لێدوانی ڕۆژنامەوانی

سەردانێك بۆ کەمپی ئەلهۆل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا

٠٦ حوزەیران ٢٠٢٢

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی حوزەیران، شاندێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بە یاوەری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، سەردانی کەمپی ئەلهۆلیان کرد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا: ناوچەیەکی وێران و فراوانی پڕ لە چادر لە ژێر خۆری سووتێنەردا، بۆ چەندین ساڵە ماڵی زۆرەملێی دەیان هەزار کەسە. شاندەکە لە نزیکەوە بارودۆخە نالەبارەکەیان بینی. ئەمە تەنها وردەکارییەك بوو لەو ئاڵنگارییە بێئەندازەیانەی کە دانیشتوانی ئەلهۆل ڕۆژانە بەرگەی دەگرن - سەرەڕای باشترین هەوڵی هاوکارەکانی بواری مرۆیی.

زۆر کەس، بە تایبەتی منداڵان، هەرگیز داوایان نەکردووە بەشێك بن لەم دۆخە نائومێدانەی کە کۆتاییەکەی دیار نییە. بەڵام لە سەدا ٥٠ی کۆی دانیشتوانی ئەلهۆڵ (لە ئێستادا نزیکەی ٥٦ هەزار کەسن) تەمەنیان لە خوار ١٢ ساڵییەوەن. ئەوان خۆیان لە دۆخێکدا دەبیننەوە کە لە مافەکانیان بێبەش بوونە و بێ توانان و پەراوێزخراون. بارودۆخی مرۆیی و ئەمنی کە لە ئێستادا زۆر ناجێگیرە لەوەتەی چەند مانگی ڕابردووەوە زیاتر خراپتر بووە، ئەمەش مەترسییەکانی پەیوەست بەم کارەساتە لەسەرخۆیە ڕوونتر کردووەتەوە: کەمپێکی وەك ئەلهۆل سووتەمەنی ناڕەزایی دەدات و ئیلهامبەخشە بۆ تیرۆریستان، لە ئۆپەراسیۆنە پچڕپچڕەکان تا هێرشی بەرفراوان. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دۆخەکە بە ناچاری کاریگەری لەسەر ناوچەکە و زۆر ناوچەی تریش دەبێت.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جینین هێنیس-پلاسخارت وتی: "هێشتنەوەی خەڵك لە دۆخێکی سنووردار و خراپدا لە کۆتاییدا مەترسی پاراستن و ئاسایشی زیاتر دروست دەکات لە چاو وەرگرتنەوەیان بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو. عێراق دەریدەخات کە گەڕاندنەوەی بەرپرسیارانە ئەگەری هەیە، بە دۆزینەوەی چارەسەری شکۆمەندانە کە لە بنەماکانی هەردوو لێپرسینەوە و دووبارە تێکەڵکردنەوە بە کۆمەڵگا لەنگەری گرتووە. باشترین و تاکە چارەسەری بەردەوام بریتیە لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و  گەڕانەوەی خێرا و یەکلاکەرەوە و گیانی هاوبەشی بۆ ڕێگریکردن لە میراتی شەڕی دوێنێ دژی داعش بۆ ئەوەی نەبێتە سووتەمەنی ناکۆکی سبەینێ ."

هەماهەنگکاری نیشتەجێی و هەماهەنگکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا: "ئەلهۆل شوێنی منداڵان نیە. هەنگاوەکانی حکومەتی عیراق بەرەو چارەسەرکردنی دۆخەکە زۆر گرنگن. پێویستە بە زووترین کات ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتیانیان لە کەمپەکەدا هەن بیانگەڕێننەوە وڵاتی خۆیان."

تا ئێستا و بە دوایین گواستنەوە لە١ی حوزەیران، زیاتر لە ٢٥٠٠ عێراقی گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان. بەڵام بەو پێیەی هەزاران عێراقی (تەنها لە ئەلهۆل نزیکەی ٢٨ هەزار کەس) هێشتا لەوێ ماون، دەسەڵاتدارانی عێراق بەڕاستی درك بەوە دەکەن کە ناتوانن لێرە بوەستن.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەستخۆشی لە عێراق دەکات بۆ هەوڵە بوێرەکانی و دەستخۆشیش لە هەوڵە جیددیەکانی ئەنجومەنی باڵای عیراقی بۆ گەڕاندنەوە دەکات و ئامادەیە بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆیی و ئەمنیە پێویستەکانی دوای گەڕانەوە. ئێمە داوا لە هەموو حکومەتەکانی تر دەکەین (لە ئێستادا ئەلهۆل هاوڵاتییانی ٥١ وڵاتی جیاوازی تێدایە) کە پێویستە بە هەمان شێوە هاوڵاتیانیان یان دانیشتووانیان یان کەسانی پەیوەندیداریان بگەڕێننەوە وڵاتەکانی خۆیان بە ڕێوشوێنی گونجاوی دادپەروەری و لێپرسینەوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە داڕشتنی بەرنامەکانی دووبارە تێکەڵکردنەوە بە کۆمەڵگا بۆ ئەوانەی کە هیچ تاوانێکیان ئەنجامنەداوە.

Samir Ghattas

سه‌مير غه‌تتاس

نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق
وته‌بێژ / به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگەی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و ڕاگەیاندن

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق
نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت