یادکردنەوەش نەك هەر بۆ ئەمڕۆیە بەڵکو هەموو ڕۆژێکە.
با هەموومان بەشداریی بکەین لە بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئاشتی و لێبوردەیی کە ئەوانەی لە هێرشی هۆتێل کەناڵدا گیانیان لەدەستدا باوەڕیان پێ هەبوو و کاریان بۆ دەکرد. وەك هاوکارەکەم مارتن گریفیس، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و ڕێکخەری فریاگوزاری تەنگەتاوی، لەم دواییانەدا وتی: "ناتوانین ئەوانەی لێمان وەرگیراون بیهێنینەوە. بەڵام دەتوانین ڕێز لە یادەوەرییەکانیان بگرین بە گرتنەبەری هەموو هەوڵێك بۆ پشتگیریکردنی ئەو کەسانەی کە بەردەوامن لە کارەکانیان.
سوپاس