لە ڕۆژی جیهانیی مرۆیی ئەمساڵ ، بیستەهەمین ساڵیادی ئەو ڕۆژە خوێناوییە دەکەینەوە کاتێک لە 19ی ئابی 2003 تیرۆریستان لە دەرەوەی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هۆتێڵ کەناڵ لە شاری بەغدا ، تەقینەوەیەکی خۆکوژییان ئەنجامدا. هەروەک کۆچکردوو سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆفی عەنان لەو کاتەدا وتی " ئەمڕۆژە یەکێک بوو لە تاریکترین ڕۆژەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان" و هەتا ئێستاش هەروا ماوە.
بۆ من ڕۆژی جیهانی مرۆیی هەمیشە بۆنەیەکە بۆهەستوسۆزێکی تێکەڵ و تائێستاش دژوارە .
یەکێک لە کوژراوەکانی ئەو ڕۆژە ، سێرجیۆ ڤیێرا دی مێلۆ بوو ، کە ئەو کاتە نوێنەری تایبەتی سکرتیری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە عێراق . سێرجیۆ هاوڕێم بوو و باوکی ڕۆحیی کچەکەشم بوو .
سێرجیۆ خۆی بۆ کارکردن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان تەرخان کردبوو . دوای ماوەکی کەم لە دەرچوونی لە زانکۆ ، لە ساڵی ١٩٦٩ لە نووسینگەی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دامەزرا ، بە وەرگرتنی پۆستی باڵا بە شێوەیەکی بەردەوام ، ئەو زۆربەی کاتەکانی تەمەنی بە شێوەیەکی سەخت لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر برد . من لە ساڵی 1996 بۆ یەکەمجار لەگەڵی کارم کرد ، کاتێک ئەو بۆ ماوەیەکی کەم هەماهەنگیکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ کاروباری مرۆیی بۆ ناوچەی دەریاچە گەورەکان و منیش چیگری بووم ، دواتر شوینی ئەوم گرتەوە. دواتر باشتر ناسیم ، کاتێک لە ساڵی 1998 هەردووکمان گوێزراینەوە بۆ نیۆیۆرک بۆ دامەزراندنی نووسینگەیەکی نوێ بۆ هەماهەنگیکردنی کاروباری مرۆیی (OCHA)، ئەو وەکو بریکاری سکرتێری گشتی بۆ کاروباری مرۆیی و منیش جارێکی تر وەکو جێگری ئەو .
بەم جۆرە لێک نزیکبووینەوە ، حەزێکی هاوبەشیش دەربارەی واقیعی کێشە مرۆییەکان لەسەر ئەرزدا و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان بەیەکەوەی گرێدابووین. هەروەکو باشترین لە هاورێکانمان ، سێرجیۆ حەزێکی ڕەگ داکووتاوی هەبوو بۆ دڵسۆزی بۆ پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ، کە هەردەم دانەیەکی پێ بوو . ئەو تێڕوانینێکی بەهێزی دەربارەی جیهان هەبوو ، کە وای کرد داکۆکیکردنەکان و بەتایبەتیش وتارەکانی کاریگەری زیاتری هەبێت. ئێمە زۆر لەیەک نزیک بووین و ئێستاش شانازی دەکەم کەوا کچەکەم کچی ڕۆحیی ئەوە. ئەو پێکهاتەیەی نێوان متمانەی کەسیی و هاوبەشی پیشەیی لەگەڵ سێرجیۆ وای کرد لە دەستدانەکەی بۆ من و بۆ زۆرانی تر زۆر ئازار بەخش بێت ، بەڵام وەکو زۆرانی تریش زۆری لێ فێر بووم. ئەو پێشەنگی منە و منیش ئێستا پەێڕەوی ئەو دەکەم لەو رۆڵانەی ساڵانی پێشوو تر گێڕاویەتی.
لە دەستدانی سێرجیۆ و هەستکردن بۆ نزیکبوونەوە لە کۆتایی لە ناخەوە زۆر شۆکی کردم. ئەمە وای لێکردم رووبەرووی مردن ببمەوە ، هەرچەندە ساڵانێکە لە ناوچەکانی جەنگ کاردەکەم. تا ئەمڕۆش دڵتەنگم بە لەدەستدانی ئەو.
بە تێکڕا، 22 کەس لەو ڕۆژەدا کوژران و زیاتر لە 100 کەسیش بریندار بوون . ژمارەیەکی زۆریان کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون ، زۆربەشیان عێراقی بوون . بەڵام ئەوەی هەمووانیشی کردبووە یەک ئەرکی یارمەتیدانی عێراق بوو بۆ هەڵسانەوە و بونییانانەوەی وەکو وڵات .
