لێدوانی ڕۆژنامەوانی

ئەڵمانیا و یونیسێف هەوڵە هاوبەشەکانیان بۆ گەیشتن بە زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی کەمدەست لە عێراق چڕتر دەکەنەوە

١٥ ئازار ٢٠٢٣

حکومەتی ئەڵمانیا لە ڕێگەی بانکی گەشەپێدانی ئەڵمانی KfW، بە  بڕی ٣٥ ملیۆن یۆرۆ  پاڵپشتی لە یونیسێف دەکات بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتنێکی دادپەروەرانەی منداڵان بە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی بنەڕەتیی بە شێوەیەکی بەردەوام و پایەدار.

بەغدا، ١٥ی ئازاری ٢٠٢٣- حکومەتی ئەڵمانیا لەڕێگەی بانکی گەشەپێدانی ئەڵمانی KfW، هەوڵەکانی چڕكردووەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی یونیسێف بە بڕی ٣٥ ملیۆن یۆرۆ بۆ گەیشتن بە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە عێراق لە نێویاندا گەڕاوەکان، ئەو عێراقییانەی لەبارێكی لاوازدان، ئاوارەکان، پەنابەرانی سوریا لەناو کەمپ و دەرەوەی کەمپەکان، کۆمەڵگای خانەخوێ و گرووپە پەراوێزخراوەکان.

ئەم هاوبەشییە، دەستڕاگەیشتنێکی دادپەروەرانە دەستەبەر دەكات بە کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی بنەڕەتی بە شێوەیەکی بەردەوام، ئەمەش لە ڕێگەی بنیاتنانی خۆڕاگری و بەهێزکردنی سیستەمەوە. ئەم کۆمەکە، گەورەترین بەشداریی ئەڵمانیایە بۆ یونیسێف بۆ ماوەی ٢٠٢٠-٢٠٢٤ و پشتگیریی پێنج بواری سەرەکی دەکات: ئاو و ئاوەڕۆ و پاکوخاوێنی، خوێندن، پاراستنی منداڵان، پاراستنی کۆمەڵایەتی، و بەرپەرچدانەوەی کۆڤید-١٩.

لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، و وەک بەشێک لە هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەم کۆمەکە دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی کەمدەست کە نیوەیان كچ و ئافرەتن، باشتر دەستیان بە خزمەتگوزاریی بەردەوام و یەكسانی ئاو و ئاوەڕۆ و بەرنامەکانی برەودان بە خاوێنی بگات؛ بە جۆرێک کە ئەم خزمەتگوزارییانە بە چەشنێكی سەلامەت بەڕێوەببردرێن و بەرگەی گۆڕانی كەش و هەوا بگرن. 

جگە لەوەش، 332 هەزار منداڵ و گەنج بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە توندوتیژی و پێشێلكاری و  چەوساندنەوە دەپارێزرێن؛ ئەمەش لە ڕێگەی خزمەتگوزاریی پێشگرتن و وەڵامدانەوەی پەیوەست بە پاراستنی منداڵان و توندوتیژی جێندەرییەوە بەدەست دێت کە چەند بابەتێک لە خۆدەگرێت؛ لە نێویاندا، دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و ڕاهێنان و سەرپەڕستیی تایبەت بە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و کەرتی دادپەروەری، و بەهێزکردنی ئاستی بەرگەگرتنی سیستەمە نیشتمانییەكان. وەك بەشێك لە پاڵپشتیكردن لە هەوڵە پەروەردەییەكان، ٧٥ هەزار منداڵ، لە نێویاندا منداڵانی دەرەوەی قوتابخانە، دەستیان بە خوێندنی سەرەتایی دەگات و ١٥٠٠ گەنج كە لە باری هەرەلاوازیدان، کارامەیی پێویست بەدەست دەهێنن بۆ ئەوەی بەشدارییەکی چالاکانە لە کۆمەڵگاکانی خۆیاندا بکەن.

سەرەڕای ئەوەش، وەک بەشێک لە پشتیوانیی ئەڵمانیا و یونیسێف بۆ پاراستن و گشتگیربوونی کۆمەڵایەتی، 10,000 منداڵی هەژار (4,000 لەوانە کچن) دەستڕاگەیشتنێكی باشتریان بۆ دەستەبەر دەبێت بە سیستەمی پەروەردە و پاراستنی منداڵان و خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی یەکخراو و گشتگیر، بە جۆرێک كە ئەم خزمەتگوزارییانە توانای وەڵامدانەوەی زەبر و زیانی چاوەڕواننەکراویان هەبێت.

