بەڕێزان
خوشکان و برایان
من زۆر خۆشحاڵم بە بینینتان و سوپاستان دەکەم بۆ ئامادەبوونتان لەم چاڵاکییەی ئەمڕۆدا.
هەروەك پێشتریش باسمکرد، ئەم چاڵاکییەکەی ئەمڕۆ بەشێکە لە هەوڵەکانی یونامی بۆ یادی ٧٥ ساڵەی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ.
پێموایە ئەمە دەرفەتێکی ناوازە بێت.
دەرفەتێكە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمەڵێك هونەرمەند و سینەماکاری هەمەچەشن کە بەهرەکانیان بەکاردەهێنن بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ.
ئێوە لەمن باشتر دەزانن کە ئەو پێشانگایە و فیلمە نمایشکراوەکان ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەو بابەتانەی کە کاریگەرییان لەسەر مافەکانی خەڵك هەیە، نەك تەنها لە عێراق، بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا.
وەک دەوترێت، وێنەیەك بەهای هەزار ووشەی هەیە. من دڵنیام کە ئەم پیشانگایەی ئەمڕۆ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ فراوانکردنی تێگەیشتنمان لە ئاڵنگارییە بەردەوامەکانی مافەکانی مرۆڤ.
گرنگتر لەوەش، دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ هەموومان تاکو هەوڵی زیاتر بدەین کە مافی مرۆڤ بە بەشێکی گرنگ لە کار و ژیانی ڕۆژانەماندا دابنێین. نەك تەنها ئەوانەی لەم هۆڵە دانیشتوون بەڵکی هەموو خەڵکی، چونکە ئێمە ئەو چاڵاکیە لە فەیسبووك و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تریش بڵاودەکەینەوە و باسی دەکەین.
شتێکی حاشا هەڵنەگرە کە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ دەستکەوتێکی گرنگ بوو، کە لەو کاتەوە، وەك باسم کرد، ڕێگە خۆشکەربووە بۆ گەیشتن بە زیاتر لە ٧٠ پەیماننامەی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمایەتیدا.
جێبەجێکردنی ئەو جاڕنامەیە هێندەی تر سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت کاتێك بەبیرمان دێتەوە کە لە چی کات و بارودۆخێکدا ئەو جاڕنامەیە هاتە کایەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان لە قۆناغی سەرەتاییدا بوو؛ جیهان لە شەڕێکی وێرانکەر و نامرۆڤانەدا گیری خواردبوو؛ و هەروەها دابەشبوونی بەناو ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا خەریك بوو بە شێوەیەکی ڕوون دەردەکەوت.
لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگەیەکی دۆزیەوە بۆ ئەوەی بەم دەقە پڕ لە هیوایە ڕازی بن. ئەمەش کارێکی ئاسان نەبوو.
هەروەها پەیامی من لەم ڕۆژەدا ئەوەیە کە ئەم دەستکەوتە بەبیر خۆمان بهێنینەوە بۆ ئەوەی وەك هیوایەك لە بارودۆخێکدا کە هەندێکجار واهەست دەکەین لە جیهانێکی دابەشبووداین؛ جیهانێك کە بەردەوام مافەکانی مرۆڤ لە ژێر قورسایی ململانێدا تەخت بووە.
وە ئەو هاوکارەم تازە ئاماژەی بە چەندین ململانێی کرد لە جیهاندا دەگوزەرێن، بەڵام من دەمەوێ بە تایبەتی تیشك بخەمە سەرئەوەی کە لە غەززە دەگوزەرێت.
با لە کۆتایی وتەکانمدا سوپاسگوزاریی خۆم دەرببڕم بۆ ئەو کەسە بەتوانایانەی کە ئەم چاڵاکییانەیان ڕێکخستووە.
بەش بە حاڵی خۆم، ناتوانم بیر لە هیچ ڕێگەیەکی باشتر بکەمەوە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان بە مافەکانی مرۆڤەوە لەوەی فێربین لەو کەسانەی کە هونەرەکەیان بەکاردەهێنن بۆ ڕۆشنکردنەوەی خاڵە تاریکەکانی مێژووی زیندوومان.
دووبارە سوپاسی هەمووتان دەکەم بۆ ئامادەبوونتان.