چیڕۆک
٢٨ ئایار ٢٠٢٣
کۆبوونەوەی گروپی ڕاوێژکاری ژنان لە هەرێمی کوردستان لە هەولێر
لە 23ی ئایاری 2023 ئەندامانی گروپی ڕاوێژکاری ژنان لە هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی باردۆخە هەنووکەییەکانی سیاسی و ئابوری و ئاسایش کە کاریگەرییان لەسەر ژنانی کورد هەیە. گروپەکە تەواوکەری گروپی ڕاوێژکاری ژنانە لە بەغدا کە لە ساڵی 2019 دامەزراوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ یونامی لەسەر ئەو بابەتانەی کاریگەرییان لەسەر ئەجێندای ئاشتی و ئاسایشی ژنان هەیە.
بیرۆکەی پێکهێنانی گروپەکە لە هەرێمی کوردستان دوای گفتوگۆیەک لە نێوان خاتوو جینین هێنس - پلاسخارت ، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی و گروپێک لە چالاکوانانی ژنانی کورد لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو هاتە ئاراوە ، لە گفتوگۆکەدا ئەو بابەتانەی کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەکانی ناوچەکە هەبوو، لەوانە پاراستنی ژنان بەرزکرایەوە. پێسبینی دەکرێت گروپی ڕاوێژکاری ژنانی هەرێمی کوردستان وەک سەکۆیەک کاربکات بۆ برەودان بە بنیاتنانی هاوپەیمانی و هەماهەنگییەکی بەهێز لەنێوان ژنانی کورد لە پاشخان و بەرژەوەندی سیاسی و ئایینی و نەژادی جیاوازەوە.
بۆ ئاسانکردنی گفتوگۆکان خاتوو عایدە موئەما ڕاوێژکاری باڵای جێندەری یونامی ڕایگەیاند " چاوەڕوان دەکرێت ئەندامانی گروپی ڕاوێژکاری ژنان زانیاری و ئەزموون و تێگەیشتنی خۆیان پێشکەش بکەن بۆ پاڵپشتیکردنی ئەرکی پێراسپێردراوی یونامی لەسەر جێندەر و ژنان و ئاشتی و ئاسایش، لەوانە برەودان بە بەشداریکردنی ژنان و نوێنەرایەتیکردنیان و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردندا."
خاتوو نەرمین عوسمان حەسەن ، وەزیری پێشووی کاروباری ئافرەتان و نووسەر لە بواری کێشەکانی ژنان ڕوونیکردەوە کە گروپە ڕاوێژکارییەکە ڕۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە گفتوگۆکردن دەربارەی "هەڵبژاردن و دامەزراندنی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان و بارودۆخی ئاوارەکان و گەڕاوەکان."
بەڕێز ڕیکاردۆ ڕۆدریگێز، بەرپرسی نوسینگەی هەرێمیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنەکەی هانی ئەندامانی دا کە ئەم سەکۆیە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجێندای ئاشتی و ئاسایشی ژنان بەکاربهێنن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا خاتوو پەخشان زەنگەنە ، چالاکوانی سیاسی و مەدەنی ، جەختی لەسەر گرنگی کارکردن لەم گروپە لەگەڵ یونامی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابوورییەکان کردەوە و وتی " ئەمڕۆ کارێکی باشمان کرد. ئەو بابەتانەی تاوتوێمان کرد پەیوەندییان بە کێشە سیاسییەکان هەیە و زۆر گرنگە لە ڕوانگەی ژنانی کوردەوە گوێ لە بیرو بۆچوونەکان بگرین. هیواخوازم دوای ماوەیەک ئەم گروپە پشتگوێ نەخرێت."
خاتوو قومریە موحەمەد ، لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان خۆشحاڵی خۆی لە هەمبەر کارکردن لەگەڵ ژنانی دیکە لە نەتەوە و پارتە سیاسییە جیاوازەکان دەربڕی و ڕایگەیاند " ئەم سەکۆیە دەرفەتێک بۆ ژنان دەڕەخسێنێ بۆ ڕاوێژکردن و بەشداریکردن لە پرسە یەکلاکەرەوە گرنگەکان لە پێناو هەرێمی کوردستانی باشتر."
لە هەمان چوارچێوەدا، خاتوو سوعاد رەزاق لە بزوتنەوەی گۆڕان وتی " ئێمە خواستی کارکردنمان هەیە و خۆشحاڵیشین بە پاڵپشتی کردنی یونامی لێمان بۆ وەدەستهێنانی ئامانجەکانمان"
