شەرەفمەندم کە لێرەم و نوێنەرایەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوترێس دەکەم. لە کاتێکدا سکرتێری گشتی ئارەزووی دەکرد لێرە بێت ، بەڵام بەداخەوە نەیتوانی و هەربۆیە لە ڕێگای منەوە سڵاوی بۆ ئێوە نارد.
هەروەها حەز دەکەم سوپاس و پیزانینی خۆمان بۆ خاوەن شکۆ ، شا عەبدوڵای دووەمی کوڕی حوسەین دەرببڕین بۆ میواندارکردنی دووەمین کۆنفرانسی بەغدا. ئەم دەستپێشخەرییەو هەروەها ئامادەبوونی ئەمڕۆ لێرە زۆر بە ڕوونی پەیوەندی توندو تۆڵی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ بەرجەستە دەکات.
نکۆڵی لەوە ناکرێت کە : بەستنی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ، خۆی لەخۆیدا، پەیامێکی بایەخدارە. بەڵێ ئەوە هیوای ئێمەیە کە ئەم کۆبوونەوەی "هاوبەشیی هەرێمی" چەندین هەنگاوی کردەنی لێ بکەوێتەوە. ئەو هەنگاوانەیکەهاوکاری و هەماهەنگی و هەرێمایەتی پتەوتر دەکات. ئەو هەنگاوانەی لەوانەیە ببنە چوارچێوەیەک بۆ تەواوکاریی هەرێمایەتی وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ وەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئاسایش. و بە دڵنیاییەوەش ، بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو بدات ئەوا " گفتوگۆی ڕاشکاوانە" لە هەموو کاتێکدا ، مەرجی سەرەکییە.
لە سەرتاسەری جیهاندا هاوکاری هەرێمایەتی بە شێوەیەکی وەها لێی دەڕواندرێت کە هەرگیز ناتوانرێت وەلاوە بنرێت. هەرچەندە ئەوە ڕاستە کەوا هەر ژینگەیەکی جیۆسیاسی چەندین گیروگرفت و ئاڵنگاری تێدایە . ئەوا ئەوەش ڕاستە کە هاوکاری هەرێمیی وەک ئاسانکارێکی گرنگ لەسەر شانۆی جیهانیی کار دەکات.
سەرەڕای ئەوەش، وەکو هەموومان دەیزانین، زۆرێک لە ئاڵنگارییەکانی ئەمڕۆ سنوورەکان دەبەزێنن ، هەر بۆ نمونە وەک : گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و کەمبوونی ئاو و کارەساتە سروشتییەکان و کورتهێنانی وزە و پەتا و داڕمانی دارایی و گەندەڵی و هەژاری و نەبوونی ئاسایشی خۆراک و تیرۆر .
ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئالنگاریانەش ، هەر وەکو وتم پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی پتەو هەیە. راستییە سادەکە ئەوەیە بۆ ئەوەی ئێمە لە باشترین ئاستدا بین ئەوا پێویستیمان بە یەکتری هەیە.
بەو پێیەی من نوێنەری تایبەتم بۆ عێراق ، ئەوا بە تەواوی پشتگیریی لە سەرۆک وەزیران موحەمەد شیاع سودانی دەکەم لە هەوڵەکانی بۆ کردنی عێراق بە گۆڕەپانێک بۆ گفتوگۆ و وەبەرهێنان. لە پوختە وتارەکانمدا لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش چەندین جار ڕامگەیاندووە کەوا عێراق بۆ سەقامگیریی هەرێمی هەرچەندی بڵێی گرنگە.
بۆ ئەوەی عێراق بەردەوام بێت لە بونیاتنانی سەقامگیریی ناوخۆیی ، پێویستە لەسەر هەموومان یارمەتی پتەوکردنی ژینگەیەکی لەبار بدەین. دواتریش پشتگیریکردنی نوێبۆوەو بەردەوام بۆ پەیوەندییە هەرێمییەکانی عێراق و دەست واڵا کردن بۆی دەبێتە مایەی بوژانەوە .
لەم چوارچێوەیەدا، ڕێگام پێبدەن جەخت لە گرنگی ڕێزگرتن لە بنەماکانی سەروەری و پاراستنی یەکپارچەیی خاک و دراوسێیەتی باش بکەمەوە. کەرەستە دیپلۆماسییەکان بۆ هەمووان بەردەستە، لە هەموو کاتەکاندا هەتا لەکاتی هەڵکشانی گرژییەکان یانیش لە کاتی هەبوونی نیگەرانییە یاساییەکانی ئاسایشی نیشتمانی.
پایەداران ، لە کۆتایی وتەکەمدا ڕایدەگەیەنم نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دڵسۆزییەوە هیوا دەخوازێت بونیاتنانی متمانەی هەرێمیی بە بەردەوامی کاری لە پێشینەی هەمووان بێت. لە هەمان کاتیشدا نەتەوە یەکگرتەوەکان چاوەڕێی هەنگاوەکانی دادێ دەکات و لە ئامادە باشیدایە، وەک هەمیشە ، بۆ پێشکەشکردنی پشتگیریی و یارمەتی.