خاتوو جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، بە یاوەری بەڕێز کلۆدیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەت بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن، لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی عێراق، لەسەر داوای خۆیان، کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مشتومڕی بەردەوام لەسەر زاراوەی وەك "ڕەگەز"، "یەکسانی" و "بەهێزکردنی ژنان".
بەرێز ڤۆلکێر تورك، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق لە هەفتەی ڕابردوودا، ڕایگەیاند کە ئەم زاراوانە بە شێوەیەکی گشتگیر قبوڵکراون و زۆر گرنگن، لەنێو چەندان شتی تریش، بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری. جەختیشی کردەوە: "بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانە دژایەتیکردنی هیچ کولتوور و ئایین و نەریتێك نییە".
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، نوێنەری تایبەت هێنیس-پلاسخارت وتی: "زۆربەی ئەو قسە زاڵانە زیانبەخشن، کە دەبێتە هۆی هەڕەشە و تۆقاندنی جددی. هەروەها سەرقاڵمان دەکات لە ئاستەنگە زۆرەکانی تایبەت بە داهاتووی عێراق. زانیاری ناڕاست یان هەوڵدان بۆ قەدەغەکردنی دەستەواژە قبووڵکراوە جیهانییەکان یارمەتی عێراق نادات بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی. تەواو پێچەوانەکەیە. ئەو ماف و ئازادییانەی لە دەستووری عێراق و جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤدا هاتووە، کە عێراق ٧٥ ساڵ لەمەوبەر لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەنگی بۆ داوە، هەموو عێراقییەکان دەگرێتەوە".