وتاری بەڕێز غولام ئیسحاقزای ، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەماهەنگیکاری نیشتەجێ و مرۆیی لە عێراق
جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی
پایەداران ،
خانمان ، بەڕێزان
ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ خەمەوە بۆ یادکردنەوە و ڕێزگرتن لە یادی قوربانیانی جینۆسایدی ئێزدییەکان کۆدەبینەوە.
لێرەی وەستاوین بۆ پیشاندنانی هاوسۆزی خۆمان بۆ خانەوادەی ئێزیدییەکان و ڕزگاربووان و هەرەوها بۆ دانپێدانان بە لەدەستدانی ناوێنا نەکراویان و خۆڕاگریی پتەویان .
لەدەستدانی هەر گیانێک تراژیدیایەکی گەورەیە کە بەهۆی کردەوەی قێزەونی تیرۆریستی داعشەوە ڕوویداوە و ئەرکی ئێمەیە کە لە ڕێگەی کردەوەکانمانەوە یادەوەریەکانیان بهێلینەوە .
نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندبوونی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی ڕزگاربووانی ئێزیدی لە ڕێگەی خزمەتگوزاری بەردەوامی پاراستن و چاکبوونەوە دووپات دەکاتەوە.هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی داکۆکی لە دادپەروەری و لێپرسینەوە دەکات بۆ دڵنیایی بوون لە پەلکێشکردنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە دڕندانە بۆ بەردەم دادگاکان
دادگاییکردنەکان تەنها بۆ دابینکردنی دادپەروەری نین، ئەوان گرنگن بۆ پاراستنی یەکپارچەیی جڤاکەکان و دوورکەوتنەوە لە لۆمەی بەکۆمەڵ.
پایەداران ، خانمان ، بەڕێزان
گەڕانەوەی بە سەلامەتیی و خۆبەخشانە و شکۆمەندانە و گشتگیرانەی زیاتر لە 36.847 خێزانی ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکان هەرێمی کوردستان و شوێنە نافەرمییەکانی هەرێم و نەینەوا ، بە کاری هەرە لەپێش دەمێنێتەوە .
بێگومان ئەمەش بەندە بە هەلومەرجەکانی وەک سەقامگیری و ئاسایش و دابینکردنی خزمەتگوزاری و هەوڵی ئاوەدانکردنەوە بەهێز بۆ گەڕانەوەیان بۆ شەنگال و دەوروبەری.
لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، نەتەوە یەکگرتووەکان هاوبەشێکی نزیکی حکومەتی عێراقی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و جڤاکە خۆجێییەکانی شەنگال و ناوچەکانی ئاوارە بوون بووە بۆ پشتیوانیکردن لە گەڕانەوەی بە سەلامەت و شکۆمەندانەی ئاوارەکان لە ڕێگەی پرۆگرامی جۆراوجۆرەوە بۆ گەڕاندنەوەی ژیان و هیوا لە شەنگال.
ڕێگەم بدەن هەندێک لەو دەستپێشخەرییانەتان لەگەڵ باس بکەم لەوانە ئەو دەستپێشخەرییانەی کە بە هاوبەشی لەگەڵ هاوتا عێراقییەکان جێبەجێ کراون:
بژێوی ژیان: لە ساڵی 2018 ەوە، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتی زیاتر لە 110,000 ئاوارەی گەڕاوەی شەنگالی داوە ڕێگای دابینکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی داهات و پاڵپشتی کردنی بژێوی.
گەیشتن بە پەناگە: لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ڕێکخراوی نیشتەجێبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان (هابیتات) یاتر لە 3830 شەڵتەری لە شەنگال دروستکردووەتەوە و شیاندوویەتیەوە ، جگە لە 1000 پەناگەی کەم تێچوو لە چەندین گوند بۆ دابینکردنی پێداویستی گەڕاوە هەرە لاوازەکان . لە هەمان کاتدا، زیاتر لە 14 هەزار و 500 داواکاری خاوەندارێتی زەوی بۆ ئێزیدییەکان لە ناوچەکەدا تۆمار و جێبەجێ کردووە، کە بووە هۆی دەرکردنی زیاتر لە 14500 بەڵگەنامەی تاپۆی زەوی.
