بەغدا، ٢٦ی تەموزی ٢٠٢١:- نەتەوە یەکگرتووەکان دەسخۆشی لە هاوکارییە داراییەکەی ئەڵمانیا دەکات بە گوژمەی یەک ملیۆن یۆرۆ بۆ پڕۆژەی چاودێریکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا.
هاوکارییە داراییەکەی ئەڵمانیا دەبێتە مایەی بەتواناکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دامەزراندنی چاودێرانی هەڵبژاردن لەبەر رۆشنایی بڕیاری ٢٥٧٦ی ( ٢٠٢١) ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
لەمبارەوە بیتەر فیلتن لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا وتی "چاودێریکردنی نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن لەسەر داوای حکومەت و گەلی عێراقە. ئێمە دڵسۆزانە پشتگیری لە هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و حکومەتی عێراق دەکەین بە هاوکاریکردنیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازاد و بێکێشە. چاودێریکردنی نێودەوڵەتی دەبێتە مایەی بەهێزکردنی متمانەداربوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەروەها هاندانی بەشداریی زیاتری خەڵکیش لەم پڕۆسەیەدا. "
ڕێکخراوی یونۆپس لەجیاتی نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنەکەی واژۆ کرد بۆ بەڕێوەبردن و داراییدان و هەڵسوڕاندنی پڕۆژەکە. نەتەوە یەکگرتووەکان لای خۆیەوە سوپاسی ئەڵمانیا دەکات بۆ ئەم هاریکارییە داراییە کە دەبێتە مایەی بەهێزکردنی پشتگیریکردنی پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ڕوون لە عێراقدا.