هاوبهشكارى بۆ بهدهستهێنانى ئامانجهكان
بوژاندنەوەی هاوبەشی جیهانی بۆ گەشەپێدانی دوورمەوداو بەردەوام
وەدیهێنانى ئامانجەکانى گەشەپێدانى بەردەوام و دوورمەودا، تەنیا لە میانى چەند هاوبەشییەک و هاوکارییەکى بەهێزى جیهانییەوە دەبێت.
ئەجینداى گەشەپێدانێکى سەرکەوتوو، پێویستى بە چەند هاوبەشییەکى سەرانسەرى هەیە- لەسەر ئاستى جیهانى و هەرێمى و نیشتمانى و خۆجێیی- کە دەبێ لەسەر چەند بنەما و بەها و بۆچوون و دونیابینییەکى هاوبەش و ئامانجى هاوبەشەوە بنیادنرابێت و مرۆڤ و هەسارەکەمان بخاتە چەقى گرنگیدانەکانى.
زۆرێک لە دەوڵەتان بۆ هاندانى گەشەکردن و بازرگانى، پێویستیان بە یارمەتییەکى ڕەسمیی گەشەپێدەر هەیە . بەڵام ئاستەکانى یارمەتییەکە دابەزی ووڵاتانی بەخشەریش بەڵێنەکانى خۆیان – بەزیاترکردنى پارەبەخشین بۆ گەشەپێدان- نەبردە سەر.
هەروەها بەهۆى پەتاى کۆڤید-19، پێشبینى دەکرێ ئابووریی جیهانیی بە ڕێژەی 3%- لە ساڵى 2020 دا پاشەکشە بکات، چونکە خراپترین وەستان و چەقبەستن بەخۆیەوە دەبینێ لە سەردەمى بێبازاڕییە گەورەکەوە تا ئێستا.
لەبەرئەوە، دەوڵەتان بۆ دەستەبەرکردنى ئەوەى کە دەستیان بە هۆکارەکانى ڕزگاربوون لە پەتایەکە و دووبارە بنیادنانەوەیەکى باشتر و وەدیهێنانى ئامانجەکانى گەشەپێدانى بەردەوام و دوور مەودا ڕابگات، لە ئێستەدا و لە هەر کاتێکى دیکە زیاتر، هەنووکە پێویستییەکى زۆر هەیە بۆ هاوکارییەکى بەهێزى نێودەوڵەتى.
کاردانەوە لەهەنبەر کۆڤید-19
هیچ وڵاتێک، بەتەنیا ناتوانێ بەسەر ئەم پەتایەدا زاڵبێت. لەبەرئەوە، هاوکارى و دەستگیرۆیی جیهانى نەک هەر ئەرکێکى ئەخلاقییانەیە، بەڵکو بەرژەوەندیی هەمووانىشی تیادایە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان زنجیرەیەک سیاسەتى پوختکراوەى دەرکرد تیایدا ئەو بۆچوون و گۆشەنیگایە دیارى دەکات کە وەڵامى ئەم پرسە دەداتەوە: کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى چۆن دەتوانێ کاردانەوەیەکى کارا و ڕێکخراو و سیستماتیکییانەى لەهەنبەر پەتاى کۆڤید-19 دا هەبێت، لەگەڵ دەستەبەرکردنى مانەوەى دانیشتووانانى کەمدەرامەت و زۆر هەژار لە ڕیزى پێشەوە و نێوەڕاستى گرنگپێدانەکانەوە. پوختەى ئەو سیاسەتانە چەند شیکردنەوەیەک لە سەرانسەرى سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەکەنەوە و چەند هزرێکى هەستپێکراو و کارا سەبارەت بە چۆنییەتیی چارەسەرکردنى دەرئەنجامەکان دەبەخشێتە وڵاتانی ئەندام ، لە هەمان کاتیشدا چەند هزرێک سەبارەت بە قۆستنەوەى دەرفەتەکانى نێو خودى قەیرانەکەش دەخاتە ڕوو.
ڕووداوێکى ئاستبەرز لە 28ى مایۆدا کە لەسەر بنەماى داواکاریی کەنەدا و جامایکا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بووە، حکوومەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى کۆکردەوە بۆ گەڵاڵەکردن و خێراترکردنى کاردانەوەى جیهانیمان لەهەنبەر شوێنەوار و کاریگەرییە گرنگەکانى پەتاى کۆڤید- 19 لەسەر لایەنى ئابوورى و مرۆیی و پێشکەشکردنى چارەسەرى هەستپێکراو بۆ دۆخە کتوپڕەکانى بوارى گەشەپێدان.