شیما سێنگوپتا، نوێنەری یونیسێف لە عێراق رایگەیاند: "ئەم بەشدارییە لە ساتەوەختێكی هەستیاری پرۆسەی سەقامگیرکردنی عێراقدا هاتووە؛ ئەم کۆمەکە توانای ئەوەمان پێدەدات کە بۆ باشترکردنی ژیانی زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی کەمدەست کە منداڵ و گەنجیان تێدایە، پاڵپشتیی حکومەتی عێراق بکەین ".

سێنگوپتا ئەوەشی زیادكرد كە: "وەبەرهێنان لە منداڵاندا وەبەرهێنانە لە ژیاندا. ئەمە نەك هەر دەبێتەهۆی شكاندنی  بازنەی هەژاری، بەڵکو دەتوانێت داهاتووی وڵاتەکە رەنگرێژ بكات و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو منداڵێک مسۆگەر بکات.".

مارتین یەیگەر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق رایگەیاند: "ئێمە ستایشی هەوڵەکانی یونیسێف دەکەین بۆ پشتگیریکردنی  ئەو منداڵ و گەنجانەی لەباری لاوازیدان لە عێراقدا؛ لە نێویاندا ئەوانەی هێشتا لە ئاوارەییەکی ناچاریدا دەژین. دابینکردنی دەستڕاگەیشتن بە پەروەردەیەکی ئاست بەرز، بناغەی کۆمەڵگایەکی تەندروست و سەرکەوتوو دادەمەزرێنێت – ناتوانین سەركێشی بە لەدەستدانی نەوەیەکەوە بکەین. بەشداریکردن لە خۆشگوزەرانی منداڵان و گەنجان، ئەركێكی ئەخلاقی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە حکومەتی ئەڵمانیا پێیەوە پابەندە."

د. ئانا جانكی، بەڕێوەبەری نیشتیمانی بانكی پەرەپێدانی ئەڵمانی رایگەیاند: "ئێمە هاوبەشییەكەمان لەگەڵ یونیسێف و حکومەتی عێراقدا بەرز دەنرخێنین کە ئامانج لێی باشتركردنی ژیانی ئەو منداڵ و ئافرەتانەیە کە لە باری هەر لاوازیدان. "

جگە لەمانەش، بەشێوەیەكی گشتی، هەوڵە هاوبەشەکان گرنگی بەوە دەدەن کە عێراق کاریگەرییەکانی پەتای کۆڤید- 19 لەسەر سیستەمی تەندروستی تێپەڕێنێت؛ لە نێویشیاندا، هەوڵەکانی گەیاندنی پەیامی هۆشیارکردنەوە و شێوازەکانی گۆڕانی رەفتاری و كۆمەڵایەتی بە 150 هەزار کەس و بەشداریکردن لە گەیاندنی ڤاكسینی كۆڤید-19 بە 60%ی  ئەو کەسانەی كە دەتوانن وەریبگرن تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤.

هاوتەریب لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و لە چوارچێوەی چارەسەرە بەردەوامەکان بۆ قۆناغی گواستنەوە لە كاری مرۆییەوە بەرەو خستنەگەڕی هەوڵەكانی گەشەپێدان لە عێراقدا، ئەم کۆمەکە بەشدار دەبێت لە هەوڵەکانی یونیسێف بۆ پشتگیریکردنی ئەو منداڵ و گەنج و ئافرەتانەی کە دوای چەندین ساڵ لە ململانێ لە باری هەرە لاوازیدان، ئەویش بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامە بەکۆمەڵەکان کە دەبنەهۆی کەمکردنەوەی پێداویستییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام و پایەدار لە وڵاتدا.

###

بۆ زانیاری زیاتر، تكایە پەیوەندی بكە بە:

میگیل ماتیوس مونۆز، بەرپرسی بەشی راگەیاندن و داكۆكیكردن، نووسینگەی یونیسێف، عێراق

ئێمەیڵ: mmateosmunoz@unicef.org 

ئەلیكس ریبۆوڵ-سالز، تایبەتمەندی پەیوەندییەكان،  یونیسێف لە عێراق

ئێمەیڵ: areboulsalze@unicef.org

 

Miguel Mateos Muñoz

ميگێل ماتيۆس مونۆس

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
سه‌رۆكى تيمى په‌يوه‌ندييه‌كان

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت