ئەمڕۆ، ڕاوێژکاری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگریکردن لە جینۆساید، ئەلیس وایریمو ندریتو و دانیێل بێڵ، بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤی یونامی بە هاوبەشی ئاسانکارییان بۆ گفتوگۆیەك کرد سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ووتاری ڕق و کینە و جیاکاریکردن و پەراوێزخستن.
لە چالاکییەکەدا ١٩ بەشداربوو کە (٥ ژن و ١٤ پیاو) کۆکرانەوە، لەنێویاندا نوێنەرانی پێکهاتەکانی ئەرمەنی وبەهایی و کوردی فەیلی و جوو و کاکەیی وخەڵکی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی و قەرەج وسابیئەنی مەندائی و شەبەك وتورکمان و ئێزیدی وزەردەشتیەکان و هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان وکۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق و سەندیکای پارێزەرانی عێراق و دەستەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن.
ڕاوێژکاری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ندریتو ڕوانگەی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ ووتاری ڕق و کینە هاوبەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە "ووتاری ڕق و کینە و هاندانی ڕق و توندوتیژی دابەشکاریی ڕیشەیی قووڵ بۆسەر بنەما نەتەوەیی و ئایینییەکان دروست دەکات کە فەزای بنیاتنانی متمانە و لێکتێگەیشتنی یەکتر سنووردار دەکات." ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆر گرنگە کە ڕەگ و ڕیشەی ووتاری ڕق و کینە چارەسەر بکرێت و نەك تەنها بە دەرکەوتنی ئۆنلاین و ئۆفلاین." بۆ ئەمەش، راوێژکاری تایبەت ندریتو بەرپرسیارێتیەکانی عێراقی وەك دەوڵەتی ئەندامی رێککەوتننامەی رێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆسایدی ساڵی ١٩٤٨ی بیرخستەوە، هەروەها هانی هەموو پێکهاتەکانی عێراقی دا کە پێکەوە کاربکەن پشتگیری لە پەرەپێدان و جێبەجێکردنی پلانی کارەکان بکەن کە ئامانجیان چارەسەرکردنی ووتەی رق و کینەیە بەجۆرێک کە بە شێوەیەکی کاریگەر ئەنجامی بدات. لە کۆتاییدا وتی: "مرۆڤ توانایەکی بێئەندازەی هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر تەنانەت بۆ ئەو کێشانەی کە خۆیان دروستی دەکەن."
هەروەها دانیێل بێل پەرپرسی مافی مرۆڤی یونامی لە دیالۆگی ئەمڕۆدا سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ووتەی ڕق و کینە و جیاکاری و پەراوێزخستن لە عێراقدا ووتی"دیالۆگی گشتگیر و ئەنجام-ئاڕاستەکراو کە هاوتای پابەندبوون و کردەی کۆنکرێتی بنەڕەتییە بۆ کۆتاییهێنان بە نایەکسانی و جیاکارییە درێژخایەنەکان لە عێراقدا"
لە میانی ئەم گفتوگۆ کراوەیەدا، بەشداربووان تیشکیان خستە سەر ئەو پرسە سەرەکیانەی کە ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە، چارەسەرەکانیشیان پێشکەش کرد و هەنگاوەکانی داهاتوویان بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە دەستنیشان کرد.