وتاری بەرێز کلاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن لە یانزەهەمین یادکردنەوەی کۆمەلکوژیی یەزیدییەکاندا کە لەلایەن "یەزدا" وە رێکخرا بوو
هەولێر، ٢٨ی تەمموزی ٢٠٢٥
خۆشەویستان لە یەزدا،
ئامادەبووانی بەڕێز ،
زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتەکەتان بۆ وتاردانم لەم یادەدا. من لەسەرەتا دەمەوێت سڵاوی بەڕێز محەممەد ئەلحەسانی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانتان پێ ڕابگەیەنم. من هەروەها هاوکاریی و هاوپشتیی تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ قوربانیانی دەستی داعش دووپات دەکەمەوە کە قێزەونترین و دڕندەترین بیروباوەڕە لە مێژووی هاوچەرخدا. لە راستیدا، داعش بە دڕندەترین شێوە مامەڵەی بە تایبەت لەگەڵ یەزیدییەکان کرد بە ئەنجامدانی تاوانێکی دڕندانەی بێوێنە کە ئازار و کۆژانەکەی تا ئێستاش لە برینی قوولی جەستەی ڕزگاربووان و خانەوادەکانیاندا هەستی پێدەکرێت.
لە هەمان کاتیشدا، ڕزگاربووان لەڕێگەی گرتنەبەری چەندین دەسپێشخەری گرینگەوە، خۆڕاگری و توانای هەڵسانەوەی لە ڕادەبەدەری خۆیانیان نیشانداوە. من لێرەوە دەمەوێت سوپاسی یەزدا بکەم بۆ ئەنجامدانی بەرنامەی "مافی خۆت بزانە" کە بەشداربووان بەتوانا دەکات نەک هەر لە کۆمەڵگەی یەزیدی بەڵکوو زانیاری و راهێنانیش پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە ببنە داکۆکیکاری مافەکانی خۆیان. من هەروەها پیرۆزبایی لە دەرچووانی ئەم بەرنامەیەش دەکەم کە ئێستا ئەوانیش لێرە ئامادەن.
ئامادەبووانی خۆشەویست،
ئەمڕۆ خەباتی کۆمەڵگەی یەزیدی بۆ تێپەراندنی دواترین کۆمەڵکوژییان هەر درێژەی هەیە. تا ئێستاش زیاتر لە ٢٠٠ هەزار یەزیدی ئاوارەن کە هەندێکیان لە چادرگەکاندا ژیان بەسەر دەبەن و هەندێکیشیان گەڕاونەتنەوە بەڵام بێ دابینکردنی خزمەتگوزاریی و هاوکاریی پێویست کە بۆ ژیانی ئاساییان پێویستە. هەروەها، ٢٦٠٠ یەزیدی تا ئێستاش بێ سەرو شوێنن.
وێڕای دەسخۆشیم لە هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا داوای کاری زیاتر دەکەم بۆ گێڕانەوەی مافی یەزیدییەکان. بووژانەوەی کۆمەڵگەی یەزیدی بە دڵنیاییەوە مانای تەفروتوناکردنی تەواوەتی داعشە.
لێرە دەمەوێت ٣ بواری سەرەکی بۆ کارکردنی پێویست بخەمە ڕوو.
یەکەم قەرەبوو و شیاندنەوە. ئەمانە زۆر پێویستن بۆ داننان بەو زیانە زۆرەی کە ڕزگاربووان چێشتوویانە لەگەڵ پێویستبوونی یارمەتیدانیان بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیانیان. لەم رووەوە، من دەسخۆشی لەوە دەکەم کە زیاتر لە ٢٢٠٠ ڕزگاربوو لە یاسای ڕزگاربووانی یەزیدی بەهرەمەندن دوای پەسندکردنی.
یەزدا ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی ئامادە کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی ئەو یاسایە. هەرچەندە یاسایەکە ژیانی زۆربەی باش کردووە لە ڕووی هێنانەکایەی ناساندنی فەرمیی تاوانەکە وەک پشتگیرییەک لەڕووی کردەنییەوە بەڵام هێشتاش کاری زیاتر پێویستە بەتایبەتی نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسایەکە.
هەروەها، پرۆسەی قەرەبوو و شیاندنەوە وا دەخوازێت کە نابێت ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی بەزۆری بەشوودانی ژنانی یەزیدی بە ئەندامانی داعش لەدایک بوون پەراوێز بخرێن بەڵکوو پێویستە هاوکاریی تەواو بکرێن بە تایبەتیش لە لایەن کۆمەڵگەی یەزیدییەوە.
