بەشداریپێکردن رێگە راستەکەیە: گەنجە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان داوای بەشداریپێکردن دەکەن
نووسینی : سیلیا تۆمسۆن دادسۆن / نووسینگەی راگەیاندنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و راگەیاندنی یونامی
وەک توانادار نەک وەک نادیار سەیری ئێمە بکەن!
"ئێمە وەک سەرکردەی بەتوانا و دروستکەری گۆڕانکاری سەیرمان کەن. ئێمە وەک هەر کەسێکی تر بیرۆکە و وزە و توانامان هەیە. بەس پێویستمان بە رەخساندنی هەل و پشتگیری هەیە"
ئەمە وتەی گەنجێکی عێراقی هەمەبەهرەیە بە ناوی نەبا عەبدولستار عەبدوڵڵا. ئەو وێنەگر و دروستکەری ناوەڕۆکە و بەهرەکانی بۆ گۆڕینی دیدی کۆمەڵگا سەبارەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت بەکار دەهێنێت. ئەو هەروەها لەڕێگەی وێنەکێشانەوە ئەو چیرۆکانە دەخاتە ڕوو کە سنووری زمان دەبڕن و لە کۆمەڵگای کەڕ ولاڵدا دەنگ دەدەنەوە.
"کارەکانم یارمەتی خەڵکی تری وەک منیش دەدەن بۆ ئەوەی هەست بکەن کە هەم گوێیان لێ دەگیرێت و هەم دەشبینرێن. من کارە بینراوەکانم بۆ هەڵمەتی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری بەکار دەهێنم بۆ ڕۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان و ڕۆژی زمانی ئاماژە. هونەر ئەو متمانە و باوەڕبەخۆبوونەی پێ بەخشیوم کە بۆ دروستکردنی گۆرانکاری بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی خەڵک لەگەڵ خاوەن پێداویستی تایبەتدا پێویستە"
نەبا خەون بە کردنەوەی بنکەی هونەر و فێرکردنەوە دەبینێت بۆ خەڵکی خاوەن پێداویستیی تایبەت بەمەبەستی پەرەدان بە بەهرە و دۆزینەوەی داهێنان و بەردەستبوونی هەلی راستەقینەی بەکاربردن و دەسکەوتنی کار.
بەرەنگاربوونەوەی بەربەستەکان نەک تەنها پەککەوتەیی
نەبا یەکێکە لەو سێ منداڵەی کە هەر بە زگماکی کێشەی بیستنیان هەیە. بەڵام گرفتی هەرە گەورە لە دۆخێکی ئەوهادا هەر تەنها گرفتەکە خۆی نییە و بەس بەڵکوو زیاتر روانینی کۆمەلگایە. ئەزموونەکانی نەبا ڕەنگدانەوەی چەندینی تری وەک ئەوە لەسەرتاسەری عێراقدا بەگرتنەخۆی "بانە" و "بەشدار" یشەوە کە لە رێکخراوی "شیاو"دا خۆبەخشن.
بانە وتی :"من هەر لە منداڵییەوە حەزم دەکرد ببمە مامۆستا". بەڵام ئەو تێبینی ئەوەی کرد کە پەککەوتەییەکەی بووەتە بەربەست بۆ ئەم کارە. بەڵام هەرچۆنێک بێت ئەو توانای هەڵسانەوەی زۆر بەهێز بوو بۆ بەدواداچوونی خەونەکەی. ئەو هەروەها وتی: "من ئێستا لەڕێگەی ئۆنلاینەوە وانە دەڵێمەوە و پەیوەندی و هاوکارییەکی بەهرەیی بەهێزم دروست کردووە کە بووەتە مایەی پێدانی بەهرە بۆ ئەنجامدانی کارەکەم لەگەڵ خەڵکی جۆراوجۆردا"
تا ئەمدواییەش، نە بانە و نە بەشدار خاوەنی سەکۆی خۆیان نێن بۆ هاوبەشکردنی بیروبۆچوونەکانیان. بەڵام ئەم دۆخە بەتایبەتی بۆ بەشدار گۆرانکاری بەسەردا هات کاتێک لە هەولێر لە دەستپێشخەری" بەڵێ ئێمە دەتوانین"دا بەشداری کرد کە چەقی کارەکەی لەسەر راهێنانی بەهرەی گەنج بوو کە لەلایەن ڕێکخراوی "شیاو" ەوە پشتگیری دەکرا.
