لێدوانی ڕۆژنامەوانی

دروستکردنی زیاتر لە ١١ هەزار هەلی کار لە عێراق بەپاڵپشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ

١٩ کانونی یەکەم ٢٠٢٣

بەغدا- لەوەتەی دانانی یەکەمین سندوقی گەشەپێدانی پڕۆژەکان (EDF) لە ساڵی ٢٠١٨ەوە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) لەڕێگەی ئەم سندوقەوە هاوکاری دارایی بەخشیووەتە ٢,٤٢٤ کار و بزنس و پڕۆژەی بچووک و مامناوەند لە سەرانسەری عێراق دا و، یارمەتی ڕەخساندنی ١١,٢١٧ هەلی کاری تازەی داوە و دۆخی ١٢,٩٨٠ هەلی کاری پێشووتریشی باشترکردووە بۆ کۆمەڵگەکانی ئاواران، گەڕاوان و خانەخوێیەکان. 

سندوقی گەشەپێدانی پڕۆژەکان (EDF) پڕۆگرامێکی تازەگەرانەیە و بۆ پاڵپشتیکردنی کاروکاسبی و ڕەخساندنی هەلی کاری خێرا ئامادەکراوە، ئەمەش لەڕێگەی ژیاندنەوەی کەرتی تایبەت و بەشداریکردن لە گەشەپێدانی ئابوری، کە ئەمانەش لە پێشینەکانی حکومەتی عێراقن. کار و پڕۆژە بچووک و مامناوەندە عێراقییەکان لەسەروبەندی بوژانەوەیانن لە کاریگەرییەکانی جەنگ، قەیرانی دارایی و پەتای کۆڕۆنا کە ئەم کار و پڕۆژانەیان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری کردەوە، بەرچاوترینیشیان دەستنەگەیشتن بە سەرمایەی دارایی. سندوقی EDF چارەسەری ئەم بۆشاییە گەورەیە دەکات بەدابینکردنی سەرمایەی دارایی بۆ کار و پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان و بە ئامانجگرتنی ئەو سێکتەر و بزنسانەی کە زۆرترین دەرفەتی ڕەخساندنی هەلی کاریان تێدایە.

ئەحمەد، یەکێک لە سوودمەندبووان لەبارەی گەشەسەندنی کار و بزنسەکەی لەدوای وەرگرتنی هاوکاری دارایی لە رێکخراوی IOM گوتی: "تەنیا سوود و قازانجی خۆمم ناوێ، دەمەوێ ببینم کە هەموو ستاف و کارمەندەکانم خۆیان و خێزانەکانیان ژیانیان باشتربووە و خۆشگوزەرانن."ئەحمەد بڕی ٢٧,٥٠٠ دۆلار هاوکاری دارایی لە سندوقی EDFی رێکخراوی IOM وەرگرت و بەمەش توانی نانەواخانەی زیاتر فراوانبکات و چەند هێلێکی تازەی دیکەی دروستکردنی کێک زیاد بکات. جگە لەو ١٧ کارمەندەی کە پێش وەرگرتنی هاوکارییە داراییەکەی هەیبوو، ٧ کارمەندی دیکەشی خستە سەرکار.

بەرپرسی نێردەی گشتی رێکخراوی IOM لە عێراق، بەڕێز جیۆرجی گیگاوری گوتی "سندوقی EDF ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لە ڕێبازی گشتگیری ڕێکخراوی IOM دەگێڕێت بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی ناوچەکانی ئاوارەبوون و گەڕانەوە، وایکردووە ئەو ناوچانە زیاتر لەباربن بۆ نیشتەجێبوونی جێگیر و گەیشتن بە چارەسەرە هەمیشەییەکان. لەوباوەڕەداین کە بەهێزکردنی ئەو کار و بزنسانە بۆ بوژانەوە و گەشەپێدانی عێراق زۆر گرنگە، لەهەمانکاتیشدا پابەندبوونی خۆمان بە کارکردن لە کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان و کۆچ لێکراوەکان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بۆ حکومەتی عێراق و بۆ هاوبەش نێودەوڵەتییەکانمان دووپاتدەکەینەوە. "