زۆربەى وڵاتانى تازەگەشەسەندوو سەرچاوەى پێویستى خۆجێیی و تواناى دارایی ئەوتۆیان نییە بۆ ئەوەى پارە و دارایی لەپێناو ڕێکارەکانى کاردانەوە و ڕێکارە گونجاوەکانى بوژانەوەى هەنبەر پەتاى کۆڤید-19، تەرخان بکەن، لەبەرئەوە، هاوکاری و دەستگیرۆییی نێودەوڵەتى و پارەبەخشینى دەرەکى، دوو مەسەلەى یەکلاکەرەوەن.
ئەوەى بەشێوەیەکى تایبەتیش جێگەى نیگەرانییە، ئەو ئەگەرە هەیە قەیرانێکى نوێی قەرز دروست ببێت کەوا لەوانەیە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و کەرەستە سەرەکییەکانى دیکەوە زیاتر تەشەنە بکات، ئەمەیش زۆر بەتوندى کاریگەریی بەسەر ئەو دەوڵەتانەوە دەبێت کە گەشەکردنیان لە ئاستێکى نزمتردایە و بەهۆى دۆخە ڕووگیرەکانى قەرزدارییەوە، بەڕاستی ڕووبەڕووى مەترسیی گەورە ببوونەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان داواى مافە تایبەتەکانى ڕاکێشانەوە و سووککردنەوەى بارى قوڕسى قەرزە ڕووگیرەکان و فراوانکردنى وەستاندنى قەرزدانەوە دەکات، بۆ ئەوەى گشت وڵاتانى گەشەسەندوو بگرێتەوە.
ڕاپۆرتى پارەبەخشینى بوارى گەشەپێدانى بەردەوام بۆ ساڵى 2020 چەند ڕێکارێکى دەستنیشان کردووە بۆ چارەسەرکردنى کاریگەریی بێبازاڕیی جیهانى و تێکچوونى دارایی کەوا خۆى زەق دەکاتەوە – بەتایبەتیش لە هەژارترین وڵاتانى جیهاندا، ئەمەیش بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەى هاوبەش لەلایەن زیاتر لە 60 ئاژانسى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەی نێودەوڵەتى.
جا بۆ پاڵپشتیکردنى هەوڵەکانى ئەو وڵاتانەى کە دەرامەتیان نزم و مامناوەندییە، ئەمیندارى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سندووقێکى ئیئتمانى بۆ کاردانەوە و بوژاندنەوە ڕاگەیاندووە.
جگە لەمانەیش، نەتەوە یەکگرتووەکان پلانى کاردانەوەى مرۆیی جیهانى بۆ دانیشتووانانى زۆر هەژار داناوە، بە پەنابەران و ئاوارەی نێوخۆییشەوە.
هەروەها ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانى و دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشانى، سندووقى کاردانەوەیان بۆ هاوکارى دامەزراندووە، ئەمەیش جۆرێکى بێهاوتایە، لەپێناو ئەوەیە دەرفەت بۆ کۆمپانیاو تاکەکەسەکان خۆش بکات لەهەنبەر پەتاى کۆڤید-19 بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ بەشدارى لە کاردانەوەى ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانیدا بکەن.
هەروەها بۆ چارەسەرکردنى پرسەکانى گەیشتنە بە داتایە گرنگەکان بەبێ هیچ کۆتوبەندێک و لە کاتى گونجاودا، کەوا حکوومەتەکان و گشت کەرتەکانى جڤاک بۆ کاردانەوەى هەنبەر قەیرانی جیهانیی کۆڤید- 19 پێویستییانە، دەروازەى نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم پانتاییە بۆ کۆمەڵگەى ئاماریی جیهانى دەستەبەر دەکات کە لەپێناو ئاڵوێرکردنى ئاراستەکارى و ڕێنمایی و ڕێکارەکان و ئامرازەکان و باشترین کارکردى لەپێناو دەستەبەرکردنى بەردەوامیی وەگەڕخەرى بۆ بەرنامەکانى داتایەکان لەلایەن نووسینگە نیشتمانییەکانى ئامارییەوەیە.
جا بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو مەترسییەى کە لە ئەنجامى زانیاریی هەڵەى تایبەت بە کۆڤید-19 لەزیادبووندایە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێشخەرییەکى ڕاگەیاندووە بەناوى " لێى دڵنیا بووینەتەوە"، ئەمەیش دەستپێشخەرییەکە بۆ زیاترکردنى قەبارە و چوارچێوەى زانیارییە متمانەپێکراو و وردەکانى تایبەت بە سێ بابەت: زانست ( ڕزگارکردنى گیانەکان)، هاوکارى ( پتەوکردنى هاوکاریی خۆجێیی و جیهانى)، چارەسەر ( داواکارى بۆ پاڵپشتى).