بەشدار، کە ئێستا وانەی عەرەبی بەشێوەی تایبەتی دەڵێتەوە، وتی :"یەکێک لە بەربەستەکانم دۆزینەوەی کار بوو چونکە خەڵک بە سووک سەیری توانایەکانمی دەکرد.
ئەو هەروەها زیاتر وتی :"خەونم ئەوەیە ببمە بازرگان و کۆمپانیای ئۆتۆمبێلم هەبێت بۆ ئەوەی بتوانم هەلی کار بۆ خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەتی تر بڕەخسێنم. من هەروەها زۆر دەمەوێت بچمە پەرلەمان بۆ ئەوەی چاکسازی لە یاسای پەککەوتەییدا بکەم لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا."
ئاڵنگاری و دەرفەت
هەرچەندە یاسای عێراقی هەلی یەکسان بۆ خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەڕەخسێنێت، بەڵام هێشتاش ئەوان رووبەڕووی چەندین گیروگرفت دەبنەوە وەک بەردەستنەبوونی هەلی کارکردن کە بۆ ئەوان زۆر سنووردارە.
ئەحمەد ساڵح عەلی کە لە رێکخراوی حەسارۆست لە کەرکوک کار دەکات بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت، باس لە بەربەستەکان دەکات:
"بەردەستنەبوون ڕاستیەکی ڕۆژانەیە. من جارێک تووشی گەنجێک بووم کە چەندین ساڵ بوو نەیتوانیبوو بچێتە قوتابخانە چۆنکە قوتابخانەکە قادرمەی نەبوو. بەشدارنەبوون بەهۆی ئەم گرفتەوە زۆر بەربڵاوە. "
ئەو وتی کە ڕاستە بەشداربوون پێویستی بە وەبەرهێنانە لە ژێرخان و بەردەستبوونی خوێندن و بەکاربردنی گشتگیرانە و بەشداریپێکردنی خەڵکی خاوەن پێداویستە لە هەموو قۆناغەکانی بڕیارداندا.
ئەو زیاتر وتی :"خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت پێویستە هەر لە سەرەتاوە بەشدارییان پێ بکرێت و هەلی یەکسانیان بۆ بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی بتوانن دیزاینی پڕۆژە بکەن و چالاکییەکان بەڕێوە بەرن و ببنە هۆی گۆڕانکاریش."
نەتەوە یەکگرتووەکانی عێراق پشتگیریکری لە کارنامەیەکی گشتگیر دەکات
لەم ساڵانەی دواییدا، عێراق چەند هەنگاوێکی کردەنی نا بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت. لە ساڵی ٢٠٢٤ یشدا یەکەم دیداری بە پشتگیریکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ بەتواناکردنی خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت گرێدا. دیدارەکە چەقی خستە سەر یارمەتیدانی خەڵک لەسەر فێربوونی بەهرەی کار بۆ ئەوەی لەڕووی داراییەوە سەربەخۆ بن. لەلایەکی ترەوە، نەتەوە یەکگرتووەکانی عێراق بەشدار بوو لە جێبەجێکردنی ستراتیژی گشتگیرانەی پەککەوتەییی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەهێزکردنی هاوبەشکاری لەگەڵ خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەتدا و هەروەها بۆ پەرەپێدانی بەردەستبوونی یەکسانانەی هەل و خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت.
شایانی باسە، "نەبا" لەم جۆرە ڕاهێنانانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سوودمەند بوو کە یەکێکیان لەسەر سەرکردایەتی کردن بوو و ئەوەی تریان لەسەر داکۆکیکردن بوو کە بە هاوبەشی لەگەڵ "ژنانی ئەنبار بۆ ئاشتی" ئەنجام درا وەک بەشێک لەو بەرنامە یەکڕیزییەی ئێستا.
لەبەر رۆشنایی رۆژی جیهانیی گەنجی ئەمساڵیشدا، کە چەق دەخاتە سەر هاوکاریی جیهانی لەڕێگەی تکنۆلۆژیا و هاوبەشکارییەوە، گەنجی عێراقی وەک "نەبا" داکۆکی لە بەشداریپێکردنی لە سەرکردایەتیکردن و پرۆسەی بڕیارداندا دەکەن.
"ئێمە دید و بۆچوونی جیاواز دەخەینە ڕوو کە بتوانن یارمەتی بدەن لەسەر خستنەڕووی باشترین چارەسەر. بەوپێیەی ئێمە بەشێکین لە ئایندە، دەبێ لە داڕشتنیشیدا هەر بەشدار بین."