زۆر باش دەزانم ، یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە چ واتایەکی هەیە بۆ خانەوادە و هاوڕێیان و هاوکارانی ئەو کەسانەی کە لەو ڕۆژەدا زیانیان بەرکەوتووە و هەروەها هەموو ئەوانەی کوژراون یانیش بریندار بوون و یانیش ڕفێندراون لەکاتی بەئەنجامدانی کارە مرۆییەکان لەوە کاتە بە دواوە. هەروەها دەشزانم ئەمە بۆ کۆمەڵگای مرۆیی و کۆمەڵگای فراوانتری نەتەوە یەکگرتووەکان چ مانایەکی هەیە - لە دەستدانی یەکێک لە ئێمە لەدەستدانی هەمووانە ، هەست بە خەم و ئازاراکانتان دەکەم.
هەروەها هەست بە تووڕەییش دەکەم ، توڕەیی بەرامبەر بەرپرسیاران لە تەقینەوەی هوتێڵ کەناڵ کە هەرگیز لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەکرا هەروەک زۆربەی هێرشەکانی سەر کارمەندانی بواری مرۆیی لەو کاتەوە - لە راستیدا بەرامبەر ئەو هێرشانەی سەر کارمەندانی بواری تەندروستی و هاوڵاتیانی مەدەنی لە کاتی جەنگدا. هەست بە توڕەیی دەکەم بەوەی ساڵ دوای ساڵ ، کارمەندانی بواری مرۆیی دەکرێنە ئامانجی هێرشە بە ئەنقەستەکان و دەکوژرێن و بریندار دەبن و یانیش دەڕفێندرێن لە کاتی کارکردنیان. ساڵی ڕابردوو نزیکەی 400 کارمەندی بواری فریاگوزاری بوونە قوربانی ، زۆربەیان کارمەندی خۆماڵی بوون . دەرباز بوون لە سزای ئەم جۆرە تاوانانە پەڵەیەکی ڕەشە لەسەر ویژدانی دەستە جەمعییمان . دەربڕینە پیرۆزەکان هیچ سوودێکی ئەوتۆی نیە بەڵام کردارەکان جیاوازی دروست دەکەن. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە گفتوگۆ دەربارەی پابەندبوون بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و بەرەنگاربوونەوەی دەرباز بوون لە سزای پیشێلکارییەکان بکەین.
بەلام ئەوە هەستە گەورەیەی من لەو ڕۆژەوە و لە هەموو ڕۆژێکی جیهانیی مرۆیی هەستکردنێکی قووڵە بە شانازی . شانازی بەوە دەکەم کە لەگەڵ کەسانی وەک سێرجیۆ کارم کردووە. شانازی بەوە دەکەم کە بەشێکم لە ڕێکخراوێک و کۆمەڵگایەک کە بەردەوامن لە تەرخانکردنی ژیانیان بۆ یارمەتیدانی خەڵکانی زیاتر لە هەموو کاتێک زیاتر لە سەرتاسەری جیهان لە کاتی پێویستیاندا ، سەرەرای مەترسی و سەرکێشییەکان .
لەم ڕۆژە جیهانییە مرۆییەدا ، سەری ڕێزو نەوازش بۆ سیرجیۆ و هەموو ئەوانە دادەنوێنم کە 20 ساڵ لەمەو بەر ، لە تەقینەوەکەی هوتێڵی کەناڵ گیانیان لەدەستدا و یاخود بریندار بوون . هەروەها سەری ڕێزو نەوازش بۆ هەموو ئەوانە دادەنوێنم کە لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکە مرۆییەکانیان کوژراون یا بریندار بوون یانیش ڕفێندراون . هەرەوها سەری ڕیز و نەوازش بۆ ئەوانە دادەنوێنم کە بەردەوامن لە خزمەتکردنی سەدان ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا بێ گویێدانە ئەوەی بۆ کێیە و لە کوێیە وچییە .
بەو پێیەی من ڕێکخەری بەهاناوەچوونی خێرام و بریکاری سکرتیری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیشم بۆ کاروباری مرۆیی ، بەڵێنم بۆ کارمەندانی بواری مرۆیی لە ڕۆژی جیهانیی مرۆییدا ئەمەیە : بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە سەلامەتی و ئاسایشی ئێوە ، کاتێک ئێوە لە کارە گرنگەکانتان بەردەوامن. ئێمە سەرکردایەتییەکی بە سیستەمکراو و پێشبینیکراو ، دەربارەی بەدەستگەیشتنێکی سەلامەت بۆ یارمەیتییە مرۆییەکان ، دابین دەکەین . و بەردەوام دەبین لەسەر داواکردنی لێپێچینەوە لە پێشێلکارییەکانی سەر یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و هەموو هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ بۆ چاودێریکردنتان کاتێک پێویستیتان بە ئێمەیە.
ناتوانین ئەوانەی جێیان هێشتووین بگێڕینەوە ، بەڵام دەتوانین یادەوەرییەکانیان بەرز ڕاگرین بە بەگەڕ خستنی ئەوپەڕی تواناکانمان بۆ پاڵپشتیکردنی ئەوانەی بەردەوامن لە کارەکانیان .