لێدوانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی هێرشەکانی ئەمدواییە لە عیراق
٢٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٢
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشە ترسنۆکانەکانی ئەمدواییە لە پارێزگای دیالە لە عیراق دەکەن، کە لە ڕۆژی هینی ۲۱ی کانونی دووەمی ۲۰۲۲دا ئەنجامدرا.
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش هاوخەمی خۆیان و پرسەوسەرەخۆشی خۆیان بۆ خانەوادەی قوربانیان و حکومەتی عیراق دەربڕی و هیوای هەرچی زووچاکبوونەوەشیان بۆ برینداران خواست.
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پاڵپشتی خۆیان بۆ سەربەخۆیی و سەروەریی و یەکپارچەیی خاك و پڕۆسەی دیموکراسی و پێشکەوتنی عیراق دووپاتکردەوە.
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دووبارە ڕایانگەیاند کە کاری تیرۆرستی بە هەموو شێوە و ئامانجەکانیانەوە بریتین لە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش جەختیان لەسەر گرنگیی سزادانی ئەو کەسانە کردەوە کە ئەنجامدەر و ڕێکخەر و دابینکاری دارایی و پاڵپشتی ئەو کارە قێزەوەنانەن و بیاندەنە دەست دادگا. هەروەها داوایان لە هەموو وڵاتان کرد، بە پێی پابەندییەکانیان لەژێر یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، کە هاریکاری کارای حکومەتی عیراق و هەموو دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان لەمبارەوە بکەن.
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دووبارەیانکردەوە کە هەموو کارێکی تیرۆرستی تاوانە و بەهانەی نیە جا هەر مەبەستێکیان هەبێت لە هەر شوێنێك و لە هەر کاتێك و لەلایەن هەرکەسێکەوە ئەنجامبدرێت. داوایان لە هەموو وڵاتەکان کرد کە بە هەموو شێوەیەك ڕووبەڕووی مەترسییەکانی سەر ئاشتی و ئاسایشی نێو دەوڵەتی لەلایەن کردەی تیرۆرستییەوە ببنەوە، بە گوێرەی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و پابەندییەکانی یاسای نێودەوڵەتی بە یاسای مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتی پەنابەران و یاسای نێودەوڵەتی مرۆییشەوە.
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دووپاتی پاڵپشتی خۆیان بۆ ئاسایشی عیراق و ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی تیرۆر بە شەڕی تیرۆرستانی داعشیشەوە.
۲٤ی کانونی دووەمی ۲۰۲۲
(وەرگێڕانی نافەرمی لەلایەن نوسینگەی ڕاگەیاندنی یونامی)