وتاری د.محمد ئەلحەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق | یادی ١١ ساڵەی جینۆساید دژی ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی تر
جەنابی بەڕێز سەرۆك وەزیران،
جەنابی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران،
جەنابی بەڕێز وەزیری کاروباری دەرەوە،
خوشکان و برایان ،
من بە ناردنی دروود بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانە دەست پێدەکەم کە بوونە قوربانیی دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش. لە یادەوەری عێراق و عێراقییەکاندا ڕۆحیان بە نەمری دەمینێتەوە. هیوادارین هەوڵ بدرێ و هاوئاهەنگی بکرێ بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژییانە، هەروەها بۆ نەهێشتنی ئەو بیرۆکە توندڕەوانەی کە هیوادارین هیچ پێگەیەکیان لە عێراقی ئەمڕۆ و سبەی و داهاتوودا نەبێت.
بەناوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەری ڕێزونەوازش دادەنەوێنین و هاوسۆزی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان و بەتایبەتی کوڕ و کچە ئێزیدیەکانمان دەردەبڕین. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکان و بەرپرسانی عێراق دەکەم کە پێکەوە کاربکەن، بە هەموو هێزی خۆیانەوە، هاوکاریی قوربانیانی ئێزیدی و ڕزگاربووانی دەستی داعش بکەن بۆ تێپەڕاندنی پاشماوەکانی ڕابردووی پڕ ئازار، کە کاریگەرییەکانی بەردەوامن بە ئازاری ژیان و گوزەرانی زۆرێکیان، کە دوای ئەو هەموو ساڵە، هێشتا لە هەلومەرجێکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن. ئەوان لە کەمپەکاندا دەژین کە سەرەتاییترین توخمەکانی ژیانێکی شکۆمەند و سەلامەتیان نییە.
وەها دۆخێك نە ڕێگەپێدراوە و نە شایستەی عێراقە. نابێت بەردەوام بێت. کەرامەتی عێراق لە کەرامەت و شانازی هاوڵاتی عێراقی لە هەموو بەشەکانی وڵاتدا بەرجەستە دەبێت. بەداخەوە کەسانێك هەن کە تا ئەمڕۆش بیرۆکەی توندڕەوی داعش و قسەی ڕقاوی پەرەپێدەدەن.
سەرکردە پایەبەرزەکان و گەلی بەڕێزی عێراق،
ئێمە ئەرکمان لەسەر شانە کە نادادپەروەری لەسەر هاوبەشەکانمان لەم وڵاتەدا، کوڕ و کچەکانمان، بەبێ گوێدانە لایەنگیرییان، هەڵبگرین. لێرەدا بە ناوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە جەخت لەسەر پێویستی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئێزیدییەکان بۆ ماڵ و گوندەکانیان لە شنگال و ناوچەکانی دیکەی عێراق و هەروەها هەڵگرتنی نادادپەروەری لەسەر گروپەکانی دیکەی عێراق کە کاریگەرییان لەسەر بووە و ئێستاش هەیە.
من بە ئاشکرا دەیڵێم دوای ئەو هەموو ساڵە نابێ یەك عێراقیش لە ئۆردوگاکانی ئاوارەیی بمێنێتەوە. ساڵانێك بەسەر نەهێشتنی داعشدا تێپەڕیوە، بەڵام لێکەوتەکان و برینەکانی داعش هێشتا قووڵن. کەسانی عێراقی هەن تا ئێستاش دوورن لە مافی خۆیان.
جەنابی سەرۆك وەزیران، هەوڵی زۆرت داوە، کە زۆر پێزانینمان بۆی هەیە و دەستخۆشیت لێدەکەین. بەڵام بەتەواوی چارەسەریی نادادپەروەری دژی ئێزیدییەکان نەکردووە.
پرسیاری من ئەوەیە: کەی ئێزیدییەکان دەگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان کە بە دەستی داعش و ئەوانی دیکە وێران بوون؟ کەی دەگەڕێنەوە شنگال؟
تا ئەمڕۆ، لە عێراق و دەرەوەی عێراق، زیاتر لە دوو هەزار و 600 ئێزیدی عێراقی بێسەروشوێنن بە ئەوانەی کە دیل و دەستبەسەرکراوی زۆرەملێشن. گەڕان بەدوایان و چاکبوونەوەیان نابێت لە ڕێگەی هەوڵی کەسییەوە بێت. پێویستە هەوڵێکی هاوبەشی حکومی عێراقی و نێودەوڵەتی هەبێت. نابێ ئازاری ئێزیدییەکان لەبیر بکەین کە زیاتر لە ٢٠٠ هەزاریان تا ئێستا بێ ماڵ و حاڵن.
نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق و سەربازە نەناسراوەکانی دیکە لە ساڵی ٢٠٢٠دا کاریان لەسەر داڕشتنی ڕێککەوتنی شەنگال کرد، بەداخەوە بە چەند هۆکارێك ،کە بەشێك لە ئێمە دەزانین، تا ئەمڕۆش بە هۆی زاڵبوونی سیاسی و گرژیی نێوان هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان جێبەجێ نەکراوە. کەی دەتوانرێت ئەم ڕێککەوتنە بە وشە و کردار جێبەجێ بکرێت؟ داوا لە بەرپرسانی عێراقی لە هەولێر و بەغدا دەکەین ناکۆکیەکان وەلا بنێن و پێکەوە کار بکەن بۆ یەکگرتن و دانانی بەرژەوەندییەکانی عێراق و عێراقییەکان لە پێش هەموو شتێکەوە.
لێرەدا ڕێگەم بدەن باس لەوە بکەم کە نابێت لەبیرمان بچێت پێویستە بە ئاڕاستەیەك کاربکەین بۆ عێراقێك کە دوور بێت لە توندڕەوی، عێراقێك کە مافەکانی مرۆڤی تێدا ڕێز لێ گیرابێت و بۆ هەمووان پارێزراو بێت. با ئەم بۆنەیە بکەینە پابەندبوونێك کە بە هەنگاوی کردەیی و کۆنکرێتی پشتیوانی لێبکرێت نەك تەنها بە دروشم.
لە کۆتاییدا، دەرفەتەکە دەقۆزمەوە و جەخت لەوە دەکەمەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان وەك پارێزەر و بەرگریکاری مافەکانی ئێزیدییەکان و هەموو عێراقییەکان دەبێت. وەك شەریکێکی دڵسۆز بۆ وڵات لە خزمەتی وڵات و عێراقییەکاندا دەبێت.