لێدوانی ڕۆژنامەوانی

پەیمانەکانی عێراق لەبارەی حوکمڕانیی کۆچ پلان و کردار بەرهەم دێنێت لەسەر ئاستی نیشتیماندا

٢٤ تەمووز ٢٠٢٢

بەغدا – لە ڕێکەوتی ٢١ حوزەیران، تۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچ بە هەماهەنگی لەگەل وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پوختەیەکیان پێشکەش بە هاوبەشان کرد لەبارەی بەشداریی عێراق لە کۆڕبەندی هەڵسەنگاندنی کۆچی نێودەوڵەتی، کە لەژێر چاودێریی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیو یۆرک گرێ درا لە نێوان ١٧ بۆ ٢١ ی مایسی ئەمساڵ و تێیدا هەماهەنگیی داهاتوو لەبارەی حوکمڕانی کۆچکردن تاوتوێ کرا.

 

کۆبوونەوەکە لەلایەن گرووپی کاری تەکنیکیی نێو وەزارەتەکان ڕێک خرابوو و بە گوتاری جێگری وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دکتۆر کەریم ئەلنوری دەستی پێ کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پوختەیەکی تێر و تەسەل پێشکەش کرا لەبارەی پێشوەچوونە سەرەکییەکان لە بواری حوکمڕانی کۆچکردن لەوەتەی سالی ٢٠١٨ کە تێیدا واژوونامەی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ پەسەند کرا. ئەمە وێڕای تاوتوێکردنی ئەولەیەتەکان و پابەندییەکان بۆ داهاتوو. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئەندامانی گرووپی کاری تەکنیکی بەڕێوە چوو کە نوێنەرانی هەر یەک لەم وەزارەتانە لە خۆ دەگرێت: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، وەزارەتی ناوخۆ، وەززارەتی کارباری دەرەوە، وەزارەتی داد، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی پلاندانان، لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمەی کوردستان.

 

لە مانگی مایسدا، بەڕێوەبەری گرووپی کاری تەکنیکی، بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری کۆچ لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دکتۆر ئەحمەد ڕەحیم، سەرۆکایەتی شاندی عێراقی کرد بۆ کۆڕبەندی هەڵسەنگاندنی کۆچی نێودەوڵەتی و بەشداریی کرد لە دانیشتنەکانی کۆڕبەندەکە و دیبەیتەکانی تایبەت بە سیاسەتی کۆچ و دیبەیتە گشتییەکان کە بوونە هۆی پەسەندکردنی ڕەشنووسی کۆتایی جاڕنامەی پێشوەچوونەکان. لە کۆڕبەندەکەدا، عێراق هەروەها هەڵسەنگاندنێکی نیشتیمانیی خۆویستانەشی پێشکەش کرد کە  تێیدا پابەندبوونی خۆی بە کۆمەڵێک  پەیمانی پێشکەوتنخواز ڕاگەیاند.

 

بەڕێز جۆرجی گیگاوری، سەرۆکی نێردەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق و ڕێکخەری تۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچ لە عێراق، گوتی: "دوای بەشداریکردنی سەرکەوتووانەی عێراق لە کۆڕبەندی هەڵسەنگاندنی کۆچی نێودەوڵەتی، ئەم کورتە باسە یارمەتیدەرمانە لەسەر ئاستی نیشتمانی تاوتوێ بکەین کە عێراق بە چی گەیشتووە و چ دەرفەتێک هەیە بۆ بەردەوامی پێشوەچوون و هەماهەنگی. ئەمە زۆر گرینگە بۆ باشتر تێگەیشتن لە ڕۆڵی تۆڕەکە لە پشتگیریکردنی حکومەتی عێراق بەرەو باشترکردنی حوکمڕانی کۆچکردن."

 

بەپاڵپشتیی ڕێخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و تۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچ، گرووپی کاری تەکنیکی توانیویەتی پێشوەچوون بە دەست بێێت لە جێبەجێکردنی ستراتیجیی نیشتیمانی بۆ بەڕێوەبردنی کۆچ و وای کردووە عێراق ببێتە یەکێک لەئەندامە پێشەنگەکانی دەستپێشخەریی وڵاتە پاڵەوانەکان.

 

هەروەها گوتی: "بە ڕوانین بۆ کۆڕبەندی هەڵسەنگاندنی کۆچی نێودەوڵەتی داهاتوو لە ساڵی ٢٠٢٦ تۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچ دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ هەماهەنگی هاوبەش لە چوار ساڵی داهاتوودا لە پرسەکانی پەیوەست بە کۆچ لە عێراق کە ڕەنگە ئەو بایەخ و گرینگیپێدانەیان پێ نەدرابێت کە شایەنیەتی."

 

نوێنەرانی حکومەتە بەخشەرەکان بەشدارییان لە بەشی دووەمی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ٢١ مانگ کرد و گفتوگۆیان لەسەر ڕۆڵی تۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچ لە عێراق و دەرفەتەکانی هەماهەنگی لەسەر دەستپێشخەرییە تاقیکارییەکان و بوارە سەرەکییە بابەتییەکانی وەک کۆچ و ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا کرد. ئەو حکومەتانەی کە نوێنەرایەتییان هەبوو لە کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە ئوسترالیا، کەنەدا، یەکێتی ئەوروپا (شاندی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق) دانیمارک، ئەڵمانیا، فینلاند، هۆڵەندا، سویسرا و سوید، شانبەشانی ئەندامانی تۆڕەکە لەوانە بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP)، ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO)  و سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA)

 

پوختەی کۆبوونەوەکە لەلایەن بەشداربووانەوە بە گرینگییەوە پێشوازی لێ کرا و  گرووپی کاری تەکنیکی پیرۆزبایی لێ کرا بۆ ئەو پێشوەچوونانەی بە دەست هاتوون لە جێبەجێکردنی ستراتیجیی نیشتیمانی بۆ بەڕێوەبردنی کۆچ. 

 

دکتۆر کەریم ئەلنوری لە دوا وتەیدا کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هێنا بە سوپاسکردنی بەشداران و گوتی: "نزیکەی چوار ساڵ تێپەڕیوە لەوەتەی عێراق واژوونامەی نێودەوڵەتی کۆچی واژوو کرد لە ٢٠١٨. بەم جاڕنامەی پێشوەچوونەی کۆڕبەندی هەڵسەنگاندنی کۆچی نێودەوڵەتی، ئێمە بەتەواوی پاڵپشتی دەکەین لە ڕێباز و هاوبەشییەکی یەکگرتوو لەنێوان تۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ کۆچ و گرووپی کاری تەکنیکی، هەروەها پێشوازی دەکەین لە هاوبەشانی تر بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەر چارەسەری ئالنگارییەکانی حوکمڕانیی کۆچ لە عێراق بکەین."

 

 نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ
رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت