بەڕێز دکتۆر زیدانی خەلەف
ڕاوێژکاری کاروباری مافەکانی مرۆڤ
میوانە بەڕێزەکان،
بەیانی باش و ئاشتی و بەزەیی خواتان لەسەر بێت.
مایەی شانازییە ئەمڕۆ لە گەڵتانم بەناوی دکتۆر محەمەد ئەلحەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی یونامییەوە، کە حەزی دەکرد خۆی بەشدار بووایە بەڵام بەداخەوه لە دەرەوەی وڵاتە.
هەروەها مایەی شانازیشە کە لەم گردبوونەوە ئاستبەرزەدا ئامادەم کە چەندین سەرکردەی لە چەندین پاشخانی جۆراوجۆرەوە لەخۆگرتووە کە ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی دەوڵەمەندی کۆمەڵایەتیی عێراقن. من دەمەوێ بە گەرمی سوپاسی جەنابی بەڕێز قاسم ئەعرەجی بکەم بۆ میوانداریکردنی ئەم یادە گرینگە کە بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ لێبوردەیی و یەکییەتی و پێکەوەژیان.
بێگومان، عێراق بێشکەی شارستانییەکانە کە لەوێدا ئاینەکان و کەلتوورەکان و نەریتەکان بۆ ماوەی چەندین سەدە شانبەشانی یەکتر هەڵیان کردووە. ئەم فرەییەش تەنها هەر ڕەنگدانەوەی ڕابردووی عێراق نییەو بەس بەڵکوو کۆڵەگەی پتەوی ئایندەشیەتی. هێزی ڕاستەقینە لە قبووڵکردنی جیاوازییەکان و پەرەدان بە گفتوگۆ و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکدایە کە تێیدا هەموو کەسێک هەست بە سەلامەتی و ڕێز و بەهاداری بکات. ئەو گرفتانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەرۆکی عێراقیان گرتبوو نەک هەر تاقیکردنەوە بوون بۆ یەکییەتیی نێوان خەڵک بەڵکوو لە هەمان کاتدا توانای هەڵسانەوەی دانیشتووانیشیان نیشان دەدا. عێراقییەکان هەموو جار توانای خۆیانیان بۆ زاڵبوون بەسەر جیاوازییەکان و ڕەتکردنەوەی ڕق و کینە و هەڵبژاردنی شێوازی ئاشتەواییش نیشانداوە.
ئێمە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستە درێژە بە کارکردن بدەین بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەک کە لەسەر بنەمای ڕێز دامەزرا بێت و فرەییش سەرچاوەی هێزی بێت نەک لەسەر بنەمای ئەو شتانەی کە دەبنە مایەی دروستبوونی جیاوازی.
لە ڕاستیدا، بەس نەبوونی جیاوازی مانای هەبوونی لێبووردەیی نییە بەڵکوو لێبووردەیی چەمکێکە بۆ تێگەیشتن و قبووڵکردن و پێکەوەژیان. بۆیە ئەمە داوا لە هەموومان دەکات، بە سەرکردە و دامودەزگا و کۆمەڵگاوە، بۆ رەخساندنی کەشێک کە لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە بنیات نرا بێت هەروەک چۆن مانای دابینکردنی مافیشە بۆ هەموو هاووڵاتیان بێگوێدانە نەتەوە و ئاین لەپێناو مسۆگەرکردنی ئەوەی کە هیچ کەس پەراوێز نەخراوە.
یەکسانی و لێبووردەیی تەنها هەر پەیوەندییان بە رەوشتەوە نییەو بەس بەڵکوو پاڵنەری سەرەکیشن بۆ گەشەپێدانی درێژخایەن. ئەو کۆمەڵگایەی کە باوەش بۆ فرەیی و گشتگیری بکاتەوە ئەوە بێگومان دەتوانێت ئابوورییەکی بەهێزتر و کۆمەڵگایەکی توانادارتر بۆ هەڵسانەوە و بناغهی ئاشتییەکی درێژخایەنتر بنیات بنێت. بە واتایەکی تر، بە بێ لێبووردەیی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی هەرگیز دروست نابێت و هەروەک چۆن بە بێ یەکسانیش گەشەکردنی ڕاستەقینە هەر بە کرچوکاڵی دەمێنێتەوە.
پێشڤەچوونی عێراق لە بەدیهێنانی "ئامانجی گەشەپێدانی درێژخایەن"دا بە توندی پەیوەستە بە توانای رەخساندنی هەلی یەکسان بۆ هەموو دانیشتووان بێگوێدانە پاشخانیان بۆ ئەوەی بتوانن هەم لە خۆشگوزەرانی وڵات بەشدار بن و هەمیش لێی بەهرەمەند بن.
نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندیی نەگۆڕی خۆی بۆ هاوکاریکردنی عێراق دووپات دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی گفتوگۆی گشتگرانە و بەهێزکردنی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و پێشخستنی ئەو سیاسەتانەی کە بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەمووان لەخۆدەگرن. ئێمە هەر لەگەڵ ئێوە دەبین لە دروستکردنی عێراقێکی سەقامگیر و خۆشگوزەران کە تێیدا هەر تاکێک دەرفەتی بەشداریکردنی لە پێشکەوتنی وڵاتدا هەبێت.
زۆر سوپاس