یوئێن هابیتات و جایکا "دەستپێشخەریی پلاندانانی کەلەپوور و نیشتەجێبوون لە هەولێر" بۆ پشتگیریکردنی گەشەپێدانی بەردەوامی شارسازی لە دەوروبەری قەڵا ڕادەگەیەنن
١٥ شوبات ٢٠٢٦
هەولێر، ١٢ی شوباتی ٢٠٢٦
بەرنامەی نیشتەجێبوونی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یوئێن هابیتات) - نووسینگەی عێراق و ئاژانسی ژاپۆن بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی (جایکا)، بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلاندانانی ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان، "دەستپێشخەریی پلاندانانی کەلەپوور و نیشتەجێبوون لە هەولێر" لە تەلاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند. ئەم دەستپێشخەرییە پشتگیری حکومەت دەکات لە بەرەوپێشبردنی ماستەرپلانی هەولێر ٢٠٥٠ لە ڕێگەی دیارکردنی هەنگاوی پراکتیکی بۆ باشترکردنی شیاوی بۆ ژیان، ئاستی جووڵە و هاتووچۆ، و ئابووری خۆجێیی لە دەوروبەری قەڵای مێژوویی هەولێر. پڕۆژەکە لێکۆڵینەوە لە بژاردەکانی بەکارهێنانەوەی گونجێنراوی خانووە مێژووییەکان، باشترکردنی شوێنە گشتییەکان و بەستەرەکانی پەیوەندی، چالاککردنی ئابووری خۆجێیی لەسەر بنەمای کەلەپوور، و گرتنەبەری ڕێکاری گشتگیرتر و گونجاوتر بۆ نیشتەجێبوون لە سەرانسەری شارەکەدا دەکات. لە ڕێگەی ڕێنمایی پلاندانانی یەکخراوی جێگەیی (place-based)، ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجیەتی ڕێڕەوێکی ڕوونتر و پشتئەستوور بە بەڵگە پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات بۆ بووژانەوەی ئەم ناوچە گرنگانە بە شێوەیەکی بەردەوام و خەلک سەنتەر.
ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی باڵای جایکا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلاندانانی ئاوەدانی، و یوئێن هابیتات بەڕێوەچوو.
بەڕێز ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، جەختی لە پابەندی حکومەت کردەوە بۆ ئاڕاستەکردنی داهاتووی چەقی مێژوویی شارەکە و گوتی: "ئەم دەستپێشخەرییە کەرتی نیشتەجێبوون و گەشەپێدانی شارسازی لە پایتەخت بەهێزتر دەکات، پارێزگاری لە کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی هەولێر دەکات، و دەستەبەری ئەوەش دەکات کە فراوانبوونی شارەکە بەپێی پلانێکی ڕوون بێت و دوور بێت لە گەشەی هەڕەمەکی و بێسەروبەر. لێرەوە سوپاسی هەریەک لە جایکا و یوئێن هابیتات دەکەین بۆ پشتگیرییەکانیان."
قەڵای هەولێر، کە یەکێکە لە کۆنترین شوێنە نیشتەجێبووە بەردەوامەکانی جیهان، وەک دڵە کولتووری و سیمبولیەکەی شارەکە دەمێنێتەوە. گەڕەکەکانی دەوروبەری قەڵا بەستەرێکی زیندوون لەنێوان ئەم شوێنەوارە مێژووییە و بازاڕی ناوەندی و ژیانی ڕۆژانەی شارەکەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی ئالنگاری بەرچاو بوونەتەوە وەک چۆڵبوونی خانووە مێژووییەکان، سنوورداربوونی جووڵە و هاتووچۆ، و فشار لەسەر شوێنە گشتییەکان. ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە یارمەتیدەری حکومەت دەبێت لە لێکۆڵینەوەی چۆنیەتی بووژانەوەی گەڕەکەکان بە شێوازێک کە ڕێز لە ڕەسەنایەتی کەلەپوورەکەی بگرێت و لە هەمان کاتدا خزمەتێکی باشتر بە دانیشتووان و بازرگانان و گەشتیاران بگەیەنێت.
لە ڕوانگەی هاوبەشی گەشەپێدانەوە، بەڕێز هیرۆشی سوزوکی، سەرۆکی نوێنەرایەتی جایکا لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد: "جایکا پابەندە بە پشتگیریکردنی حکومەت لە دابینکردنی ئەو بناغە تەکنیکییانەی بۆ بڕیاردانی دروستی شارسازی پێویستن.