دووەم گەڕانەوە. ئەم پرۆسەیە دەبێت بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و بێکێشە و شکۆمەندانە بێت. بۆ ئەمەش، هەلومەرجی سیاسی و ئیداریی و ئاسایشی گونجاو پێویستە بڕەخسێندرێت. لە راستیدا، رێککەوتنی شەنگال لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەنگاوێکی زۆر گرینگ بوو بەڵام بەداخەوە جێبەجێکردنەکەی تووشی پەککەوتن بوو. شەنگال تا ئێستاش هەر بێ قایمقامە و ئەو هێزە ئاسایشەش کە دەبوو بەگوێرەی رێککەوتنەکە دابمەزرێت بۆ گێڕانەوەی متمانەی کۆمەڵگەیەکە هەر دانەمەزراوە. لەلایەکی ترەوە، شەنگال تا ئێستاش بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری و دەرفەتی ژیانەوە دەناڵێنێت. من بە داننانەوە دەسخۆشی لە گۆڕینی کارتی خاوەندارێتی زەوی بۆ تاپۆ دەکەم لە مانگی نیساندا کە بەدرێژای چەندین نەوە ئەوە یەکەمجارە یەزیدییەکان ببنە خاوەنی ڕاستەقینەی زەوی بەڵام هێشتاش خەڵکێکی زۆری یەزیدیش چاوەڕێی ئاساییکردنەوەی ژیانیانن.
من دەمەوێت ئەوەش دووپات بکەمەوە کە بەبێ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری خەڵک هەرگیز ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. هەروەها، ئەو پرۆژە ئاوەدانکردنەوە دڵخۆشکەرانەش کە لەلایەن حکومەتەوە رایگەیاندرابوون بە جێبەجێ نەکراوی ماونەتنەوە و ئەمەو جگە لەوەی کۆمەکبەخشانیش نایانەوێت وەبەرهێنان لە شەنگالدا بکەن. ئەمە داوایەکە بۆ هەولێر و بەغدا و سەرکردە یەزیدییەکانیش بۆ دەستکردنەوە بە هاوکاری بۆ ئاوڕدانەوە لە پێویستییەکانی یەزیدییەکان بۆ ئەوەی ئەو یەزیدییانەی کە ئارەزوی گەڕانەوەیان هەیە بتوانن بگەڕێنەوە و سەرلەنوێ ژیانیان دروست بکەنەوە.
سێهەم، دادپەروەری. هەوڵەکان پێویستە درێژەیان هەبێت بۆ پەلکێشکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی داعش چی لەڕێگەی دادگا عێراقییەکانەوە یان دادگای وڵاتانی ترەوە بە هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگایەکانی دادی عێراقدا. دادگاییکردنەکان بۆ تیمارکردنی برینەکانی ڕزگاربووان زۆر گرینگن. بە دەستنیشانکردنی تاوانباران بەشێوەی تاکە کەس، دادگاییکردنەکان دەتوانن کۆمەڵگایەکە لە تاوانبارکردنی پێکەوەیی ڕزگاری بکات. بەڵام پرۆسەی دادگاییکردنەش پێویستە لەسەر بنەمای دادوەری بێت نەک تۆڵە. ئێمە لەو کاتەی کە ئاوات بۆ پەلکێشکردنی تاوانبارانی ئەو کارەساتە دەخوازین، دەبێ دانیش بەو کەسانەدا بنێین کە بۆ پاراستنی دراوسێ یەزیدییەکانیان خۆیان تووشی مەترسی کرد.
ئامادەبووانی خۆشەویست،
دەمەوێت وشەیەکیش لەسەر رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاریکاریییە بەردەوامەکەی بۆ ڕزگاربووان بڵێم. لە کاتێکدا کە یونامی تەنها چەند مانگێکی ماوە بەڵام تیمی وڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا هەر دەمێنێتەوە بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و دامودەزگاکانی دەوڵەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ درێژەپێدانی کارەکانی یونامی و لەبەر رۆشنایی ئەرکی پێسپێردراویشدا لەجیاتی دادوەری بۆ یەزیدییەکان بۆ سەر بارکردنی کارەکانی یونامی و یونیتاد.
ئێمە ئەمڕۆ پابەندیمان تازە دەکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی برینی کۆمەڵکوژیی ساڵی ٢٠١٤. ئەمە هەر یادکردنەوەیەکی ڕووت نییەو بەس بەڵکوو داواکردنە بۆ کارکردنیش.
دەبا بە گرتنەبەری دادپەروەری و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی گشتگیر رووبەڕووی رابردوو ببینەوە کە تێیدا فرەیی لەجیاتی هەڕەشە ببێتە سەرچاوەی دەوڵەمەندی.
ئایندەی کۆمەڵگەی یەزیدی لە عێراقدا لە مەترسیدایە هەروەک چۆن ئایندەی عێراقیش وەک وڵاتێکی فرە نەتەوە کە تێیدا مافی هەر تاکێک ڕێز لێگیراو بێت.
زۆر سوپاس.