جەنابی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی کۆماری عێراق،
وەزیرە بەڕێزەکان و میوانە خۆشەویستەکان،
بەیانیتان باش،
من زۆر خۆشحاڵم کە ئەمرۆ لەگەڵ ئێوەدام لە شاری دێرینی موسڵ کە دەیەوێت لە ڕێگەی کردنەوەی مزگەوتی گەورەی ئەلنوورەوە بە هەموو جیهان بڵێت کە ویست بۆ ژیان بەسەر کەلتووری مردن و هیوا بەسەر بێهیواییدا هەر سەر دەکەوێت.
لە ڕاستیدا بینینی ئەم شاکارە کە بە درێژایی چەندین سەدە گەواهیدەری لێبووردەیی و گەشانەوەی شارستانیی ئیسلامی بووە مایەی خۆشحاڵییەکی زۆرە کە گەڕایەوە بۆ سەردەمە زێڕینییەکەی خۆی بۆ ئەوەی جارێکی تر ببێتەوە هیوایەک بۆ زانست و ئاشتی.
ئەم دەسکەوتە هەرگیز بەدەست نەدەهات گەر بڕیاری شێلگیرانەی خەڵک و حکومەتی عێراق و پشتگیریی بەخشندانەی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو و هەوڵی بێوچانی رێکخراوی یونیسکۆو لەژێر دروشمی'گیانی موسڵ ببووژێننەوە' نەبووایە کە بۆ هەمووتان ئەوپەڕی سوپاس و پێزانینمان هەیە."
چەند ساڵ لەمەوبەر، ئێمە لێرە وێرانکارییەکانی ئەم شارەمان بینی کە بەهۆی قێزەونترین تاوانی سەدەوە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە ئەنجام درابوو. ئەوان ویستیان شوناسی ئەم شارە پڕ لێبووردەییە بسڕنەوە و شارستانییەکەشی لەناو بەرن بەڵام بێ ئاگا بوون لەوەی کە خەڵکی عێراق بە هەموو پارچەکانییەوە بەیەکەوە دەبنە یەک جەستە بۆ رزگارکردنی ئەم زەوییە پیرۆزە و شارستانییە مرۆییەکەی. لە راستیدا، رۆڵەکانی عێراق بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو قوربانییەکی زۆریان داوە و خەڵکی موسڵیش مکوڕی و خۆتەرخانکردنیان نیشاندا شانبەشانی عێراقییە پاڵەوانەکان توانییان ئەم داستانە هەمیشەلەیادە تۆمار بکەن بۆ یادکردنەوەی شەهیدەکانیان.
ئێمە ئەمڕۆ لە کاتێکدا کە ئاهەنگ بە نۆژەنکردنەوەی ئەم مزگەوتە و کلێسەی ئەلتاهرەی دراوسێی دەگێڕین هەروەها ئاهەنگ بە بووژانەوەی گیانی عێراقیشەوە دەگێڕین. ئەمە رەمزی گەڕانەوەی ژیان و رەتکردنەوەی توندڕەویی و گەڕانەوەی بەهای پێکەوەژیانیشە کە سیمای ئەم وڵاتەن. من بە ئاشکرا دەڵێم کە: موسڵ گەڕایەوە و دەشگەڕێتەوە. من داوای هەڵگرتنی بەربەستەکانیش لەسەر موسڵ و خەڵکەکەی دەکەم.
من دەمەوێت پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە حکومەتی عێراق بکەم لەسەر هەردوو ئاستی نیشتمانی و ناوخۆییدا لە نەینەوا و هەروەها لە هەوڵەکانی جەنابی بەڕێز محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ رۆڵی بەرجەستە و گرینگی لەم رووەوە. ئێمە دەسخۆشی لەو سەرکەوتنە دەکەین کە لە فەراهەمکردنی سەقامگیری و ئارامی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکانی شەڕدا بەدەست هاتووە.
خوشک و برایانی خۆشەویست،
کردنەوەی ئەم شاکارە ئەوەمان وەبیر دەهێنێتەوە کە دەرفەتە متبووەکانی عێراق بەهێزترینن و ئەم دەرفەتانەش دەگۆڕێن بۆ ئەو دەسکەوتانەی کە داوا لە هەر هەموومان دەکات، وەک هاوبەشکارانی جیهانی و برادەرانی عێراقی، بۆ ئەوەی درێژە بە وەستانمان لەگەل عێراق و خەڵکە خۆشەویستەکەیدا بدەین. من دەمەوێت لەم سەکۆیەوە وەک هەمیشە پشتگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات بکەمەوە و هەروەها مانەوەشمان وەک هاوپەیمانێکی بەهێز لەگەڵ خەڵکی عێراق لە هەوڵییان بۆ شکۆ و ئاشتی و خۆشگوزەرانی.
دەبا ئەم رۆژە ببێتە لاپەڕەیەکی تازە بۆ دروستکردنەوەی بەهایەکان و پاراستنی شکۆ لەسەرتاسەری عێراقدا لەم پەڕییەوە بۆ ئەو پەڕی.
زۆر سوپاس