لە کاتێکدا ئێمە بۆ چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ ئاوارە ئێزدییەکان هەوڵ دەدەین ، بەڵام نابێت لە هەوڵەکانمان بۆ لێپپێچینەوە لە 2600 کەسی بێسەروشوێن بوو ساردبینەوە .
لە هەمان کاتدا، ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقی دەوەستین لە هەوڵەکانیان بۆ قەرەبووکردنەوەی تاکەکەسی لەکاتی خۆیدا و هەروەها لە هەماهەنگی کردنی ڕێوشوێنەکانی تری دادپەروەری ئینتقالی بۆ چارەسەرکردنی دڕندەییەکانی کوشتنی بەکۆمەڵ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی کە داعش ئەنجامی دابوون ، هەر وەک لە یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدیدا هاتووە.
سەرباری ئەمەش ، بنەمای قەرەبووکردنەوە لە کڕۆکی هەوڵەکانمانە : زیاتر لە 1830 ڕزگاربوو ، بە گوێرەی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی پشتیوانییان وەرگرتووە. ئەم یاسایە دەستپێشخەرییەکی پێشەنگە ئامانج لێی دانپێدانانە بەو زیانانەی بەر رزگاربووان کەوتووە ، هەروەها یارمەتیدانیانە لە بنیاتنانەوەی ژیانە تێکشکاوەکانیان .
قەرەبووکردنەوە و دادپەروەری ئینتقالی تەنها وەک دانپێدانانێکی ڕەسمی بە ئازارەکانی کۆمەڵگای ئێزدی گرنگ نییە، بەڵکو بۆ چاکبوونەوەی دەستەجەمعی وڵاتەکەش گرنگە.
ئەمە جگە لەو پاڵپشتییانەی کە ئەمانە دەگرێتەوە : گەیشتن بە چاودێری تەندروستی و پزیشکی ، دابینکردنی ئاو و پاکوخاوێنی و پەروەردە و ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی پاراستن.
خۆڕاگریی کۆمەڵگای ئێزدی کەمتر نییە لە ئیلهام بەخشین ، پێویستە چیرۆکەکانیان دەربارەی ئازایەتی و بەهێزییان لە کاتی ناخۆشی و تەنگوچەڵەمەکاندا بگێڕدرێتەوە لە پێناو برەودان بە تێگەشتن و هاوسۆزی . لە میانەی پشتیوانیکردن لە چاکبوونەوە و بنیاتنانەوەیان، دەبێت ئێمە شکۆمەندییان بپارێزین و بەشدار بین لە دادپەروەری جیهانیدا.
خانمان ، بەڕێزان
ئەمڕۆ، لە کاتێکدا بیر لە جینۆسایدی یەزیدییەکان دەکەینەوە، بەڵێنمان بۆ پاراستنی کەلتوور و کەلەپووری ئێزدی نوێ دەکەینەوە. دەبێت دابونەریت و مێژووی دەوڵەمەندیان بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزرێت. با ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە جینۆسایدی ئێزدییەکان وەبیرهێنانەوەیەکی بەهێزە بۆ پێویستی هەبوونی هۆشیاری جیهانی دژی دڕندەیی بەو قەبارەیە.
لە ڕێگەی هۆشیاری و هاوسۆزی نێودەوڵەتی، دەتوانین بێ وەچان هەوڵ بدەین بەرەو جیهانێک هەرگیز ئەم کردە قێزەوەنە دڕندانەی تێدا دووبارە نەبێتەوە .
لە کۆتاییدا، با بەیەکەوە بوەستین بۆ ڕیزگرتن لە قوربانیانی ئێزیدی و پشتگیری خانەوادە کانیان و ڕزگاربووان بکەین و داوای دادپەروەری و چاکبوونەوە و ئاشتی هەمیشەیی بکەین.
لەم گەشتەی بەرەو چاکبوونەوە و ئاشتبوونەوە هەموو دەنگێک بەهادارو گرنگە.
سوپاستان دەکەم .