ئاوێتەکردنی کارە لەپێشینە خۆجێییەکان لەگەڵ ئەزموونی نێودەوڵەتیدا، یارمەتیدەری لایەنە حکومییەکان دەبێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بژاردە کردەییەکان بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی گەڕەکە مێژووییەکان بە شێوەیەک کە سوود بە دانیشتووان بگەیەنێت و پێگەی شارەکە بە گشتی بەهێزتر بکات."
لەسەر بنەمای هاوکارییەکانی پێشوو لە کاتی ئامادەکردنی ماستەرپلانی هەولێر ٢٠٥٠، یوئێن هابیتات و جایکا جارێکی تر پێکەوە کار دەکەن بۆ پشتگیریکردنی حکومەت لە ڕێگەی بەشدارپێکردنی هاوبەشە تەکنیکییەکان و لایەنە پەیوەندیدارە خۆجێییەکان بۆ پەرەپێدانی چەمکەکانی پلاندانان کە لەسەر بنەمای بەڵگە و واقیعی مەیدانی داڕێژراون.
بەڕێز موسلیم قازیمی، سەرۆکی یوئێن هابیتات لە عێراق، جەختی لە گرنگی ئەم هەوڵە هاوبەشە کردەوە و وتی: "ڕۆڵی ئێمە بریتییە لە هاوکاریکردنی حکومەت بۆ گۆڕینی ئالنگاریە ئاڵۆزەکانی شارسازی بۆ بژاردەی پلاندانانی ڕوون و پشتئەستوور بە بەڵگە. لە ڕێگەی کارکردنی نزیک لەگەڵ هاوبەشە جیاوازەکانی کەرتی گشتی و تایبەت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پراکتیکی بۆ بووژانەوەی ئەم ناوچە مێژووییە گرنگانە، ئەم دەستپێشخەرییە بناغەکانی گەشەپێدانێکی شارستانیی هاوسەنگ، واقیعی و خەلک - سەنتەر بەهێزتر دەکات."
لە ماوەی ساڵی داهاتوودا، ئەم دەستپێشخەرییە پشتگیری حکومەت دەکات لە ئامادەکردنی پلانێکی جێگەیی بۆ گەڕەکێکی نموونەیی، لێکۆڵینەوە لە دەرفەتەکانی بەکارهێنانەوەی گونجێنراوی خانووە مێژووییەکان، باشترکردنی ئاستی جووڵە و دەستڕەسی گەشتیاران، دابینکردنی زانیاری بۆ داڕشتنی ڕێکارەکانی نیشتەجێبوونی گونجاو، و دەستەبەرکردنی دیدگای پێویست بۆ ئاڕاستەکردنی پلاندانانی گشتگیر لە سەرانسەری چەقی مێژوویی هەولێردا.
لە ڕێگەی کۆکردنەوەی لایەنە حکومییەکان، دانیشتووان، هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، و ئەکتەرەکانی کەرتی گشتی و تایبەت لە دەوری دیدگایەکی هاوبەش، "دەستپێشخەریی پلاندانانی کەلەپوور و نیشتەجێبوون لە هەولێر" هەنگاوێک بەرەو شێوازێکی یەکخراوی پلاندانان و بەڕێوەبردنی شارسازی دەنێت؛ شێوازێک کە پارێزگاری لە کەلەپوور دەکات بە جۆرێک ڕێز لە ڕابردوو بگرێت و لە هەمان کاتدا شارەکە بۆ ئەوانەی ئەمڕۆ تێیدا دەژین باشتر بکات، بەمەش ئامانجە درێژخایەنەکانی هەولێر بۆ واقیع نزیکتر دەکاتەوە.هەروەها ئەم پڕۆژەیە بەشدار دەبێت لە پشتگیریی فراوانتری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی شارستانی بەردەوام و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییە بەشداریکراوەکان لە عێراق، بە هاوتەریببوون لەگەڵ پێشەنگییەکانی چوارچێوەی هاوکاریی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ریۆسوکی تیراۆکا | سەرۆکی تیم
(سەرۆکی نووسینگەی یوئێن هابیتات لە هەرێمی کوردستان)
ئیمەیڵ: ryosuke.teraoka@un.org
ئانا پایز | بەرپرسی پەیوەندییەکان
ئیمەیڵ: ana.paes@un.org