هەروەها پڕۆگرامی سندوقی EDF چەند خۆگونجاندنێکی هەیە لەگەڵ کەرت چین و توێژ و تاکە دیاریکراوەکان گونجێندراوە و ئامادەکراوە، لەوانەش ئافرەتان، گەنجان و جوتیاران. ئەمەش وادەکات ئەم سندوقە هەر بە گونجاوی و گەشەسەندوو و گشتگیر بمێنێتەوە. بۆ نموونە، سندوقی گەشەپێدانی پڕۆژەکانی ئافرەتان (EDF-W) پارە و هاوکاری ماددی دەداتە ئەو کار و بزنسانەی کە خاوەنەکانیان و/یان کارمەند و ستافەکانیان ئافرەت بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریکردنی ئافرەتان لە کەرتی تایبەت و لە بازاڕەکانی کاردا بەشێوەیەکی بەرفراوان. لەهەمان کاتدا، سندوقی گەشەپێدانی پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوە (EDF-Tameer) جەخت دەخاتە سەر ئەو کەسانەی بەهۆی ئاوارەبوونەوە زیانیان بەرکەتووە دەیانەوێت لە ناوچەکانی زێدیان کار و بزنسەکانیان دانێنەوە یان دەستپێبکەنەوە.

سندوقی گەشەپێدانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان (EDF-Agriculture) کار بۆ باشتر دەستگەیشتن و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئەو زنجیرە بەهایانەی کە لەنێوان کار و بزنس و پڕۆژە بچووک و مامناوەندا هەن دەکات، سندوقی گەشەپێدانی پڕۆژە تازەگەرییەکان (EDF-Innovation) هاوکاری ماددی ئەو خاوەنکارە بەهرەمەندانە دەکات کە کار و بزنسەکانیان لە قۆناغی دانان و دەستپێکەوە فراواندەکەن. تازەترینیشیان سندوقی گەشەپێدانی پرۆژەکانی دۆستی ژینگە (EDF-Green) ئەو خاوەنکارە تازەگەرانە بە ئامانجدەگرێت کە لە گەشەپێدانی بەردەوامدان و کار و پڕۆژەکانیان بەشداری خۆڕاگری و خۆگونجاندن لەگەڵ کەش و هەوا دەکەن لە عێراق دا.

دکتۆر ماکسیمیلیان ڕاش بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق گوتی: "ئەو هێزە پاڵنەرەی کە لەپشت پابەندبوونی ئەڵمانیا بۆ عێراقەوەیە بریتییە لە باشترکردنی گەشەپێدانی ئابوری و ڕەخساندنی دەرفەتی خستنەسەرکار، هاوکات لەگەڵ ئەمەش ئاشتی و سەقامگیری کۆمەڵایەتییە. وەک بەشێک لە بەشداریکردن و پابەندییەکانمان، پاڵپشتی ڕێکخراوە IOM و سندوقی EDF دەکەین بۆ توانادارکردنی کار و بزنسە عێراقییەکان، بەهێزکردنی توانابەبەرداکردنەوەی ئاواران و ئافرەتان تا ببنە بەشێک لەهێزی کار. "

پڕۆگرامی سندوقی (EDF) لەلایەن حکومەتنی ئەڵمانیا، یەکێتی ئەوروپا، ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی کۆریا و حکوومەتانی فینلەندا و ئەمەریکا و یابان پاڵپشتیکراوە.

 

بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی سندوقی EDF، تکایە لێرە سەردانی وێبسایتەکەمان بکە.

بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە بە:

بەشی زانیاری گشتی لە ڕێکخراوی IOM: iraqpublicinfo@iom.int

 نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ
رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت